پیتی  گ
ناتەواویی‌و تێکچوونی کتوپڕی گورچیلە
ناتەواویی‌و تێکچوونی کتوپڕی گورچیلە

مەبەست لە تێکچوون‌و ناتەواویی کتوپڕی گورچیلە چی‌یە؟
بە تێکچوونی کتوپڕی گورچیلەو ھاتنەوە سەر حاڵەتی ئاسایی‌یەکەی‌و ھاوکات زۆربوونی خەستایی کراتێنین‌و ئوورە  ناتەواویی گورچیلە دەگوترێ.

‌ھۆیەکانی ئەم ناتەواویی‌یە کامانەن؟
نەمان یان کەم بوونەوەی تراوی لەش لە ئاکامی خۆێنرێژیی، ڕشانەوە، زگەشۆرە، سوتانی لەش، ئاڕەقەکردنی لە ڕادەبەدەرو دابەزینی گوشاری خوێن‌و ڕاچلەکین،
ماسینی لەش وەک ئاکامی ناتەواویی دڵ یان نەخۆشیی جەرگ وەک سیرۆز،
 کارتێکەریی ژەھراویی دەواگەڵێک وەکو ئامینوگلیکۆزێدەکان(چەشنێک ئانتی‌بیۆتیک) و دیکلۆفێناک(دژە ھەو) لە سەر گورچیلە،
بەسترانی ڕێگای میز بە ھۆی لوو و تومۆر، گەورە بوونی پرۆستات یا ھەبوونی بەرد،
 قەپاتبوون‌و بەسترانی رێگەی خوێنبەرەکان،
کەم‌خوێنیی گورچیلە بە ھۆی کەم‌بوونەوە یا نەگەێشتنی خوێن.

تێبینی/
 Cirrhosis, تێکچوونی درێژخایەن و نەگەڕاوەی تانی جەرگ کە دەبێتە ھۆی تێکچوون‌و لە بێن‌چوونی کاری ئاسایی ئەم ئەندامە.

نیشانەکانی تێکچوونی کتوپڕی گورچیلە کامانەن؟
لە سەرەتادا لەوەدەچێ نیشانەیەکی تایبەتیی نابیندرێ، بەڵام بە پێی ھاتنەخوارەوەی کاری گورچیلە ئەم نیشانانە وەبەرچاو دەکەون:
بێ حالیی‌و ماندوویی،
پشووسواریی،
ماسینی لەش،
 نارێک لێدانی دڵ بە ھۆی زۆربوونی پتاسێۆمی خوێن،
ھەوی دڵپۆش بە ھۆی زۆربوونی ئوورەی خوێن،
 کەم‌خوێنیی،
بێ‌ئیشتیایی،
 چوونەسەرێی گوشاری خوێن،
کۆما‌و تەنانەت مردن.

قوناخەکانی ئەم نەخۆشیی‌یە کامانەن؟
قۆناخی یەکەم ـ ئازاری گورچیلە وەک ئاکامی کەم‌خوێنیی یان کاریگەریی ماددەی سەمیی. لەم حاڵەتەدا قەبارەی میز ئاسایی‌یە ( میزی ڕۆژانە تا ٢٠٠٠ میلی‌لیترە).
قۆناخی دووھەم ـ ئۆلیگئووریی(قەبارەی میزی ڕۆژانە کەمتر لە ٥٠٠ میلی‌لیترە) یا ئانووریی (قەبارەی میزی ڕۆژانە کەمتر لە ١٠٠ میلی‌لیترە)،
قۆناخی سێھەم ـ پۆلی‌ئووریی(قەبارەی میزی ڕۆژانە پتر لە ٢٠٠٠ میلی‌لیترە)،
قۆناخی چووارەم ـ قەبارەی میزی ڕۆژانە ئاسایی‌یە.

دوکتور بۆ ئاشکراکردن‌و زانینی ناتەواویی کتوپڕی گورچیلە چ دەکا؟
دوکتور خوێن‌و میزی نەخۆش بۆ تاقیگە دەنێرێ. لەم نەخۆشانەدا ڕادەی کراتێنین‌و ئوورەی خوێن‌و پتاسیۆم دەچێتە سەرێ‌و کاری پاڵاوتنی گڕمۆلەکانی گورچیلە کەم‌دەبێتەوە. لە میزدا لەوەدەچێ خوێن، پرۆتێین‌و خڕۆکە سپیی‌یەکان ببیندرێ. ھەروەھا لە سۆنۆگرافیی بۆ ھەڵسەنگاندانی ئەندازەو ساختومانی گورچیلەو نموونەھەلگرتن لە تان‌و پۆی گورچیلە کەڵک‌وەردەگیرێ.

تێبینی/
 Glomerular filtration rate[GFR] Glomerulus, کاری گڕمۆلەکان لە گورچیلە دا پاڵاوتنی تشتی نا‌پێویستی خوێنە.

ناتەواویی کتوپڕی گورچیلە چۆن دەرمان دەکرێ؟

لە پلەی ئەوەلدا دەبێ ھۆیەکانی ناتەواویی کتوپڕی گورچیلە بزانرێ. شەکری خوێن‌و گوشاری خوێن دەبێ بە باشی کۆنتڕۆڵ بکرێن. بە پێی ئەو نیشانانەی کە دیتراون لە دەرمانی جۆراجۆر، ھەروەھا لە کاتی پێویست‌دا لە دزگای دیالیز بۆ پاڵاوتنی خوێن کەڵک‌وەردەگیرێ.

ئا/ د. کامەران ئەمین ئاوە
 
3729 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
29/02/2016
زیاتر...
12