
ئالوودەبوون (گیرۆدەبوون) – الادمان:
دەروونناس: سامان سیوەیلی
کاتێک وشەی مادە ھۆشبەرەکان دەبیستین بێ یەک و دوو حاڵەتی ئالوودەبوون بە یادماندا گوزەر دەکات، ئەو دەرئەنجامە ترسناکەی.. ئەو دۆزەخە پڕ نەھامەتیەی کە مرۆڤ ڕاپێچی دەیان نەخۆشی جەستەیی و دەروونی و ژیری و لادان و تاوان دەکات.. بێبەرھەم و مشەخۆر و بێفەڕی دەکات بۆ خودی خۆی و دەوروبەرو نیشتمانەکەی، سات لەدوای سات لە لێوارەکانی مەرگ نزیکی دەکاتەوە. بەشێکی زۆر لە دەستدرێژیەکان بە تایبەتی دەستدرێژیە سێکسیەکان و کاری بەدڕەوشتی و جۆرەھا لادان و تاوانی تر بەشێوەیەک لە شێوەکان وابەستەی ئالوودەبوونن.
دەشێت مرۆڤ لە ژیاندا لەسەر جۆرەھا شت گیرۆدە و ئالوودە ببێت، ئەوەی دەیبینین لە ژیانی ڕۆژانەماندا کەسانێکی زۆر گیرۆدەن لەسەر قومارکردن، یارییە ئەلکترۆنیەکان.. ئینتەرنێت (چات).. تەلەفیزیۆن.. خواردن.. ھەندێک ڕەفتاری سێکسیی…و تد، کە دەکرێت ئەمانەش وەک ڕەفتاری ئالوودەبوون لێیان بڕوانرێت. ئەوەی تەوەری ئەم بابەتەی ئێمەیە لێرەدا ئالوودەبوونە لەسەر ئەو مادەو دەرمانانەی کە لەڕووی فسیۆلۆژی یان دەروونی یان ھەردووکیان تاک تووشی چەندین گرفت و پەشێوی و تێکچوون دەکەن لە ھەموو بوارەکانی ژیانیدا، بەواتایەکی تر وا لەتاکەکە دەکات تووشی زیانێکی زۆر ببێت و زیانیشی بۆ دەوروبەر و کۆمەڵگەش ببێت. ھەموو ئەو مادانەی کە دەبنە ھۆی ئالوودەبوون لەحاڵەتی خراپ بەکارھێنانیاندا گۆڕانی قوڵ دروست دەکەن لە لایەنی دەروونی و ژیری و جەستەیی و کۆمەڵایەتیدا. ئەم مادانەش تەنھا ئەوانە ناگرێتەوە کە لەڕووی یاساییەوە قەدەغە کراون وەک حەشیش و کۆکایین و ھیرۆیین و ئەوانیتر، بەڵکو چەندین مادەی تری وەک نیکۆتین و مەی و داوودەرمانە پزیشکیەکانیش ھەن کە لەڕووی یاساییەوە قەدەغە نەکراون و لەکاتی خراپ بەکارھێناندا دەبنە ھۆی گیرۆدە بوون، لەھەمان کاتیشدا ھەمان کاریگەری خراپ و ترسناکی ئەو مادانەیان ھەیە کە لەڕووی یاساییەوە قەدەغە کراون، ئەگەرچی بەداخەوە بەشێوەیەکی گشتی خەڵکی بەبایەخەوە لە مەترسی ئەم مادانە ناڕوانن و بە ھەڕەشەی گەورەی نابینن لەسەر خۆیان. ھەربۆیە ھەر مادەیەک تێکەڵ بە زیندە پرۆسە سروشتیەکانی جەستە ببێت و گۆڕان لە باری ھەستونەست و مەزاژ و ئیدراکدا بکات ئەوا بە مادەی ھۆکار بۆ ئالوودەبوون دادەنرێت.
زانایان و پسپۆران و ڕێکخراوە پزیشکی و تەندروستیەکان و لەسەروو ھەموویانەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی لەمەڕ دانانی پێناسەیەکی گونجاو بۆ دیاردەی گیرۆدە بوون گەلێک تاووتوێیان کردووە، بیروڕای جیاواز سەبارەت بە چوارچێوە و نیشانەکانی ئالوودەبوون ھاتوونەتە گۆڕێ، تەنانەت بۆ خودی زاراوەکەش چەندین جار گۆڕانی بەسەردا ھاتووە. لەو زاراوانەی بۆ ئەم دیاردەیە بەکارھێنراوە: ئالوودەبوون، ڕاھاتن، پشت پێبەستن، خراپ بەکارھێنانی دەرمانەکان، خراپ بەکارھێنانی مادەکان، گرفتی دەرمان بەکارھێن ،…. ھتد.
بۆ ئەوەی بوارمان بۆ بڕەخسێت کە ئەم دیاردەیە بە خوێنەران بناسێنین، ئەوا خۆمان لە پێناسە جۆراوجۆرەکان بەدوور دەگرین و ھەوڵ ئەدەین دیاردەی ئالوودەبوون لەشێوە گشتیەکەیدا بخەینە ڕوو کە دەرئەنجامی زۆربەی پێناسەکانە.
ئالوودەبوون بارێکی دەروونی یان جەستەیی یان ھەردووکیانە لەئەنجامی وابەستەبوونێکی سەپێنراوانەی کەسێک بەدەرمانێک یان مادەیەکەوە پەیدا دەبێت، تیایدا داواکاری و پێویستی بۆ پەنابردن بۆ ئەم مادانە ھەمیشە نوێ دەبێتەوە لە پێناوی دەستبەربوونی بارێکی مەزاژی یان بۆ خۆ دوورخستنەوە لە ھەست کردن بە بێزاری و نائارامی.
