
سوڕی مانگانە
(بێ نوێژی)
سوڕٍی مانگانە بەیەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی باڵغ بوون دادەنرێت لە مێینەدا کە مانایەکی گرنگی ھەیە ئەویش پێش ئەم سورە تاک منداڵە بەڵام پاش دەست پێکردنی ئەم سورە دەتوانێت منداڵ بخاتەوە لە رووی بایۆلۆجیەوە . سەرەتایی دەست پێکردنی لە تەمەنی ھەرزەکاریدا ڕووئەدات لەتەمەنی (١٢) ساڵی و بەرەو ژوور تاکو تەمەنی (١٦) ساڵی نزیکەی ٩٥% مێینە ئەم سوڕەی بەسەردا دێت .خۆ گەر بێت ولەو ماوەیەدا روونەدات ئەوە دەبێتە ھۆی نائارامی دەروونی لای مێینە و ھەست بەناتەواوی دەکات لەچاو ھاوتەمەنەکانی خۆی و گەلێ تەنگژەی دەروونی ھاوەڵی دەبێت. بۆیە پێویست بە بەدواچوون دەکات بۆ زانینی ھۆکاری روونەدان یان دواکەوتن و ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ھۆکارەکەی و ھەوڵ دان بۆ چارەسەرکردنی .
ئەوەی لەناو خەڵکیدا بڵاوە ھەر (٢٨) ڕۆژ جارێ سوڕی مانگانە ڕووئەدات ، بەڵام لەڕاستیدا تەنھا لە ١٥% مێینە بەم جۆرەن ، بۆیە ھەرسوڕێکی مانگانە لەماوەی نێوان (٢١-٣٥) ڕۆژ ڕووبدات بەئاسایی دادەنرێت و ڕۆژانی خوێنیش (٤-٦) ڕۆژە ، بەڵام (٢-٨) ڕۆژ بەئاسایی دادەنرێت زۆربەی ئافرەتان لەسەرەتای کەوتنە سوڕی مانگانە (Menarche) تاکو نەمانی سوڕی مانگانە (تەمەنی نائومێدی ) (Menopause) نزیکەی (٤٠٠) جار دەکەونە سوڕی مانگانەوە لە کاتێکدا نزیکەی (٤٠٠،٠٠٠) ھێلکەی ھەیە تەنھا (٤٠٠) دانەیان پێدەگەن .
بڕی خوێن لە ماوەی ھەر سورێکدا (٣٠-٨٠) س س دەبێت ، ھەر زیاد بوون و کەم بوونێک لەو بڕە جێ ی پرسیارە. وەک چۆن ماوەی کەمتر لە ٢١ رۆژ یان زیاتر لە ٣٥ رۆژ جێی تێرامانە.
تەمەنی دەست پێ کردنی ئەم سوڕە بەگەلێک ھۆکارەوە بەندە ،گرنگترینیان :-
پلەی گەرمی :
لەناوچە گەرمەکاندا سوڕی مانگانە پێش ناوچە ساردەکان ڕووئەدات .
کێشی لەش : ئەو کچانەی کێشیان زیاترە بە (٨) مانگ زووتر دەکەونە سەر سوڕی مانگانە . بەڵام ئەمە مانای خۆقەلەوکردن نییە بەلکو مەبەست لەو شۆخانەیە کە کێشیان کەمترە لە ئاسایی .
شارستانێتی :
تێبینی کراوە ئەو کچە یابانیانەی کەلە ئەمریکا لەدایک بوون و لەوێ دەژین بە (١،٥) ساڵ پێش کچانی یابانی کەلەیابان دەژین باڵغ دەبن .
باڵا بەرزی :
باڵا بەرزەکان زووتر دەکەونە سوری مانگانە لەچاو باڵا کورتەکان .
وەرزش:
ئەو کچانەی کەوەرزش دەکەن بەتایبەتی (جمناستیک) و ڕاکردنی ماوە درێژ یان سەماکەرەکانی بالیە ( Ballet Dancers) سوڕی مانگانەیان دوا دەکەوێت لەچاو کچانی تردا ، ھۆی ئەم دواکەوتنە روون نییە بەڵام دەشێ پەیوەندی بەکەمی بڕی چەوری لەلەشدا ھەبێ یا بوونی فشارێکی بەردەوام لەسەر ماسولکەکانی لەش .
ھەندێ توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن تەمەنی باڵغ بوونی کچ کەمتر دەبێت ، واتە زووتر دەست پێ دەکات ھەرچەندە تەمەنی دایک گەورەتر بێت لەکاتی بوونی منداڵەکەی . ئەمە ھاندان نەبێت بۆ دایکانی بەتەمەن مندالیان بێت چونکە گەلێ نەخۆشی ھەیە تاکو تەمەنی دایک زیاتر بێت ئەگەری توش بونیان زیاترە وەکو نیشانەی داون Down syndrome) (
بوونی ھوشیاری سێکسی و ووروژاندنی سێکسی تەمەنی بالغ بوون زووتر دەکات ، بۆ نمونە: لە نەرویج و فلندا تەمەنی باڵغ بوون لە ساڵی ١٨٦٠ نزیکەی ١٦،٥ساڵی بووە بەڵام لە ساڵی ١٩٨٠ نزیکەی ١٣،٥ ساڵان بووە ، ئەمەش ئەوە دەرئەخات کەبەشێوەیەکی بەردەوام تەمەنی یەکەم کەوتنە سەر سوڕی مانگانە لە دابەزیندایە.
