پیتی  ل
لیر/ لیرک
لیرگ (بە ئینگلیزی: Urticaria) کاردانەوەیەکی ئالێرجیکی تووشە کە بە شێوەی زیپکەی پانی سوور لە سەر پێست دەردەکەوێت.

لیرگ ھەڵماسینی پێستی لەشە وەک ئەوەی بەر گیای گەزنە کەوتبێت.

لیرگ نەخۆشییەکی کورت خایەنە کە تێیدا ھەموو لەش سوور دەبێتەوە و دەخورێ. ئەم دیاردەیە لە دەنکە زیپکەی وردی پەمەیی و بڕێجار بلۆق دەچێ کە وێڕای خورینی زۆر سەرھەڵدەدات. لیرگ بەزۆری بە ھۆی کاردانەوەی لەش لە ھەمبەر ماکی ھیستامین و ھاوشێوەکانی بەدی دێت

ئەو ماکانەی کە زۆرترین ئەگەری لیرگ دەرکردنیان لە سەرە: چەرەس، چاکڵێت، ماسی، تەماتە، ھێلکە، تووە فەرەنگی، شیر و زیادەمەنی خۆراکی و میوەی تازە بە تایبەت مزرەمەنی و دەرمانی ئانتی بیوتیک وەک پێنیسیلین و ئەسپیرین، خەوھێنەرەکان، ڤیتامینەکان و..

بە زۆری لیرگ بێ زەرەرە و زیانی لێ ناکەوێتەوەو لە ٦ حەفتەدا کۆتایی دێت، لەوانەیە ئەم ماوەیە زیاتر بێتەوە و تا چەندین مانگ و ساڵیش درێژە بستێنێ.

ناوەکانی تر
لە زمانی کوردیدا ئەم وشانە ھاتووە: لیر، لیرک و ھیر

چارە
باشترین چارەسەری لیرگ، ناسین و دەسنیشان کردنی ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی لیرگ و خۆپاراستن لێیانە. لەوانەیە گۆڕانی شوێنی ژیان بۆ ماوەی دوو حەفتە، کاریگەرییەکی زۆر باشی ھەبێ.

ئەو کەسانەی لیرگ دەردەکەن، دەبێ لە خواردنی بڕێ خۆراکی وەک چەرەز، مۆز، تووە فەرەنگی، پیاز، تەماتە، باینجان، ھێلکە، مزرەمەنی، شیر، ماسی، پەنیر، بەھارات، ڕەنگی خۆراکی، خۆراکی تێکەڵ بە ماکی ڕاگر (سووسیس، کۆنسێرڤ، مایۆنێز و..) پارێز بکەن، دەرمانە ناپێویستەکان وەلاوە نێن و بە ئاوی فێنک خۆ بشۆن.

ھەتوانەکان وەک کرێم و لووسیۆن لە سەر لیرگ کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە.

زۆربەی کات بۆ ھێور کردنەوە و لابردنی لیرگ، دەرمانی ئانتی ھیستامین بەکار دێنن، ئەم دەرمانانە لەوانەیە خەوھێنەر بێ، کەوایە لە کاتی لێخوڕین و وردەکاریدا بەکاری مەھێنن. ئانتی ھیستامی چەن جۆری ھەیە کە لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕی و پزیشک جۆرەکەی دەسنیشان دەکات.

سەرچاوە/
ویکیپێدیای کوردی
3510 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/06/2016
زیاتر...
1