مەبەست لە بارە جەستەییەکە، پشت پێبەستنی فسیۆلۆژیانەیە بە مادەکە، واتە ھەرکاتێک بڕی ئەو مادەیە لە جەستەدا کەمی کرد یاخود بۆ ماوەیەکی کاتی یان بەیەکجاری دەستی لێھەڵگیرا ئەوا کەسە گیرۆدەبووەکە دووچاری چەندین پەشێوی و تێکچوونی جەستەییانە دەبێت، ئەم حاڵەتەش بە کشانەوە ناسراوە لەبواری ئالوودەبووندا، لە نیشانەکانی کشانەوە: بێخەوی، لاواز بوونی تەواو، ئازاری جەستەیی، سەرئێشە، زیادبوونی دڵەڕاوکێ، زیادبوونی ھەستکردن بە خەمۆکێ، سکچوون، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، زیادبوونی دەردراوی لوت، زیاد دەردانی فرمێسکی چاوان، زیادبوونی لەرزینی چوارپەل و مێروولە کردنیان، گێژ بوون، ئارەق کردنەوەی زۆر.
ماوەی ئەم نیشانانە بەندە لەسەر: کەسێتی تاکە گیرۆدە بووەکە، جۆری مادەی بەکارھاتوو، ماوەی ئالوودەبوونەکە، بڕی بەکارھێنراو لە مادەکە. ھەربۆیە لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم نیشانانە لە باری کشانەوەدا زۆر جار کەسی گیرۆدەبوو ترس دایدەگرێت و بەپەلە دەگەڕێتەوە سەر دۆخی جارانی خۆی. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا جۆرێک لە گونجاندنی خانەیی لە جەستەی کەسی گیرۆدەبوودا دەخوڵقێت کە تیایدا پێویستی بەکارھێنانی بڕی زیاتر لەو مادەیە پێویست دەبێت بۆئەوەی ھەمان کاریگەری پێشووی ھەبێت لەسەر جەستە کە بەبڕێکی کەمتر لەو مادەیە ھەیبووە لە پێشتردا. بۆ نموونە کەسێک ئەگەر بۆ خوڵقاندنی بارێکی مەزاژی دیاریکراو یەک گرام لە مادەیەکی پێویست بووبێت ئەوا لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ھەمان کەس پێویستی بە دوو یان سێ گرام دەبێت لەھەمان مادە بۆ خوڵقاندنی ھەمان باری مەزاژی کە پێشتر بە یەک گرام بۆی خوڵقاوە. ھەروەھا نموونەی جگەرەکێشێک کە لەسەرەتادا چەند جگەرەیەک بەس بووبێت بۆی لەڕۆژێکدا، بەڵام لە ئەنجامی زۆر کێشان و تێکەڵ بوونی نیکۆتین بە خوێن و زیندە پرۆسەکانی جەستە، پێویستی کێشانی ژمارەیەکی زیاتر لەجگەرە سەرھەڵدەدات کە ڕەنگە دوو تا سێ پاکەت جگەرە ئینجا بتوانێت ھەمان کاریگەری ئەو چەند جگەرەیەی ھەبێت بۆ کەسەکە کە پێشتر لەسەری ڕاھاتووە بیکێشێت، ئەم دیاردەیەش بە بەرگەگرتن ناسراوە لە بواری ئەو مادانەی ئالوودەبوون دروست ئەکەن.
مەبەست لە بارە دەروونیەکەش، پشت پێبەستنی دەروونیانەیە بە مادەکە، کە بریتییە لە ئارەزوویەکی بەتین بۆ بەکاربردنی مادەیەک بەجۆرێک کە کەسەکە ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەم ئارەزووەیدا، ھەر کاتێکیش کەسەکە بۆ ماوەیەکی کاتی یان بەیەکجاری دەستی لە مادەکە ھەڵگرت ئەوا تووشی ھەستێکی پڕ بێزاری و نائارامی و دڵتەنگی دەبێت. شایانی ئاماژە بۆ کردنە کە ھەندێک مادە ھەن تەنھا لەڕووی دەروونیەوە ئالوودەبوون دروست ئەکەن وەک حەشیش و قات و مادە وڕێنە بەخشەکان ( LSD ) .
بۆ ئەوەی بزانین کەسێک گەیشتۆتە قۆناغی ئالوودەبوون چەند نیشاندەرێک ھەیە کە ئەوە دەسەلمێنن لەوانە: کەوتنە ژێر کاریگەری مادەکە بە درێژایی ڕۆژ، بێتوانایی لە کەمکردنەوە یان لە دەست لێھەڵگرتنی تەواو لە مادەکە، سەرنەکەوتن لە ھەوڵدانە فرەبارکراوەکاندا بۆ دەستلێھەڵگرتنێکی کاتی یاخود بۆ ڕاگرتنی بڕی مادەی بەکارھێنراو لە ئاستێکدا، بەردەوامی لە بەکارھێنانی مادەکە وێڕای زانیاری کەسەکە بەو ڕاستیەی کە ئەم بەردەوامیە دەبێتە ھۆی چەندین گیروگرفتی ترسناک لە تەندروستییدا، کەسەکە ناتوانێت بە ئەرکەکانی خۆی ھەستێت بەبێ پەنا بردنێکی ناچاریانە بۆ مادەکە، دەرکەوتنی باری بەرگەگرتن، دەرکەوتنی نیشانەکانی کشانەوە، ناوبەناو سەرھەڵدانی ھەندێک نیشانەی وەک لەبیرچوونەوەی کاتی یان تێپەڕاندنی ئەو بڕە مادەیەی کەسەکە لەسەری ڕاھاتووە ئەمانەش لەئەنجامی توشبوون بە ژەھراوی بوون لە مادەکەوە پەیدا دەبێت. ئەو نیشاندەرانەی ئاماژەیان پێدرا دەبێت لانیکەم مانگێک دیاری بدات، ئەگەرچی ھەندێک مادەی وەک ئەفیون و لێوەرگیراوەکانی بۆی ھەیە لەماوەی تەنھا دوو ھەفتە لە بەکارھێنانی بەبەردەوامی حاڵەتی ئالوودەبوون دروستبکات. وێڕای ئەمانەش لە بواری کارو فەرمان و چوارچێوە کۆمەڵایەتیەکانیشدا بوونی چەندین نیشانەی ڕەفتاری دەبنە نیشاندەر بۆ ئالوودەبوون کە ئەمانەن: کەمبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی و ھاوڕێکانی، نەتوانینی ئەنجامدانی ئەرکە گرنگەکانی، ڕەفتاری ھەرەمەکیانەو نابەرپرسیارانە، دەربڕینی ئارەزووە سێکسی یان شەڕەنگێزیەکانی بەشێوەیەکی ناشایستە، ڕەفتاری تاوانکاری یان دژ بەکۆمەڵ وەک دەستدرێژی و شەڕکردن و لێخوڕینی ئۆتۆمبیل لەژێر کاریگەری مادەکەدا یاخود دزی کردن لەپێناوی دابینکردنی مادەکەدا، زیاد بوونی ئامادە نەبوون لە قوتابخانە یان زانکۆ و یان شوێنی کار یان فەرمانگە، سست بوون لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی لە خوێندن و کارو پیشەدا.
