ئازاری پشت و ھۆکارەکانی

ئازاری پشت و ھۆکارەکانی
ئازارەکانی پشت کەبەنزیکی (٥٠٠) جۆر مەزەندە دەکرێن لەڕوی چۆنایەتیەوە زۆر ھەمەلایەنو ئاڵۆزن، دەکرێت لەچەندەھا تێڕوانینی فیزیکو ئۆرگانی و دەرونیەوە بەچەندەھا شێواز پۆلێن بکرێن بەگشتی رادەو تایبەتمەندی ئازارەکان ھەرچۆنێک بن شایەنی بەھەندوەرگرتنو بەدواداچونن، بەو پێیەی ئازار میکانیزمێکی فیزیایی بەسودەو لەبونی کێشە لەشوێنێک یان چەند شوێنێکی جەستەدا ئاگادارمان دەکاتەوە، بۆیە کپکردنی ھەر لەسەرەتاوە بەدەرمانی ئازارشکێن ئەشێ کێشەی گەورەتری لێبکەوێتەوەو لەقۆناغی سەرەتایی (akut) واتا ١٢ ھەفتەی سەرەتاو بەرەو قۆناغی زگماکبونی ھەمیشەیی (choonic) مان بەرێت. شایەنی باسە ٩٠%ی ئازارەکان لەسەرەتادا ئاماژەی مەترسیدار لەخۆناگرنو زیاتر لەتێکچونی ھاوسەنگی نێوان توانای جەستەیی ھەنوکەیی بەرامبەر بەپەستانو قورسایی و شێوازی کاری رۆژانەوە سەرچاوە دەگرن.
بەواتایەکی تر لاوازی ماسولکەو بەستەرەکان لەدەستدانی توندوتۆڵی بڕبڕەی پشتو گرژبونی ماسولکەو دروستبونی پەستان لەسەر دەمارو تێکچونی سوڕی خوێنی لۆکاڵی و بەگیر وەستانی جومگەکانی بڕبڕەی پشتو پاشان وەک دەرئەنجامێک ئازاری لێدەکەوێتەوە.

بڕبڕەی پشت کە لە ٢٤ بڕبڕە و ٢٣ دیسکی ( Diskus) نێوانیان پێکھاتوە بەچەندەھا بەستەرو ریشاڵو ماسولکە پێکەوەبەستراوەو لەڕێی چەندەھا جومگەی بڕبڕەکانەوە بەئاڕاستەو مەودای جوڵەی جیاواز توانای جوڵەی بۆ دابینکراوە. لەو روانگەیەوە ھاوسەنگی و توندوتۆڵی بڕبڕەکان پێکەوە توانای جوڵەی پشت بەگشتی زۆر گرنگە، لەدەستدانی ھەریەکێک لەو میکانیزمانە قەیرانی بەئازاری لێدەکەوێتەوەو فەرامۆشکردنی ھەندێکجار تەنانەت (انزلاق/ Diskus peolapse) واتە دەرچونو داخزانی دیسکی نێوان بڕبڕەکانی لێدەکەوێتەوە، کەنیشانەکانی وەک ئازارو سڕبونی قاچ یان قۆڵ بەپێی ئەو بەشەی داخزان تێیدا رویداوە، لاوازی، کوڕبونو خواربونی پشت، ئازاری زۆر لەکاتی چەماندنەوەو دانیشتنو وەستانی زۆردا، گەر پەستانی ئەو دیسکە داخزاوە لەسەر دەمارەکە زۆر بەھێز بێت یان پەستان لەسەر دڕکەپەتک دروستبکات تەنانەت لەدەستدانی توانای راگرتنو ھەستکردن بەمیزو پاشەڕۆ (شل)ی ماسولکەی بەدوادادێت. لەپاڵ لاوازی ماسولکەو ناڕێکی بڕبڕەی پشتو ناڕێکی حەوزو (pelvis) کێش زۆری و کەمی جوڵە، دانیشتنو بەپێوەوەستانی زۆر، فاکتەری تەمەنو ھەڵگرتنی قورسایی لەتوانای ماسولکەکان زیاتر، ھەندێک لەو فاکتەرە فیزیاییانەن کەئەگەری توشبون بەداخزانی دیسکو ئازاری پشت زیاددەکەن.
لەبەرامبەر ئەوەشدا جوڵەو وەرزشی ھەمیشەیی سوڕی خوێنو پێدانی خۆراکو توانای ماسولکەکان باشتردەکەنو پاڵکەوتنیش باشترین زەمینەیە بۆ کۆکردنەوەی ئاو لەدیسکەکاندا کە لەھەمان کاتدا تەنھا رێگەچارەیە بۆ پێدانی خۆراکی پێویست بەدیسکەکاندا لەھەمان کاتدا تەنھا رێگاچارە بۆ پێدانی خۆراک پێویستی بەدیسکەکانو راگرتنی قەبارەو بەرزی و توندوتۆڵیان، بەم شێوەیە پاڵکەوتنو حەوانەوەی پێویست لەتوشبون بەئازارو داخزانی دیسکەکان دەمانپارێزێت. دیارە دەستنیشانکردنی جۆرو سەرچاوەی ئازارەکان (Diagnostik) پێویستە بنەمایەک بێت بۆ چارەسەری دواترو پێویستە رەچاوی باری دەرونی و کۆمەڵایەتی و پیشەیی و تەمەنی نەخۆش بکات. ھەروەھا پێویستە رەچاوی ئەوەش بکرێت کەھەندێکجار ئازارەکانی پشت تەنھا ئاماژەن بۆ چەندەھا جۆر کێشەی دەرونی و ھەناوی و ھەوکردنو نەخۆشیەکانی وەک شێرپەنجەو تای ماڵتاو ...ھتد.
|
زیاتر...