ئاریتمیی
مەبەست لە ئاریتمییی چییە؟
ئاریتمیی چەمکێکە بۆ ناساندنی ئەو حاڵەتانە کە دەبنە ھۆی خێرا، خاو یان ناڕێکلێدانی دڵ. بە خێرالێدانی نائاسایی دڵ، تاکیکاردیی و بە خاو لێدانی نائاسایی دڵ، برادیکاردیی دەکوترێ. ڕێژەی لێدانی دڵ لە تاکیکاردییدا پتر لە١٠٠ کەرەتو لە خاو لێدانی دڵ کەمتر لە ٦٠ کەرەت لە خولەکێکدایە. بە ناڕێکلێدانێ داڵانی دڵ - ئاتریال ئاریتمیی و بە ناڕێک لێدانی دڵ کە لە سکۆڵەوە دەست پێ دەکرێ وێنتریکل ئاریتمیی دەکوترێ . مەترسی ناڕێکلێدانی سکۆڵەی دڵ بۆ مرۆڤ زۆرترە ھەتا ناڕێک لێدانی داڵانی دڵ.
سەرچاوەی ناڕێکلێدانی دڵ کامانەن؟
ناتەواویی گرێی سینوسی بۆ بەرھەمھێنانی ترپەی ئەلیکتریکیی ،
نائاساییبوونی ئەو ئاھەنگەی کە لە گرێی سینوسییدا بەرھەم دێ،
تێکچوونی ڕەوتی ڕاگوێزتنەوەی ترپە و پسان یان بەسترانی تەزووی ئەلکتریکیی( لێدانی سەربەخۆی داڵانو سکۆڵە) بێ پێوەندیی لەگەڵ یەک و ...
لە کاتی ئاریتمییدا چ نیشانەیەک دەبیندرێ؟
بە پێی چەشنی ئاریتمیی لەوەدەچێ لە سینگدا ھەست بە نیشانەکانی خۆارەوە بکرێ:
دڵ ڕەپێ کردن،
دڵە تەپێی سەخت ،
تەپ تەپ کردنی دڵ،
خێراو ڕێک و پێک لێدانی دڵ،
ھەروەھا نەخۆش لە کاتی ناڕێک لێدانی توندی دڵدا تووشی سەرگێژە، بێھۆشی، سینگئێشەو پشووسواریی دەبێ.
ھۆیەکانی ئاریتمیی کامانەن؟
ئاریتمیی زگماکیی دڵ،
جگەرە، ئەلکۆڵ، کافئین، ماددەی سڕکەر،
ھێرشی دڵ،
گەورەبوونی دڵ وەک ئاکامی بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن،
پڕکاریی تیرۆئێد،
و ھتد ...
ئاریتمیی دڵ چۆن دیاریی دەکرێ؟
گرتنی نەواری دڵ. بەم مەبەستە لە دەزگای ئەلێکترۆکاردیۆگراف کەڵک وەردەگیرێ.
گرتنی نەواری دڵ لە کاتی ئەنجامی کارێکی لەشیی یان پاش بەکارھێنانی دەواگەلێک وەکو دۆبیوتامین.
کۆنتڕۆڵی کاری دڵ، گوشاری خوێن، شەکری خوێنو ڕێژەی ھۆرمۆنەکانی تیرۆئێدی خوێن.
ئاریتمیی چۆن چارەسەردەکرێ؟
چارە سەرکردنی ئاریتمیی دڵ لە پێوەندیی لەگەڵ چەشنی ئاریتمییو ڕادەی جیددی بوونیدایە. بەشێکی زۆر لە ئاڕیتمیییەکان پێویستیییان بەھیچ چەشنە دەرمانێک نییە. جارو بار تەنیا وەلانانی کافئین (کۆکاکۆڵا، پیپسیکۆلا، قاوە و... ) دەتوانێ ببێتە ھۆی گەڕانەوەی ئاھەنگی دڵ بەحاڵەتی ئاسایی خۆی. بە پێی ھۆ و چەشنی ئاریتمیی بۆ چارەسەرکردنیان لە دەوای جۆربەجۆر، ھەروەھا چاندنی تڕپەڕێکخەر بۆ بردنەسەرەوەی ڕێژەی لێدانی دڵو دیفیبریلێیتێر بۆ ھینانەخوارەوەی خێرالێدانی دڵ کە بۆ ژیانی نەخۆش جێی مەترسین، کەڵک وەردەگیرێ.
بۆ پێشگیریی لە ئاریتمیی دڵ پێویستە چی بکرێ؟
وەلانانی جگەرە،
چالاکیی فیزیکیی لەژێر چاوەدێری دوکتوردا،
خواردنی خواردەمەنی کەمچەورییو پر لە فیبر( سەوزی و میوە ...)،
کۆنتڕۆڵی کۆلسترۆڵی خوێن،
کۆنتڕۆڵی گوشاری خوێن،
ھێنانەخوارەوەی قورسایی لەش،
وەرزشی بەردەوام،
کۆنتڕۆڵی شەکری خوێن،
دووری لە ھەر چەشنە سترێسی ڕۆحیی.
ئا/ د. کامەران ئەمین ئاوە