
جەڵتەی دڵ
زانا ئەحمد قادر
جەڵتەی دڵ دەبێتەھۆی لەناوچونی بەشێک لەخانەکانی ماسولکەی دڵ کە لەگیرانی یەکێک یان چەند دانەیەک لەو بۆریە خوێنانەی کەخوێنی پڕ خۆراکو ئۆکسجین بەدڵ ئەگەیەنن.
جەڵتەی دڵ نەخۆشیەکی مەترسیدارە پێویستە زۆر بەخێرایی مامەڵە لەگەڵ ئاماژەو نیشانەکانیدا بکرێو کەسی نەخۆش بەزوترین کات بگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
دوای رودانی جەڵتەیەک ئەگەر لەماوەی ٢-٤ خولەکی سەرەتادا دیسان پێدانی خوێن لەڕێی ئەو بۆری خوێنانەوە کەگیراون زامن نەکرێت، لەناوچونی ھەندێک لەو ماسولکانەی دڵی لێدەکەوێتە.
لەنیشانە سەرەتاییەکانی:
١. ئازاری لەناکاوی بەھێز کە لە ٢٠ خولەک زیاتر دەخایەنێت لەناوەڕاستی سنگو پشتدا، لەوێوە بەرەو شانو قۆڵ بەتایبەتی لای چەپ، زۆرجار سڕبونی شانو قۆڵی چەپ.
٢. ئارەقکردنەوەو دڵ تێکەڵھاتنو رشانەوە .
٣. ھەستکردن بەبونی پەستانی زۆر لەناوەڕاستی سنگدا.
٤. ھەناسە توندی و ھەستکردن بەترس لەمردن.
٥. توشبوان بەکەمترین جوڵە بەتایبەتی لەکاتی سەرکەوتن بەپلیکانەدا زۆر ماندودەبنو ھەناسەیان تونددەبێت.
کەسی گومانلێکراوی توشبوو بەجەڵتەی دڵ پێویستە بگەیەنرێتە نەخۆشخانەو لەوێ EKG (تختیت)ی دڵو لەڕێی پشکنینی خوێنەوە شیکاری بۆ چەند ئەنزیمێکی تایبەتی وەک GOT ،Troponine، GPBB، CK-MB بکرێت کەپاش چەند کاتژمێرێک لەڕودانی جەڵتەی دڵ رێژەی سەدییان لەخوێندا بەرزدەبێتەوە.
لەڕێی ئەو دوو جۆرە لەپشکنینەوە دەتوانین لەڕودانی جەڵتە تەواو دڵنیابین.
ھەندێکجار کەسانێک ھەمان نیشانەیان تێدا بەدیدەکرێو پشکنینەکان رودانی جەڵتەی دڵ ناسەلمێنن، چونکە لەچەند ھۆکارێکی دیکەوە سەرچاوە دەگرن کەپەیوەندیان بەم چەند خاڵەوە ھەیە:
١. گرژبونو ھەڵکشانی گەدە بەرەو دڵو دروستکردنی پەستان لەسەر دڵ، توشبوان ھەست بەخورپەو تێکچونی ریتمی لێدانی دڵ دەکەن.
٢.دروستبونی گرژی زۆر لەماسولکەی ناوپەنچکدا Diaphragma
٣. بەگیروەستانی ھەندێک لەبڕبڕەکانی سنگ، بەتایبەتی بڕبڕەی چوارەم کەھەندێکجار گومانی رودانی جەڵتەی دڵ تەنانەت لای پزیشکیش دروستدەکات.
٤. ئەشێ یەکێک یان ھەموو ئەو دیاردانە پێشتر بەھۆی ماندوبونی زۆرو دڵەڕاوکێو نائارامی و کێشەی دەرونیەوە لەکەسێکدا بواری بەرجەستەبونیان بۆ رەخسابێو گەر لەکاتی خۆیدا بەدواداچونو چارەسەری بۆبکرێت ھیچ کێشەیەکی درێژخایەن بەجێناھێڵن. توشبوان بەوجۆرە دیاردانە پێویستە لەڕێی چارەسەری فیزیایی و دەرونیەوە دیسانەوە بەگەڕبخرێنەوە.
سەرەتا پشودانو ئارامبونەوە، دواتر وەرزشو خۆڕاھێنان بەمامەڵەو کاردانەوەی ژیرانەتر لەگەڵ ھەر جۆرێک لەسەرچاوەی دڵەڕاوکێدا لەو جۆرە رێنماییانەن پێویستە لەلایەن توشبوانەوە پەیڕەو بکرێن.
ھۆکارەکانی توشبون بەجەڵتەی دڵ:
جگەرەکێشان، پەستانی خوێنی بەرز، بەرزبونەوەی رێژەی چەوری لەخوێندا، نەخۆشی شەکرە، کێش زۆری، کەمی جوڵە، دڵەڕاوکێو نائارامی دەرونی، فاکتەری تەمەن (پیاوان لەسەروو تەمەنی ٤٥، خانمان لەسەروو تەمەنی ٥٥ ساڵیەوە)، بونی کێشەو لاوازی لەدڵدا، بەبەردەوامی کەمبونەوەی مەگنیسێۆم لەجەستەدا، گیرانی بۆری خوێن بەتایبەتی لەقاچداو دواتر خەستبونەوەو تۆپەڵبونی خوێن لەو شوێنەداو پاشان ھەڵکشانی تۆپەڵێک لەخوێنی مەیو بۆ ناو دڵو رودانی جەڵتەی دڵ.
چارەسەرو خۆپاراستن:
چارەسەری سەرەتایی جەڵتەی دڵ لەنەخۆشخانە دەکرێت، پاشان پێدانی ھەندێک دەرمان بۆ رێگرتن لەدوبارە خەستبونەوەی خوێنو ھەروەھا چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیە لاوەکیانەی زەمینەی توشبون بەجەڵتەیان رەخساندوە.
لەپاڵ ئەو جۆرە لەچارەسەردا، کەمکردەنەوەی کاریگەری ھەموو ئەو فاکتەرە پێشتر ئاماژە بۆکراوانەی سەرەوەو پیادەکردنی وەرزشو ژیانێکی تەندروست لەژینگەیەکی خاوێنو ئارامدا زۆر پێویستە.