پیتی  هـ
ھەڵامــــــــــەت
ھەڵامــــــــــەت
ئامادەکردنی/ د. سۆران محمد غریب

بریتییە لە تووشبوونی بەشی سەرەوەی رێڕەوی ھەناسە "لووت و قورگ" بە ڤایرۆس. بەزۆری ھەڵامەت بێ زیانە. زۆری کەسانی پێگەیشتوو لەبارن بۆ تووش بوون بە ھەڵامەت دوو بۆ چوار جار لە ساڵێک، بەڵام منداڵان لەوانەیە لە ساڵێکدا ٦ بۆ ١٠ جار تووش ببن. زۆری خەڵکی چاک دەبنەوە لە ماوەی ھەفتەیەک یا دوو، ئەگەر نیشانەکانی درێژەی خایا‌ند پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.

نیشانەکانی
نیشانەکانی بەزۆری دوای ١-٣ رۆژ لە بەرکەوتن بە ڤایرۆسی ھەڵامەت دەردەکەون. بەگشتی نیشانەکان بریتین لە؛
- ھاتنەخوارەوەی ئاو لە لووت.
- خوران و ئازار لە گەروو.
- کۆخە.
- ژانەسەرێکی کەم یا ئازارێکی کەم لە ھەموو جەستە.
- پژمین.
- پر ئاوبوونی چاو.
- تایەکی کەم.
- بێ تاقەتییەکی کەم.
کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟

بۆ کەسێکی پێگەیشتوو، ئەگەر؛
- تایەکی بەرز ھەبوو، زیاتر لە ٣٩ پلەی سلیلۆزی.
- تایەکی بەرز لەگەڵ ئازار و بێ تاقەتی.
- تا و لەرز و ئارەقەکردن و کۆخە و بەڵغەم.
- ھەڵئاوسانی گرێ لیمفاوییەکانی مل.
- ئازاری بۆشاییەکانی دەم و چاو "جیوب".

بۆ منداڵان؛
بەگشتی لە منداڵان نەخۆشییەکە کەمێک سەختترە وەک لە پێگەیشتووان، ھەروەھا بەزۆری ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە وەک ھەوکردنی گوێ. ھەرکاتێک یەکێک لەم نیشانانەی خوارەوەت بینی لە منداڵەکەت پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت؛
- تایەکی بەرز و ئارەقەکردن و لەرزین.
- تایەک لە ٣ رۆژ زیاتر بخایەنێت.
- رشانەوە و ژانی زگ.
- خەواڵوویەکی نائاسایی.
- سەرئێشەیەکی توند.
- گرانی لە ھەناسەدان.
- گریانێکی بەردەوام.
- ئازار لە گوێیەکان.
- کۆخەیەکی بەردەوام.

ھۆیەکانی تووشبوون بە ھەڵامەت
ھەرچەندە زیاتر لە ٢٠٠ ڤایرۆس دەتوانن مرۆڤ تووشی ھەڵامەت بکەن، بەڵام ڤایرۆسی لووت باوترینیانە و زۆر بەربڵاوە. ڤایرۆسی ھەڵامەت دەچێتە ناو لەشەوە لە ‌رێگای دەم و لووتەوە. ڤایرۆسکە دەتوانێت بڵاوببێتەوە لەرێگای ئەو دلۆپانەی لە ھەوان کە لە دەم یا لووتی کەسێک دەردەچێت کا‌تێک کەسەکە نەخۆشە و دەکۆخێت یا دەپژمێت یا قسەدەکات. بەڵام بەڕێگای تریش دەگوازرێتەوە وەک بەیەک کەوتنی دەست بە دەستی کەسێکی نەخۆش یا بەکارھێنانی کەل و پەلی کەسی نەخۆش.

ھۆکاری مەترسیدار
- تەمەن؛ منداڵان زیاتر تووش دەبن، لەبەر ئەوەی ھێشتا جەستەیان بەر‌گری پەیدانەکردوە لە دژی زۆرێک لە ڤایرۆسەکان، ھەروەھا سیستەمی بەرگری لەشیان تەواو پێنگەیشتووە.
- وەرزی ساڵ؛ ھەموو کەسێک "منداڵ یا پێگەیشتوو" لە بارە بۆ تووش بوون بە ھەڵامەت لە زستان.

ئاڵۆزییەکانی
- ھەوکردنی گوێی ناوەوە، زۆر باوە لە منداڵان.
- ھەوکردنی بۆشاییە ھەواییەکانی کەللەی سەر (جیوب).
- تووشبوون بە بەکتریا، وەک ھەوکردنی گەروو، ھەوکردنی سییەکان، ھەوکرنی بۆڕی ھەناسە. ئەمانە دەبێت لەلایەن پزیشکەوە چارەسەر بکرێن.

چارەسەری لە ماڵەوە بۆ ھەڵامەت
شلەمەنی زۆر بخۆرەوە؛ ئاو، چای، شەربەت، شلەی گەرم.
سوپی "چەلاو" مریشک بخۆرە؛ لێکۆ‌ڵەرەوان لەو باوەڕەدان کە چەلاوی مریشک دەبێت ھۆی کەم کردنەوەی نیشانەکانی ھەڵامەت.
پشوو بدە.
جێگای نیشتەجێ بوون "ژوورەکەت" گەرم رابگرە، بەڵام زۆر زۆر گەرم نەبێت.
گەرووت نەرم بکەرەوە بە خواردنەوەی گەرم بەڵام گەرووت نەسووتێنێت! ھەروەھا ھەنگوینیش لەوانەیە یارمەتی کەم کردنەوەی ئازار و نیشانەکان بدات.
ü قەترەی سەڵاینی کەپوو (saline nasal drops) بەکار بھێنە، یارمەتی کردنەوەی گیرانی لووت دەدات. قەترەیەکی سەلامەتە و نابێتەھۆی بریندارکردن.

خۆپاراستن
- شووشتنی دەستەکان بەباشی.
- بەکارھێنانی کلێنکس.
بەکارنەھێنانی کەلوپەلی کەسێکی تووشبوو.
4070 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/06/2015
زیاتر...
1