پیتی  ب
بەرگری لەش
بەم جۆرە بەرگری سروشتی جەستەت بەھێز بکە
ئامادەکردنی/ زانا احمد قادر

‌بەرگری سروشتی ( IMMUNE SYSTEM ) ئەو قەڵغانە پۆڵاینەیە کە ھەمیشە جەستەمان بەرامبەر بە ھەموو ئەو فاکتەرو نەیارە دەرەکییانەی بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدان دووچاری ھەوکردن و جۆرەھا نەخۆشیمان بکەن، دەپارێزێت.
‌ بەکتریاو ڤایرۆس و کرم و...ھتد لەو نەیارە سەرسەختانەن کە پچوکترین لاوازی و دابەزینی ئەو توانای بەرگرییە ‌وەک ھەلێکی زێرین بەکاردێنن بۆ گەیشتن بە قوڵایی جەستەمان و برەودان بە نەشونماو زیادبونی ڕێژەیان. 
‌نیشانەکانی ھەوکردنی وەک سوربونەوە، ھەڵئاوسان، تاو ئازار، ڕشانەوە و سک چون و ھیلاکی  ..ھتد زۆر جار لە کاردانەوە فیزیکییەکانی جەستەن کە ئاماژە بەبونی لەو جۆرە میکرۆبانە دەکەن لە جەستەماندا .
‌ بێگومان بەرزبونەوەی ڕێژەی سەدیی خانەکانی بەرگری  وەک 
‌ LEUCOCYTE, LYMPHOCYTE, CRP
بە ھەمان شێوە ئاماژە بە زیادبونی خانەکانی بەرگری لە خوێنداو بەبونی ھەوکردن دەکەن.
‌ خانەکانی بەرگری سروشتی لە ھەموو پانتایی جەستەدا بون و ئامادەباشییان ھەیە بۆ بەرەنگاربونەوە. ھەندێک ئەندامی وەک( مۆخی ئێسک، سپڵ، لەوزەتێنی نێو قوڕگ، گرێ لمفەکان، THYMUS، ڕیخۆڵە، گەدە، پێست..ھتد ڕۆڵی سەرەکییان ھەیە لە بەرگری کردن ودروستکردنی خانەکانی بەرگری لەشدا. لەو ڕوانگەیەوە نەشتەرگەری دەرھێنانی لەوزەتێن ( tonsil) و ڕیخۆڵە کوێرە و بونی ھەر کێشەیەک لەو ئەندامانەدا دابەزینی ئاستی بەرگری سروشتی و دواجار ئەگەری توشبونی بە جۆرەھا نەخۆشی لێدەکەوێتەوە.

‌ھۆکارەکانی دابەزینی بەرگری سروشتی:
‌پیس بونی ژینگە.، ھەمیشە پەنابردن بۆ دەرمان ، بەتایبەتی دەرمانی دژە ھەوکردنی وەک ANTIBIOTIC و CORTISON ، نائارامی دەرونی، جگەرەکێشان، زۆر خواردنەوەی ماددە کحولییەکان، کەمی ڤیتامین C و مادەکانی وەک ZINK، SELEN، کەم خەوی و دڵەڕاوکێ
‌(‌ قلق)، خراپبونی سوڕی خوێن، کێش زۆری و زۆر خۆری، بەدخۆراکی ،کەمی جوڵەو نەکردنی وەرزش، ...ھتد  .

‌نیشانەکانی دابەزینی بەرگری سروشتی:
‌ھەمیشە ھەست کردن بە ماندویی، زوو سەرما بون، ھەوکردن بەگشتی، زۆرکات توشبون بە قوڕگ ئێشەو ھەڵامەت، ھەوکردنی سییەکان و میزەڵدان ، دواکەوتنی پڕۆسەی چاکبونەوە، درەنگ چاک بونەوەی دوای بریندار بونی پێست و جەستە، قلیشان و برینداربونی ھەردوو گۆشەی دەم، ..ھتد).