تێکڕا ئەم نیشاندەرو نیشانانە بۆ قۆناغە سەرەتاکانی چوونە ناو جیھانە بەد و پڕ مەترسیەکەی ئالوودەبوون بە مادە ھۆشبەرەکان دەنا ئەم مادانە کاریگەری و زیانی گەلێک زۆر و ترسناکیان ھەیە کە لەجێی خۆیدا ئاماژەیان پێ دەدەین.
لەڕاستیدا ئالوودەبوون ھاوواتای بەندایەتیە واتە کەسی گیرۆدەبوو دەبێتە بەندەی ئەو مادەیەی گیرۆدەی بووە.
ئەو مادانەی کەدەبنە ھۆی ئالوودەبوون گەلێک زۆرن کە لەوانەیە چەند جۆرێکی زۆر کەم لەڕێگای بیستن یان خوێندنەوە یان بەکارھێنانەوە بە ئێمە ئاشنا بێت، ھەندێک لەم مادانە لەچوارچێوەی چارەسەری پزیشکیدا بەکاردەھێنرێت بەڵام دەرچوون لە ڕێنماییەکانی پزیشک یاخود بەکارھێنانیان بەبێ سەردانی پزیشک و بۆ مەبەستی تایبەتی نەک بۆ چارەسەرکردن (تەنھا لەڕێگای بیستن و کارتێکردن لەلایەن کەسانی ترەوە) دەبێتە مایەی ئالوودەبوون.
ھەندێک مادەی تریش ھەیە کە بەھۆی ئەوەی لەڕووی یاساییەوە قەدەغە کراون و لەسەر ئاستی جیھانی زیاتر ناسراوترن وەک کۆمەڵەی ئەفیونەکان، ھەندێک جۆری تر ھەیە لەم مادانە کە بەکارھێنانی بەشێوەیەکی گەلێک زۆر بڵاوە لەسەر ئاستی ھەموو کۆمەڵگەکان لەھەمان کاتیشدا لەڕووی یاساییەوە قەدەغەکراو نین وەک نیکۆتین و ئەلکھول و کافیین. ئەگەرچی جیاوازی لە کاریگەری ھەریەک لەم مادانە لەڕووی جەستەیی و دەروونی و ژیری و درەنگ و زوویی توشبوون بە حاڵەتی ئالوودەبوون ھەیە، بەڵام دواجار بەھۆی بەکارھێنانیانەوە مرۆڤەکان ڕەوانەی یەک دۆزەخی ھاوبەش دەکەن کەئەویش بەندایەتیە بۆ مادە بەکارھێنراوەکە .
بەرلەوەی جۆرەکانی مادە ھۆشبەرەکان بخەینە ڕوو، تیشکێک دەخەینە سەر ھەر سێ مادەی (نیکۆتین و ئەلکھول و کافیین )، کە ھەرسێکیان لە لیستی مادە وزە بەخشەکانە و دەبنە ھۆی ئالوودەبوون.
-
نیکۆتین:
ڕوەکی توتن دیرۆکێکی کۆنی ھەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە، لە کۆمەڵگە جیاجیاکاندا بەچەندین شێوە بەکارھێنراوە کە کێشانی لەڕێگەی جگەرەوە سەرەکیترینیانە، ھەروەھا لەبواری چارەسەری پزیشکی و بۆنە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان و بۆ چێژ لێوەرگرتن بەکارھێنراوە. سەرەکیترین مادەی توتن نیکۆتینە، ناونانی ئەم مادەیەش بەم ناوەوە دەگەڕێتەوە بۆ (نیکۆت) کە باڵوێزی فەرەنسا بووە لە پورتوگال لەسەدەی شانزەھەمدا، لەو دەمەدا توتن دێتە ناو ھەردوو وڵاتی پورتوگال و ئیسپانیاوە، (نیکۆت) ی باڵوێز باسی لە چاکی و کەڵکەکانی توتن کردووە و زۆر بەشانوباڵی ئەم ڕوەکەدا ھەڵیداوە، ئیدی لەودەمەوە ئەم ناوە بەسەر ئەم مادەیەدا دابڕا.
