
لە نوسینی/ د. سۆران محمد غریب
ژانی لاسەرە "الشقیقە"
ژانی لاسەرە دەکرێت زۆر سەخت بێت، کاتێک نیشانەکان توند دەبن. زیاتر لە ١٧% ئافرەتان و ٦% پیاوان لە جیھان رووبەڕووی ژانی لاسەرە بووینەوە.
لە ھەندێک کەسدا، ئەم ژانەسەرە سەختە لەوانەیە لەگەڵ یا دوای چەند نیشانەیەکی ئاگادارکەرەوە بێت، وەک پێشچاو سپی بوون، رەشکەوپێشکە، مێروولەکردنی قاچ و پێیەکان. ھەروەھا لەوانەیە ھێڵنج و رشانەوەشی لەگەڵ بێت، یا زۆر ھەستیاری بۆ رووناکی و دەنگ. ھەروەھا ژانی لاسەرە لەوانەیە بۆ چەند کاتژمێرێک یا چەند رۆژێک بخایەنێت.ھەرچەندە تاکو ئێستا چاک بوونەوە نییە بۆ ئەم نەخۆشییە، بەڵام چارەسەری ھەیە بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکە و ھەروەھا کەم کردنەوەی چەند جارەی نۆرەکان.
-
نیشانەکانی
نۆرەی ژانی لاسەرە، ھەندێک یا ھەموو لەم نیشانانەی خوارەوەی لەگەڵ دەبێت؛
- ژانە سەرێکی پلە مامناوەندی بۆ توند، زیاتر لە یەک لای سەر دەبێت بەڵام دەکرێت لە ھەردوو لای سەریش بێت.
- لێدانی دەماری سەر "وەک ھەستکردن بە لێدانی دڵ وایە بەڵام لێدانەکە لە دەوروبەری کەللەی سەرن".
- ژانەکە بە جووڵانەوە و کارکردن زیاد دەبێت.
- ھێڵنج ھاتنەوە لەوانەیە رشانەوەشی لەگەڵ بێت.
- ھەستیاری بۆ دەنگ و رووناکی.
- ئەگەر چارەسەری وەرنەگیرێت لەوانەیە درێژە بخایەنێت لە ٤ کاتژمێر بۆ ٧٢ کاتژمێر. ھەموو ژانە لاسەرەیەک وەک یەک نییە، لەیەکێک بۆ یەکێکی تر جیاوازە.
-
ژانی لاسەرە لە منداڵان
بەشێوەیەکی نموونەیی ژانی لاسەرە دەست پێدەکات لە تەمەنی منداڵی – ھەرزەکاری – پێگەیشتوویی، لەگەڵ بەساڵاچوون نۆرەکان لەرووی توندی و ژمارەوە کەم دەبنەوە.
ژانی لاسەرە لە منداڵان کەم دەخایەنێت، بەڵام ئازارەکە زۆر بێزاکەرە و لەوانەشە ھێڵنج و رشانەوە و سەرسووڕان و زۆربوونی ھەستیاری بۆ رووناکی لەگەڵ بێت. بۆ چارەسەری پێویست بە سەردانی پزیشک دەکات.
-
ھۆیەکانی
ھەرچەندە ھۆیەکانی دروستبوونی زۆر روون نین، بەڵام زۆرێک لە لێکۆڵەرەوان ھۆیەکەی دەگەڕێننەوە بۆ کێشە لەبواری مێشک و دەماری.
-
ئەو ھۆکارانەی ژانی لاسەرە دەڕوژێنن؛
- گۆڕانی ھۆڕمۆنی لە لەش.
- ھەندێک خۆراک وەک کحول، پەنیر، چوکلات، کافایین، زۆرێک لە خۆراکی ھەڵگیراوی ناو قوتوو، ئەم خۆراکانە ھۆکاری ورژاندنی ژانی لاسەرەن.
- فشاری دەورونی، زۆر خۆ ماندووکردن لە کار و کاسبی.
- رووناکی بەشەوق و روون.
- گۆڕانکاری لە شێوازی نووستن، کەم نووستن یا زۆر نووستن.
- گۆڕانکاری لە ژینگە، لە کەش و ھەوا، وەرزش..ھتد.
- ھەندێک جۆری دەرمان.
ھۆکاری مەترسیدار بۆ تووشبوون بە ژانی لاسەرە
- مێژووی خێزانی، یەکێک لە ئەندامانی خێزان ژانی لاسەرەی ھەبێت، ئەوانی تریش لە مەترسی تووشبووندان.
- رەگەزی مێ، ژانی لاسەرە زیاتر لە ئافرەتان روودات، سێ ھەندەی پیاوان. ھەروەھا ماوەی دووگیانیش ھەندێک جار لە ھەندێک ئافرەت ھۆکاری مەترسیدارە.
کەی سەدانی پزیشک بکرێت؟
ژانی لاسەرە، کێشەیەکی درێژ خایەنە، بەڵام زۆربەی جار دەستنیشان ناکرێت و چارەسەرناکرێت. ئەگەر تۆ ھەستت کرد بە نیشانەکانی ژانی لەسەرە، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت.
خۆپاراستن
ئەگەر دەرمان وەربگریت یا وەرنەگەریت، گۆڕانکاری لە ژیانی رۆژانە گرنگە؛
- خۆ دوورگرتن لە ھۆکارە ورژێنەرەکان.
- وەرزشکردنێکی رێک و پێک (بەڵام نەک لەکاتی تووشبوون بە نۆرەی ژانی لاسەرە)، وەرزشێکی رێک و پێک دەبێتە ھۆی کەم کردنەوی فشاری دەروونی بەمەش مەترسی نۆرەکان کەم دەبێتەوە.
- بڕێکی باش بنوو، بەڵام زیاد مەنوو.
لە کاتی تووش بوون بە ژانی لاسەرە، ماسولکەکانت بشێلە و بساوێننەوە. ئەگەر کرا بڕۆ بۆ جێگایەکی تاریک و بێ دەنگ، پارچە بەفرێک لەناو پەڕۆکێک دابنێ پاشان لەسەر ئەو ناوچەیەی سەرت دابنێ کە ھەست بە ئازاری دەکەیت.