‌ڕێنمایی بۆ بەرزکردنەوەی بەرگری سروشتی:
‌١. وەرزشێکی مامناوەندی گونجاوی ھەمیشەیی بەرگری سروشتی بەرز دەکاتەوە.
٢. لەپاڵ وەرزش و جوڵەو کاری ڕۆژانەدا گرنگی دان بە کاتی حەوانەوەو  خەوی قوڵ ٧-٨ سەعات زۆر بەسودە بۆ بەرزبونەوەی بەرگری سروشتی.
‌٣. بەکارھێنانی ساونا لای کەم یەک جار لە حەفتەیەکدا و پاشان سارکردنەوەی جەستە بەئاوی سارد دوای ھاتنەدەرەوە لە ژووری ساونا زۆر بەسودە.
‌٤. مادەی ZINK کە لە خۆراکی وەک جگەرو ماسی و گازۆو گوڵەبەڕۆژەو گوێز...ھتد دا ھەیە  زۆر پێویستە بۆ بەرزڕاگرتنی بەرگری سروشتی و تەندروستی قژو نینۆک و زوو چاک بونەوەی ھەر برینێک لە جەستەدا. قڵیشان و برینداربونی گۆشەکانی دەم و لاوازی نینۆک و وەرینی قژ لە نیشانە سەرەتاییەکانی کەمی ئەو ماددەیەن.
‌٥.ڤیتامین C زۆر گرنگە بۆ بەرگری سروشتی. لیمۆ، پرتەقاڵ، لالەنگی، برۆکلی، بیبەر، ئەڤۆکادۆ، کەلەرم..ھتد، دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C.
‌ھەندێک جار بەکارھێنانی حەبێک لە مادەی ZINK وڤیتامین C
تێکەڵەیەکی باش و بەسودە.
‌٦. کەمی مادەی SELINE دەبێتە ھۆی دابەزینی بەرگری سروشتی. 
‌خۆراکەکانی وەک پاقلە، نیسک، لەتکەنۆک، ساوەر، گوێزی ھیندی وکونجی دەوڵەمەندن بەو مادەیە.
‌٧. بەگشتی ڕەچاوکردنی خۆراکی ھەمە جۆرو سودبەخش جەستە لە ڕوانگەی بەرگری سروشتی و زۆر ڕوانگەی  دییەوە سودمەند دەکات.

‌ھەندێک ڕێنمایی بۆ دایکان و باوکان:
‌١. شیری دایک بەرگری سروشتی منداڵی ساوا بەرزدەکاتەوەو لە نەخۆشکەوتن دەیپارێزێت. ساوایان لە سێ مانگییەوە ھێدی ھێدی بەرگری سروشتییان دەبێ و ھەتا لای کەم نۆ مانگی پێویستیان بە شیری دایک ھەیە.
‌٢. خانەکانی بەرگری سروشتی منداڵ بە بەریەککەوتن لەگەڵ بەکتریاو ڤایرۆس و..ھتد ئەزمونی بەرگری کردن پەیدا دەکەن ، بۆیە ئاساییە جاروبار نەخۆش بکەون و ھەموو کاتێک پێویستیان بە دەرزی و دەرمان نییە.
٣‌. ترس و دڵە ڕاوکێ و نائارامی زیانی زۆر بە جەستەو دەرون و بەرگری سروشتی منداڵ دەگەیەنن ، باشتر وایە لە کەشێکی ئارامدا بە نەرموونیانی و خۆشەویستی گۆش بکرێن.
‌٤. منداڵەکانتان لە جوڵەو وەرزش لە ژینگەیەکی خاوێندا بێ بەش مەکەن،  ئاشکرایە جەستە بە گشتی و بەرگری سروشتی پێ بەھێز دەبێت.
‌دیارە ئەم ئەرکە تەنیا بە دایک و باوک جێ بەجێ ناکرێت، ھەربۆیە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتیش بەرپرسیارێتی زیاد کردنی پارکی یاری منداڵان ودەستەبەرکردنی ژینگەیەکی خاوێن و بێ مەترسییان لە ئەستۆدایە.
‌٥. لەڕۆژێکدا لای کەم ٤-٥ جۆر سەوزەو میوە و ئاو خواردنەوە بە ڕێژەی پێویست بەرگری سروشتی منداڵان بەرز دەکاتەوە.
5952 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
16/06/2015
زیاتر...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1