دوکەڵی جگەرە تێکەڵێکی ئاڵۆزە لە چەندین مادەی کیمیایی کە ژمارەیان سەدان ئاوێتەی کیمیایی دەبێت، مادەی وەھای تێدایە کە ڕەقە وەک نیکۆتین، گازیشی تێدایە وەک یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن. تەنھا لە یەک جگەرەدا نزیکەی ( ٢-١ ) ملیگرام نیکۆتین ھەیە، نیکۆتین مادەیەکە کاریگەری بەھێز و ژەھراوی ھەیە. ئەم کاریگەریەش بەندە لەسەر چۆنێتی و چەندێتی جگەرە کێشان و ئەو جێگایەی لێی دەکێشرێت و باری تەندروستی کەسەکە بە گشتی و باری تەندروستی کۆئەندامی ھەناسەدانی.
وێڕای نیکۆتین، دوکەڵی جگەرە چەند مادەیەکی زیان بەخشی تریش لەخۆ دەگرێت وەک قەتران و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن کە ھەریەکەیان کاریگەری زیان بەخشی خۆی ھەیە لەسەر جەستە. کاریگەریە خراپەکانی نیکۆتین (جگەرە کێشان):
-
١- کاریگەرییەکانی ئالوودەبوون بە نیکۆتین:
بەھۆی کەموزیاد بوونی ڕێژەی نیکۆتین لە خوێندا لە جگەرەیەکەوە بۆ جگەرەیەکی تر یان لە کاتێکەوە بۆ کاتێکیتر، خانەکانی مێشک کاریان تێدەکرێت بەمەش کەسی جگەرە کێش نائارام و پەشێو دەبێت، توانای خاوبوونەوەی نابێت، بەسەختی دەتوانێت تەرکیز بکات، ئەمانەش دەبنە ھۆی ژانە سەر و زوو ھەڵچوون و تووڕەبوون، ئەم بارەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە ھۆی خوڵقاندنی گیروگرفت لەگەڵ کەسانی تر لە کارکردندا بێت یاخود لە چوارچێوەی خێزاندا، ھەروەھا بەھۆی کاریگەری نیکۆتینەوە باری خەوتنی کەسی جگەرەکێش ھەمیشە ناڕێک و بەکێشە دەبێت وەک خەو زڕان و ناوبەناو بەئاگا ھاتنەوە لەخەودا کە تیایدا کەسی ئالوودەبوو بە نیکۆتین کاتێک لەخەو بەئاگا دێتەوە یەکسەر جگەرە دەکێشێت ئەوجا دەخەوێتەوە، ھەندێک جار بەھۆی تێکچوونی کۆئەندامی ھەناسەدان و زۆر کۆکینەوە کەسەکە ناوبەناو بەئاگا دێتەوە، ئەم تێکچوونەی باری خەویش دەبێتە ھۆی زیاد بوونی پەشێوی و دڵەڕاوکێ و ھەڵچوون و داچوون لە ڕەفتاردا و لاواز بوونی تەرکیز. ھەروەھا بەھۆی کاریگەربوونی کەسی جگەرە کێش بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ھەرکاتێک کەسی جگەرەکێش تووشی ژەھراوی بوونی ھێواش ببێت بەھۆیەوە ئەوا کەسەکە تووشی خەمۆکێ و لاواز بوونی یاد و لەبیرچوونەوە و … تد دەبێت. ئەمانە وێڕای چەندین مادەی ئۆرگانی تر کە دەبنە ھۆی شێرپەنجە. بەشێوەیەکی گشتی زیانەکانی جگەرە کێشان بەتایبەتی لە باری ئالوودەبووندا لەم چەند خاڵەدا دەخەینە ڕوو:
تێکچوونەکانی کۆئەندامی ھەناسەدان، زامی دوانزە گرێ، کەمبوونەوەی بەرگری، گرژبوونی خوێنبەرەکان، ئەگەری سنگە کوژە و جەڵتەی مێشک، شێرپەنجە، کەمکردنەوەی وزەی سێکسی، ئەو ئافرەتانەی جگەرە دەکێشن لە باری دووگیانیدا ئەوا کۆرپەکانیان کاتێک لەدایک دەبن کێشیان کەمتر و لەڕووی ژیری و جەستەییشەوە چوستیان کەمتر دەبێت لە چاو منداڵانی ئاساییدا.
-
٢- کاریگەریەکانی کشانەوە لە نیکۆتین:
باشترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە نیکۆتین مادەیەکی ھۆشبەرە و دەبێتە ھۆی ئالوودەبوون ئەو نیشانە جەستەیی و دەروونیانەیە کە لە کەسی جگەرەکێشدا دەردەکەوێت لەکاتی وازھێنانی لە جگەرەکێشاندا، ئەو نیشانانەی کە لەئەنجامی کەمبوونەوە و لێبڕانی نیکۆتین لە خانەکانی مێشک و جەستەوە پەیدا دەبێت، دوای ئەوەی ئەم مادەیە بۆتە بەشێک لە پێکھاتەی خوێنی کەسەکە، ئەمەش کتومت گیرۆدەبوونە. دەرکەوتنی ئەم نیشانانە وایکردووە کە ڕێژەی دەرچوون لەو ئەزموونە (واز ھێنان لە جگەرە) سەخت بێت لەنێو جگەرەکێشەکاندا کە لە (١٢٪) تێپەڕ نەکات، ھەندێک لەوانەی وازیش دەھێنن پاش ماوەیەک یان ساڵانێک دووبارە دەبنەوە ھاوڕێی گیانیبەگیانی ئەم مادە ترسناکە.