شارنشین پێش لادێ نشین.
نەخۆشی شەکرە ھەندێ جار باڵغ بوون زووتر دەکات.
سەبارەت بەوەی کە سوڕی مانگانە چۆن ڕوودەدات ئەتوانین بە شێوەیەکی سادەو دوور کە قووڵ کردنەوەی زانستی بڵێین کە ئافرەت دوو ھێلکەدانی ھەیەو ھەرمانگەی یان ھەر سوڕەی یەکێک لە ھێلکەدانەکان ھەڵدەستێت بەدروست کردنی ھێلکە کە پاشان دەگوێزرێتەوە بۆ منداڵدان لە ڕێ ی جۆگەی فالوپ ، دروست بوونی ھێلکە لەژێر کاریگەری دوو ھۆرمۆندا دەبێت کە بەدوو قۆناغ تێدەپەڕێت :-
قۆناغی دروست بوونی تۆپەڵە لە ژێر کاریگەری ئیسترۆجین .
قۆناغی دروست بوونی تەنی زەرد (Corpus leutum) لەژێر کاریگەری پرۆجسترۆن.
لە ھەمان کاتدا گۆڕانکاری لە ھێلکەداندا ڕووئەدات شان بەشانی ئەو گۆڕانکاریانەی لە منداڵداندا (uterus) ڕووئەدات.
لەژێرکاریگەری ھۆرمۆنی ئیسترۆجین ڕژێنەکان و سترۆما گەشە دەکەن لە منداڵداندا لەژێرکاریگەری پرۆجسترۆندا چالاک بوونی ڕژێنەکان ڕووئەدات .
پاش دروست بوونی تەنی زەرد گەرسکبوون ڕوونەدات ئەوا دوای (١٤) ڕۆژ شی دەبێتەوە ، ئاستی ھەردوو ھۆرمۆنی پرۆجسترۆن و ئیسترۆجین بە خێرایی دادەبەزێت و ناوپۆشی منداڵدان دەپوکێتەوە و خوێن بەربوون ڕووئەدات بەھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی پرۆستاگلتانین (Prostaglandin E٢) کە دەبێتە ھۆی کشانی موولولەکانی خوێن .
ھەندێک کردنی وەرزش لەماوەی سوری مانگانەدا بەھەڵە دەزانن وای بۆ دەچن دەبێتە ھۆی زۆر بوونی بری خوێنی سورەکە ئەمە تارادەیەک ڕاستە چونکە وەرزش دەبێتە ھۆی ئەوەی برێکی زیاتر خوێن بۆ ناوچەی کەمەر بچێت بەلام بەدەگمەن ئەو برە مەترسی دارە (واتە جێی مەترسی نییە) مەگەر ئەو کەسە وەرزشێکی زۆر قورس بکات.
ھەروەھا کردنی کاری سیکسی لەماوەی سوری مانگانەدا سەرەرای ئەوەی لەرووی ئاینییەوە رێی پێ نەدراوە لەھەمان کاتدا لەرووی تەندروستییەوە ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی زیاترە لەوماوەیەدا بەھۆی کشانی مولوولەکانی ئەو ناوچەیەو بوونی ناوەندی کراوە بۆ چوونە ژوورەوەی بەکتریا.
ھەندێ لەو ماوەیەدا خۆی ناشوات تاکو لەسوورەکە پاک دەبێتەوە بەبیانووی ئەوەی کارێکی خراپە بەلام راستییەکەی ئەوەیە مێینە دەتوانێت ھەموو رۆژێک خۆی بشوات لەماوەی سوورەکەدا بەلکو گەر بتوانێت رۆژی چەند جارێ خۆی بشوات باشترە تاکو بەردەوام لەشی پاک بێت و بۆنی ناخۆشی لێنەیەت.
وەک دەزانین مێینە لەماوەی سوری مانگانەدا نوێژو رۆژووی لەسەر نییە کە دەبێت پاشان رۆژوەکەی بگرێتەوە بەلام نوێژەکان ناگەرێنێتەوە ، لەبەر ئەوە دەبینین ژمارەیەکی بەرچاوی ئافرەتان لەماوەی مانگی رەمەزاندا پەنا دەبەنە بەر بەکارھێنانی دەرمان بۆ دواخستنی سووری مانگانەیان تاکو لەماوەی مانگەکەدا رۆژووەکەیان بگرن لەراستیدا ئەمە کارێکی ھەڵەیە چونکە وەکو لایەنی ئاینی تۆ لەسەرت واجب نییە ھەر سی رۆژەکە بەیەکەوە بگریت واتە لەنەگرتنی بەرپرسیار نیت ، لەلایەکی ترەوە ئەو دەرمانانەی بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەھێًنرێن ھەر یەکەیان زیانی تایبەتی خۆی ھەیە وەکو تێک دانی رتمی سوری مانگانە و گەلێ زیانی لابەلایی تر دەشێ لە ئایندەدا باسی بکەین.
وەرگیراوە لە دەروونناسی.کۆم