پیتی  م
بەماسولکەکانت باشتر ئاشنابە
بەماسولکەکانت باشتر ئاشنابە
ئا/ زانا ئەحمد قادر

ماسولکە ئەو ئەندامە گرنگەیە کەبەشێکی زۆر لەجەستەی مرۆڤ پێکدێنێ بە دروستکردنی کاریگەری جیاواز لەزۆر روانگەوە لەتواناو چالاکیەکانی جەستەدا پشکی شێری بەردەکەوێت.
لەجەستەی مرۆڤێکی تەندروستدا ٦٥٦ ماسولکە ھەیە. لەکاتێکدا ئەو رێژە ماسولکەیە نزیکی ٤٠%ی کۆی قەوارەی جەستەی نێرینەیەکی مامناوەند ‌پێکدێنێ، ھەمان رێژە تەنھا نزیکی ٢٣% کۆی قەوارەی جەستەی مێینەیەکی مامناوەندە.
‌دیارە ئەم جیاوازیەش لەنێوان ئەو دوو رەگەزەدا کاریگەری گەورەی لەسەر رادەی ھێزو توانای بەگەڕخستنی ماسولکەکان ھەیە.
‌پسپۆڕەکانی ئەو بوارە پێیانوایە توانای ماسولکەی نێرینەیەکی مامناوەند بەڕێژەی ٣٥% ‌لەتوانای مێینەیەکی مامناوەند زیاترە.
بەدەر لەبونی ئەو ٦٥٦ ماسولکەیە لەجەستەی مرۆڤدا، ھەموو ئەندامەکانی دیکە تەنانەت دەمارو بۆری خوێنیش تاڕادەیەکی زۆر لەماسولکە پێکدێن. 
‌دیارە بەگەڕخستی ماسولکە لەلایەن مێشکەوە لەبەشی CORTEXدا بەڕێوەدەچێت. سەرەتا لەو بەشەی مێشکەوە فەرمانێک لەڕێی دڕکەپەتکەوەو پاشان ئەو دەمارانەی لەنێوان بڕبڕەکانی پشتەوە وەک لقی درەختێک لەدڕکەپەتک جیادەبنەوە، دەگوێزرێتەوە بۆ ئەو بەشەی جەستە کەبڕیارە بەمەبەستی جوڵەو دروستکردنی ھێز بخرێتەگەڕ.
‌بێگومان بونی ھەماھەنگیەکی زۆرباش لەنێوان مێشک و دڕکەپەتک و دەمارو ماسولکەدا زامنی بەگەڕخستنی ماسولکەیە بەئاست و شێوازی خوازراو. بەداخەوە بونی ئەو ھەماھەنگیە (KOORDINATION) ھێندە ساناو بێمەرج نیە، بەڵکو لەژێر کاریگەری زۆر فاکتەری دەرەکی و ناوەکیدایە. 
‌نەشتەرگەری، فاکتەری تەمەن، کێش، دەرونی، دەوروبەرو ژینگە، پێکدادان و برینداربون، ھەوکردن، کەمی جوڵەو نەکردنی وەرزش، تێکچونی سوڕی خوێن و خۆراکی ماسولکە، جەڵتەی مێشک و چەندەھا جۆری دیکە لەنەخۆشیەکانی مێشک و دەمار، لەو فاکتەرە سەرەکیانەن کەھەماھەنگی و ڕەوشی پێکەوە کارکردنی نێوان ماسولکەو دەمار تێکدەدەن.
‌دروستکردنەوەی ئەو ھاوسەنگی و ھەماھەنگیە پێویستی بەچارەسەری فیزیایی و وەرزشی تایبەت و درێژخایەن ھەیە.
پشتئەستور بەو ھەماھەنگیە ماسولکە تەنھا سیستەمی چالاکە بۆ بەگەڕخستن و جوڵاندنی جەستە بەگشتی.
‌دیارە بەگەڕخستن و جوڵاندنی ئێسک و جومگەکان و تەواوی جەستەی مرۆڤ تەنھا ئەرک نیە کە ماسولکە لێی بەرپرسیارە، بەڵکو چەندەھا بەرپرسیارێتی دیکەی لەسەرشانە کەگرنگترینیان ئەمانەن:
پێکەوە راگرتنی ئێسک و بڕبڕەو بەشەکانی دیکەی جەستە، پێدانی گەرمی بەجەستە، بەشداربون لەبەرزڕاگرتنی بەرگری سروشتی جەستە، چالاککردنی سوڕی خوێن و ھاوکاریکردنی دڵ لەو روانگەیەوە، دەستەبەرکرنی توانای دانیشتن و وەستان و ڕۆیشتن، پارێزگاری ھەموو جەستە بەگشتی و جومگەو بەستەرو ئێسقان،، بەتایبەتی لەکاتی کەوتن و پێکداداندا، ماسولکە توانای جوڵەمان پێدەبەخشێ و جوڵەش بەشێوەیەکی گشتی تاڕادەیەکی باش ئازارشکێنەو ھەروەھا دەبێتەھۆی رژاندنی ھۆرمۆنەکانی ئارام بەخش و بەختەوەری
SEROTONIN و ENDORPHIN بەڕەچاوکردنی ئەو ئەرکانەی سەرەوەو چەندەھا ئەرکی دی ماسولکەو رۆڵی گەورەی لەچالاکیەکانی ژیانی رۆژانەماندا، لەجێی خۆیدایە کە بەدرێژایی تەمەن رۆژانە ماسولکەکانمان لەڕێی حەوانەوەی پێویست و جوڵەو بەھێزکردنەوە بەئامێری وەرزشی تایبەت لەگرژی و لاوازبون و پوکانەوەو برینداربون بپارێزین.
پێویستە رەچاوی ئەو راستیەش بکەین کە لەھەلومەرجێکی ئاسایدا ھەر لەتەمەنی ٣٠ ساڵیەوە پرۆسەی ‌پیربون و لاوازی و پوکانەوەی ماسولکە دەستپێدەکات کە بەگشتی زۆرجار دروستبونی ئازارو گرژی و لەدەستدانی توندوتۆڵی جومگەکانی لێدەکەوێتەوە، گەر وەرزش و جوڵە نەکەین بەھاوڕێی رۆژانە.
‌لەڕاستیدا ئازارو گرژبونی ماسولکە ئاماژەیە بۆ لاوازی، ماندوکردنی جەستە، بەگیروەستانی جومگەو بڕبڕەکان، ھەندێکجار کەمی مادەی مەگنیسیۆم، کێشەی ھەناوی و پەستانی دەرونی و سترێسی زۆرو...ھتد
‌ماسولکەی بەھێزو بەژنێکی رێک و کێشی ئاسایی پێویستە خواست و ئامانجی ھەموان بێت، کە لەڕواڵەتی دەرەکیەوە مرۆڤێکی ھاوسەنگ و تەندروست و بەھێز نیشاندەدات، بێگومان ئەمەش کاریگەری کۆمەڵاتی پۆزەتیڤی دەبێت. بەپێچەوانەشەوە مرۆڤی لاوازو ناڕێک و خاوەن ماسولکەی پوکاوەو کێشی زۆر ھەمیشە نمونەی کەسێکی نەخۆش و جەستەی بەئازارو ناڕازی لەڕوی دەرونیەوە نیشانئەدات. 
4710 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/07/2015
زیاتر...
1