کاتێک کەسی جگەرە کێش پاکەتە جگەرەکەی فڕێ دەدات و بڕیاری وازھێنان دەدات ئەوا نیشانەکانی کشانەوە لە مادەی نیکۆتین لەماوەی بیستوچوار کاژێردا سەرھەڵدەدات، لەو نیشانانەش: نائارامی، دڵەڕاوکێ، تووڕەبوون، زوو ھەڵچوون، شپرەزەیی، خەو بردنەوە، تێکچوونی خەو، ھەست بە تەنگی کردن لە سنگ و ھەناسەداندا، سەرئێشە، وێڕای ھەموو ئەم نیشانانەش ئارەزوویەکی بەتین بۆ جگەرە کێشان ھاوەڵی کەسەکە دەکات بۆ کوژانەوەی ئاگری ئەو نیشانە بێزارکەرانەی دەرکەوتوون لە جەستە و دەروونیدا. ئەگەر کەسەکە خۆی بە دەستەوە نەدات ھەتا چەند ڕۆژێکی کەم ئەوا ئەو نیشانانە نامێنن و کەسەکە بە سەرکەوتوویی ئەم قۆناغە دژوارە دەبڕێت و بەمەش ھەروەک پرۆفیسۆر (پۆماس کوبەر _ توێژەر لە کاروباری ئالوودەبوون بە جگەرەکێشان لە زانکۆی کەنتەکی لە ئەمەریکا) دەڵێت: ئەو کەسەی گیرۆدەیە بە نیکۆتین و وازی لێدەھێنێت، چەند ساڵێک دەخاتەوە سەر تەمەنی خۆی. ئەگەر کەسەکە زۆر ھەستی بە تێکچوون و پەشێوی کرد دەتوانێت سەردانی پزیشک بکات و بەیارمەتی دەرمانی پێویست ئەم نیشانانە تێپەڕێنێت. ھەندێجار کەسی جگەرەکێش وەھا ڕاھاتووە کە کێشانی جگەرە بۆی بۆتە نەریتێک یان خوویەکی کۆمەڵایەتی و لەڕووی دەروونیەوە وابەستەی ئەم مادەیە بووە، بۆ نموونە لەگەڵ قاوە و چا خواردنەوەدا و لەگەڵ ھاوڕێ و ھاوەڵاندا و شێوازی گرتنی جگەرە لە دەستدا و کێشانی و چۆنێتی دەرھێنانی جگەرە لە پاکەتدا و ھەڵگرتنی پاکەت و ئاگرەکەی و …تد، تێکڕا ئەم کردەوە و جوڵانە دەبنە بەشێک لە ھەڵسوکەوتی ڕۆژانەی کەسەکە و ئەو ھەستە وەھمیەی لا دروست دەبێت کە جگەرە کێشان ئارامی و توانای ھەڵکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کێشە و گرفتەکانیدا پێدەبەخشێت.
لەڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆدا گەلێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان وەک گرفتێک لە دیاردەی جگەرەکێشان دەڕوانن بەتایبەتی کە لەم چەند ساڵانەی دواییدا ڕێژەیەکی زۆر بەرز لە ھەرزەکاران (خوار تەمەنی ھەژدە ساڵ) جگەرە دەکێشن، وێڕای زۆری ئەو نەخۆشیانەی بەھۆی جگەرەوە پەیدا دەبن و خەرجی چارەسەرکردنی نەخۆشەکان. ھەربۆیە لەم وڵاتانەدا چەندین پلان بۆ کەمکردنەوەی ئەم گرفتە دانراوە و کاری پێدەکەن، لەوانە قەدەغەکردن یان سنووردار کردنی پڕوپاگەندە بۆ جگەرە، گران کردنی نرخی جگەرە لە بازاڕەکاندا، ئەمەش لەڕێگای زیادکردنی باجی سەر کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی جگەرە (بۆ نموونە لەسەرەتای ساڵی -٢٠٠٧- دا ژمارەی جگەرەکانی ناو پاکەتێک لە ئەڵمانیا لە -٢٠- جگەرەوە کرا بە -١٧- جگەرە و نرخی پاکەتێکیش جگەرە لە ٣ ئۆیرۆ و ٦٠ سەنتەوە بۆ پاکەتێکی بیست جگەرەیی کرا بە چوار ئۆیرۆ، بەھەمان شێوە لە چەند وڵاتێکی تریشدا نرخی جگەرە بەرزە بە تایبەتی لە بەریتانیا)، قەدەغە کردنی کێشانی جگەرە لە شوێنە گشتیەکاندا وەک فەرمانگا و چێشتخانە و قاوەخانە و ناو شەمەندەفەر و بازاڕ و گوزەرە داخراوەکان، ئەگەرچی ئەم ھەنگاوە لە چەند وڵاتێکدا چەند ساڵێکە کەوتۆتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە وەک سوید، ئیتاڵیا، ئیرلەندا، فەرەنسا. بەڵام ھێشتا لە ھەندێ وڵات لە چێشتخانە و قاوەخانە و فارگۆنی تایبەت لەناو شەمەندەفەردا جگەرە دەکێشرێت. سەبارەت بە ھەرزەکارانیش بەفەرمی فرۆشتنی جگەرە بە تەمەن خوار ھەژدە ساڵ قەدەغەیە، ئەگەرچی لە ئەڵمانیا تا کۆتایی ساڵی (٢٠٠٦) ئامێری تایبەت بە کڕینی جگەرە لە شەقام و کۆڵانەکاندا ھەبوو کە بە تێکردنی چوار ئۆیرۆ پاکەتی ویستراو دەھاتە دەرەوە، بەڵام بۆ بەرگرتن لە ھەرزەکاران لەسەرەتای ساڵی (٢٠٠٧)ەوە گۆڕانکاریان لەم ئامێرانەدا کرد بەوەی وێڕای پارەکە، بەکارھێنانی کارتی بانک یان مۆڵەتی شۆفێری دەکرێتە ئامێرەکەوە بۆئەوەی پاکەت بدات، کە ئەمەش بەربەستێک بوو لەبەردەم ھەرزەکاران ئەگەرچی گرفتەکەش چارەسەر ناکات وەک پێویست و ڕێژەیەکی بەرچاو لە کچان و کوڕانی ھەرزەکار جگەرە دەکێشن لەو وڵاتە ئەوروپیانەدا. مەخابن لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و زۆرێک لە وڵاتانی ئاسیا نەک ھەر تەنھا ھەرزەکاران بەڵکو ھەندێجار منداڵانیش کاری جگەرە فرۆشتن دەکەن و ھیچ ڕێوشوێنێکیش نەگیراوەتە بەر بۆ ڕێگرتن لە ھەرزەکاران کە جگەرە نەکێشن.
-
خواردنەوە ئەلکھولیەکان (مەی):
لەناو ھەموو کۆمەڵگە جیاجیاکانی مرۆڤایەتیدا لەدێر زەمانەوە تا ئەم ساتە وەختە ڕێژەیەکی بەرز لە خەڵکی مەی دەخۆنەوە بە ھەموو جۆرەکانیەوە، بەکارھێنەرانیشی لەڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆدا زۆر زیادی کردووە، لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکادا بە ئەندازەیەک بەکاردەھێنرێت کە بۆتە بەشێک لە کولتوری ئەم وڵاتانە، تەنانەت ھەرزەکاران و لاوانیش بەڕێژەیەکی ھێجگار بەرز پەنای بۆ دەبەن لە ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، ئەگەرچی لەڕووی یاساییەوە بۆ تەمەنی خوار ھەژدە ساڵیش قەدەغەیە. لەو وڵاتانەی کە بەھۆی ئایینەوە بەرھەم ھێنان و فرۆشتنی مەی ڕێگە پێنەدراوە، ئەوا بەھۆی ئاسانی دروستکردنی مەی لەلایەن تاکەکانەوە، کەسانێکی زۆر خۆیان لە ماڵەکانیاندا جۆرەھا مەی دروست دەکەن و دەیخۆنەوە، یاخود بەنھێنی بازرگانی بە خواردنەوە ئەلکھولیەکانەوە دەکرێت و لە بازاڕەکاندا دەستەبەر دەکرێت.
خواردنەوە ئەلکھولیەکان لەو مادانەن کە ئالوودەبوون دروستدەکەن، ئەگەرچی لەڕووی کاتەوە مرۆڤ درەنگتر ئالوودە دەبێت بە مەی لەچاو مادە ھۆشبەرەکانی تردا. دەشێت کەسێک بەسنورداری مەی بەکاربھێنێت بە درێژایی ژیانی بەبێ ئەوەی بگاتە باری ئالوودەبوونەوە. ھەربۆیە بۆ جیاکردنەوەی ئەو سنوورە لەنێوان بەکارھێنانێکی ئاساییانە و نائاساییانە بۆ خواردنەوە ئەلکھولیەکان توێژەرەوەکان لەم بوارەدا ڕاوبۆچوونی جیاوازیان ھەیە و پێناسەی جیاجیا بۆ کەسی گیرۆدەبوو بە ئەلکھول (ئەلکھولیست) کراوە. بۆ نموونە توێژەر (دیفز ١٩٧٤) دەڵێت ئەلکھولی بریتیە لە نۆشینی ئەلکھول بەشێوەیەکی بەردەوام یان ناوبەناو کە دەبێتە ھۆی پشتپێبەستن و زیان). لە پێناسەیەکی تردا ھاتووە دەڵێت (ئەلکھولیست بەو کەسە دەگوترێت کە مەی زۆر دەخواتەوە بە ئەندازەیەک زیان بە تەندروستی جەستە، یان بە ئەرکە کەسێتی و کۆمەڵایەتیەکانی بگات). ھەندێکی تر لە توێژەران دەڵێن (ئەلکھولیست ئەو کەسەیە کە لە یەک ڕۆژدا ئەوەندە مەی بخواتەوە کە بڕی ١٢٠ گرام لە ئەلکھولی ڕەھای تێدابێت، ئەمەش ئەو بڕەیە کە لە (cc ٣٧٥) ئەو خواردنەوەیانەدا دەبێت کە ڕێژەی (٤٠٪) یان ئەلکھولە وەک عەرەق و ویسکی و ھاوشێوەکانیان، ھەروەھا ئەم بڕە لە یەک لیتر شەرابدا ھەیە کە لەپێکھاتەیدا ئەلکھول بە ڕێژەی (١٦٪) بەشدار بێت، یاخود ئەم بڕە لە (٣) بیرەدا ھەیە کە ڕێژەی ئەلکھول تیایدا (٥٪) بێت. لەئەنجامی تاوتوێکردنی زیاتری ئەم دیاردەیەوە شارەزایان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی زاراوەیەکی نوێیان بەکارھێنا کە ناویان لێنا ( پشتبەستن بە ئەلکھول ADS ) بۆ ئەم حاڵەتەش سێ نیشانەیان دیاری کردووە:
١- خواردنەوەی زۆر.
٢- بوونی گیروگرفتی خێزانی یان لەگەڵ دەوروبەر.
٣- دەرکەوتنی نیشانەکانی بەرگەگرتن و کشانەوە.
بوونی ئەم سێ نیشانەیە بەڵگەیە بۆ دیاریکردنی باری گیرۆدەبوون بە خواردنەوە ئەلکھولیەکان. ئەوەی شایانی ئاماژە بۆکردنە ئەلکھولەکان لەو مادە ھۆشبەرانەیە کە لەھەردوو لایەنی دەروونی و فسیۆلۆژیەوە گیرۆدەبوون دروستدەکات.
ئەو کەسانەی دەبنە ئەلکھولیست سەرەتا وەکو کەسانی ئاسایی تر دەست بە مەی نۆشین دەکەن بەڵام لە زۆر باردا لەتەمەنێکی زووەوە دەستپێدەکەن، پاشان بڕی خواردنەوەکە زیاد دەکەن و زۆرتر دووبارەی دەکەنەوە و بۆ ماوەی درێژ تر دەمێننەوە بە دیار خواردنەوەوە، ھەتا وایانلێدێت خواردنەوە دەکەنە ئامڕازێک بۆ بەرھەڵستی کردنی چەند بارێکی مەزاژی وەک بێزاری و دڵەڕاوکێ و دڵتەنگی. بەھۆی ئەم زۆر پەنابردنە بۆ خواردنەوە کێشە و گرفتی تریان بۆ زیاد دەبێت لەگەڵ خێزان و شوێنی کار و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیاندا بەگشتی، ئەمە وێڕای کێشەی ئابووری کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دەرئەنجام ئەم کەسانە لەناخیاندا دووچاری ھەستکردن بە گوناە دەبن ئەمەش وایانلێدەکات بارگرانتر بن لەڕووی دەروونیەوە بۆیە زیاتر پەنا بۆ خواردنەوە دەبەن. بەمەش نیشانەکانی بەرگەگرتن تیایاندا دەردەکەوێت، واتە ماوە دوای ماوە بڕەکە زیاد دەکەن بۆ خوڵقاندنی ئەو بارە مەزاژیەی تێی دەکەون. ھەندێجار دەبیستین لە زمانی کەسانێکەوە کە جاران بە دوو بیرە مەست بوون بەڵام ئێستا بە شەش یان حەوت بیرە دەکەونە باری مەستییەوە، ئەمەش نیشانەی بەرگەگرتنە.
گرفتی گیرۆدەبوون بە مەی یەکێکە لە گرفتە گەورەکانی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەکان، بەتایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا. ئەو ھۆکارانەی لە پشت دروستبوونی ئەم گرفتەوەیە (واتە بۆ گەیشتنی تاک بە قۆناغی گیرۆدەبوون) بە کورتی ئەمانەن:
١- ھۆکارەکانی دەوروبەر: ئاسان دەستکەوتنی ئەلکھول و ھەرزانی نرخ و لێبووردەیی کۆمەڵایەتی بەرامبەر ئەلکھول، وابەستەبوونی خواردنەوەی ئەلکھول بە زۆرێک لە دیاردە کۆمەڵایەتیەکانەوە، کەمبوونەوە و لێکترازانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، زۆربوونی فشارە دەروونییەکان، ھاوڕێ و دەوروبەری یارمەتیدەر و … ھتد.
٢- ھۆکارە پێکھاتەییەکانی تاک: ھەندێک لە توێژەرەوان وای بۆ دەچن کە پێکھاتەی بایۆلۆژی یاخود بۆماوەیی بەشداریەکی کاریگەری ھەیە لە کارلێکردنی نێوان مادەی ئەلکھول و پێکھاتەی بایۆلۆژیانەی کەسەکەدا کە وایلێدەکات تووشی گیرۆدەبوونی بکات. ھەروەھا ھەندێکی تر دەڵێن فاکتەری کەسێتی تاک ڕۆڵ دەبینێت لەم بوارەدا. بۆ نموونە ئاکامی چەند توێژینەوەیەک دەریان خستووە کە ئەو کەسانەی بە ئاڕاستەی گیرۆدەبوون بە ئەلکھولدا دەڕۆن لە قۆناغەکانی منداڵی و ھەرزەکاریاندا: باوەڕی زۆریان بە خۆیان ھەبووە، چالاک بوون، توندوتیژ بوون، لەگەڵ دایکیاندا بە سۆز نەبوون، پیاوێکی نموونەیی لە ژیانیانیاندا نەبووە، کێشەو گرفتی زۆریان لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیاندا ھەبووە. ھەندێک توێژینەوەی تر وای بۆ چوون کە بوونی پەشێویە سۆزدارییە دەروونییەکان و ئارەزووە ھونەریەکان و لادانە سێکسیەکان بەشداری دەکەن لە پاڵپێوەنانی تاک بە ئاڕاستەی گیرۆدەبوون بە ئەلکھول.
٣- خەسڵەتەکانی مادەی ئەلکھول خۆی: ئەمەش لە دوو ڕێگاوە بەشداری دەکات لە درووست بوونی ئەم گرفتەدا، یەکەم: ئەو گۆڕانەی ئەم مادەیە لە مەزاژی بەکارھێنەرانیدا دەیخوڵقێنێت کە وایان لێدەکات لەڕووی دەروونی وجەستەییەوە پشتی پێببەستن. دووەم: کاریگەری ئەم مادەیە لەسەر خانە و ناوەندە دەمارەکانی مێشک کە دەبێتە ھۆی گیرۆدەبوون.
لەباری گیرۆدەبووندا کشانەوە لە ئەلکھول ھاوشێوەی مادەھۆشبەرەکانی تر گەلێک گرفتی تەندروستی جەستەیی و دەروونی بۆ کەسە گیرۆدەبووەکە پێشدێت، وەک خەمۆکی ، تێکچوونی خەو، وڕێنەی بیستن، لەرزین، ئارەق کردنەوەی زۆر، پەشێوی لە بیرکردنەوەدا، نائارامی و… تد. بۆیە زۆر جار ئەلکھولیست دوای واز ھێنانی دەبێت لە نەخۆشخانەی تایبەتی و لەژێر چاودێری پزیشکدا بمێنێتەوە ھەتا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. ئەمانە وێڕای چەندین نەخۆشی جەستەیی لە جگەر و گەدە و ڕیخۆڵە و ئەندامەکانی تری جەستەی گیرۆدەبوودا پەیدا دەبێت بەھۆی ئەلکھولەوە.
بەشێک لە تاوانەکان و توندوتیژی و دەستدرێژییەکان لە ناو کۆمەڵگەکاندا وابەستەن بە ئەلکھولەوە، ھەروەھا لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل لەژێر کاریگەری ئەلکھولدا گەلێک ڕووداوی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە، بۆ نموونە ئامارەکانی فەڕەنسا دەڵێت (٤٠٪) ی ڕووداوەکانی ئۆتۆمۆبیل ساڵانە بەھۆی مادە ئەلکھولەکانەوە ڕوودەدات لەو وڵاتەدا، کەژمارەی قوربانیەکان دەگەنە ٥ ھەزار کەس کە بەھۆی بەکارھێنانی ئەلکھول لەکاتی لێخوڕیندا دەبنە قوربانی. لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا یاسا سزای داناوە بۆ ئەو کەسانەی ئەلکھولیان خواردۆتەوە و ئۆتۆمۆبیل لێدەخوڕن، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیادا ھێزەکانی پۆلیس لەسەرشەقامە گشتیەکاندا ناوبەناو کۆنترۆڵی شۆفێرەکان دەکەن بۆ ئەم مەبەستە. لە ئەمەریکادا ڕێگە بە لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل نادرێت ئەگەر شۆفێرەکە لە (١٠٠ ملگ/ لیتر) زیاتری خواردبێتەوە، وە ئەگەر شۆفێرەکە تەمەنی لە ٢١ ساڵ کەمتر بێت ئەوا تووشی سزای بەند کردن دەبێت (ھەروەک ئەم سزایەیان بەسەر کچەکەی جۆرج بوشدا سەپاند لە ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتی باوکیدا).
-
٣- کافیین:
ئەم مادەیە لە مادە وزە بەخش و وریاکەرەوەکانە بۆ جەستە بەگشتی و کۆئەندامی دەمار بەتایبەتی. ئەم مادەیە لە زۆر بەروبوومی سروشتیدا ھەیە وەک چا، قاوە، کۆلا، کاکاو، ھەروەھا لەھەندێک پیشەسازی وەک شۆکۆلاتە و ھەندێک دەرمانی بەکارھاتوو بۆ سەرئێشە و ھەندێک مادەی وزەبەخشدا بەکار دەھێنرێت. بەکارھێنانی ئەم مادەیە لە ڕۆژگارێکی وەک ئێستادا زۆر زیادی کردووە و بۆتە بەشێک لە کولتوری زۆربەی نەتەوەکان، ھەروەھا ئەم مادەیە جیاواز لە مادەکانی تر منداڵان و ھەرزەکاران و گەورە و پیر لەھەردوو ڕەگەزەکە بەکاری دەھێنن. ئەگەرچی لە بۆچوونی زۆربەی خەڵکیدا لەبەرئەوەی ئەم مادانە زۆر بڵاوە و کۆمەڵگەکان بە گشتی بەکاری دەھێنن ھیچ زیانێکیان نیە، بەڵام واقیعی پزیشکی پێچەوانەی ئەم بۆچوونەیە و ئەم مادەیە بەیەکێک لەو مادانە دادەنرێت کە گیرۆدەبوون دەخوڵقێنێت. لەڕوانگەی توێژەرەوانەوە خواردنی (٢٥٠ ملگم) لە کافیین ھیچ زیانێکی نیە ئەم بڕە کافیینەش لە نزیکەی چوار کوپ قاوە یان چا یان کۆلادا ھەیە. بەڵام بەشێکی زۆر لە خەڵکی زیاتر لەم ھێندە بەکاردەھێنن کە دەگاتە (٥٠٠ ملگم) یان زیاتر. تێبینییە کلینیکی و تاقیگەییەکانش دەریانخستووە کە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان ئاسایی بەکارھێنان و نائاساییبووندا بریتییە لە بڕی ( ٦٠٠-٥٠٠ ملگم ) لە ڕۆژێکدا، واتە ھەتا ئەو ھێندە ئاساییە و تێپەڕاندنی ئەو ھێندە نائاسایی دەبێت و بەکارھێنەریش تووشی ژەھراوی بوونی کافیینی دەبێت. نیشانەکانی کارتێکردن بە کافیین لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە نەک تەنھا لەبەر جیاوازی لە بڕی مادە بەکارھاتووەکەدا بەتەنھا، بەڵکو بەپێی ھەستیاری کەسەکەش بۆ ئەم مادەیە. لە نیشانەکانی کارتێکردن بە کافیین: زۆر میز کردن، ناجێگیری، لەرزین، زۆر چالاکبوون، ھەڵچوون، زۆر ھەستیار بوون، گوێ زرنگانەوە، بریسکانەوەی چاو. بەھۆی ئەم نیشانانەشەوە کۆمەڵێک نیشانەی تر سەرھەڵدەدەن وەک: ھەستکردن بە ماندوێتی، سەرئێشە، زوو تووڕەبوون، سکچوون، ئازاری ناوسک، خەو زڕان بەتایبەتی لە سەرەتای خەودا، بێبەش بوون لە خەوی قووڵ.
لەبەرئەوەی کافیین لەو مادانەیە گیرۆدەبوون دروستدەکات ھەربۆیە ئەو کەسەی ڕاھاتبێت لەسەری و بەزۆری ئەو جۆرە خواردنەوانەی بەکارھێنا بێت وەک قاوە یان چا، ئەوا لەکاتی وازھێناندا چەند نیشانەیەک سەرھەڵئەدات وەک: کرژبوونی ماسولکەکان، خەواڵوویی، سستی، گێژبوون، ھاتنە خوارەوەی ئاو بە لوتدا، نەمانی ئارەزووی کارکردن، تووڕەبوون، ھەڵچوون، ھەستکردن بە دڵتەنگی.
ھەرچەندە ئەم مادەیە نابێتە ھۆی مردن، بەڵام ئەگەر بەبڕی زۆر بەکاربھێنرێت (١٠-٨ گرام) لەڕۆژێکدا کە لە (٧٥-١٠٠) کوپ قاوەدا ھەیە ئەم ھەندە، ئەوا کەسەکە دەمرێت.