نەخۆشیی دەربیجەکانی دڵ
تەنگیی دەربیجەی ئائۆرت
تەنگیی دەربیجەی ئائورت دەبێتە ھۆی پێشگیریی لە رۆیینی ئاسایی خوێنی خاوێن لە ڕێگای ئائورتەوە بۆ ئەندامەکان. ئەندازەی ئاسایی دەربیجەی ئائورت ٣ سانتی میتری چوارگۆشەیە.
نیشانەکانی ئەم نەخۆشیییە کاتێک دەبیندرێ کە ئەندازەی دەربیجە ی ئائورت بە کەمتر لە ١ سانتی میتری چوارگۆشە بگا. تەنگیی دەربیجەی ئائورت دەبێتەی ھۆی چوونەسەرەوەی فشاری نێو سکۆڵەی چەپ، ئەستووربوونی ماسولکە و ھێنانەخوارەوەی ھێزی گرژبوونی دڵ.
ھۆیەکان تەنگیی دەربیجەی ئائۆرت کامانەن؟
کۆبوونەوەی کالسیوم لە سەر دەربیجەی ئائورت. چوونەسەرێی تەمەن دەتوانێ ھۆی کۆبوونەوەی کالسیومی خوێن لە سەر دەربیجەی ئائورت بێ. لە کەسانێکدا کۆبوونەوەی کالسیوم ڕەنگبێ ببێتە ھۆی تەنگیی دەربیجەی ئائورت.
یاوی رۆماتیسمیی
ھەوی چڵکیی گەرو بە ھۆی سترێپتۆکۆکەوە (چەشنە باکتریییەک) بە تایبەت لەکاتی منداڵیدا سەرچاوەی ئەم نەخۆشیییەیە. ئەم نەخۆشیییە دەبێتە ھۆی پێکھاتنی جێیبرین و تەنگیی دەربیجەی ئائورتو دربیجەکانیتری دڵ.
ئاڵۆزیییەکانی تەواوکاریی زگماکیی دڵ. منداڵگەلێک بە تەنگیی زگماکیی ئائورت لە دایک دەبن. نیسبەتی ئەم حاڵەتە لە نێوان کوڕو کچدا چوار بە یەکە.
نیشانەکان تەنگیی دەربیجەی ئائۆرت کامانەن؟
سینگئێشە،
نێشانەکانی ناتەواویی دڵ،
بورانەوە،
تێبینی/
نهگهیشتنی
خوێنی پێويست بۆ ماوێکی کوڕت به مێشک،
به تايبهتیی لهکاتی چالاکیی فيزيکییدا
دهبێته هۆی له هۆشچوونی لەنەکاوی
نهخۆش Syncope,
ماندووییو داکشانی ھێز لە کاتی چالاکییدا،
نەفەس بڕکێ بەتایبەتیی لەکاتی چالاکیی فیزیکییدا،
دڵە کوتە،
ماسینی مەچەکی پێ و قاچەکان،
مردنی لەنەکاو.
تەنگیی دەربیجەی ئائۆرت چۆن دەسنیشان دەکرێ؟
دیارییکردنی ئەم نەخۆشیییە بە پێی نیشانەکان، دۆزراوەکانی فیزیکیی وەکو بیستنی دەنگی نائاسایی دڵ، ھەراویی بەشی بەرەوژۆری ئائۆرت لە وێنەی ڕکەیسینگ بە یارمەتیی تیشکی ئیکس، نەواری دڵ، ھەڵسەنگاندنی ڕادەی تەنگییو کاری دەربیجەی ئائۆرتو گۆڕانکاریییەکانی دڵ بە کەڵکوەرگرتن لە ئێکۆکاردیۆگرافیییە.
تەنگیی دەربیجەی ئائۆرت چۆن چارەسەرکردن دەکرێ؟
وەلانانی ھەر چەشنە کارو چالاکیی قورسو دژواری فیزیکیی،
بە پێێ ڕادەی تەنگیی دەربیجەی ئائورتو نیشانەکانی ئەم نەخۆشیییە لە دەوا یان نەشتەرگەرییو چاندنی دەربیجەی ئائورت کەڵکوەردەگیرێ.
گەڕاندنەوەی ئائورتیی
مەبەست لە گەڕاندنەوەی ئائۆرتیی، گەڕانەوەی بەشێک لە خوێنی ئائۆرت بۆ نێو سکۆڵەی چەپ بە ھۆی ناتەواو بەسترانی دەربیجەی ئائۆرت لەکاتی خاوبوونەوەی دڵە. ئەم نەخۆشیییە ھەروەھا وەک ناتەواویی دەربیجەی ئائۆرتیش پێناسە دەکرێ.
ھۆیەکان گەڕاندنەوەی ئائورتیی کامانەن؟
ھەوی چڵکیی نێوپۆشی دڵ ،
ڕوماتیسمیی دڵ،
زەبروێکەوتن کە ببێتە ھۆی دڕانی دەربیجە،
نەخۆشیی ڕیشەی ئائورت وەکو سیفلیسی ئائورت،
بەرزبوونەوەی فشاری خوێن،
گەڕاندنەوەی ئائۆرتیی
ئاڵۆزیییەکانی تەواوکاریی زگماکیی دەربیجەی ئائورت. ئەو کاتەی کە دەربیجەی ئائورت بە جێی ٣ پەڕە، ٢ پەڕەی ھەیە.
نیشانەکانی گەڕاندنەوەی ئائورتیی کامانەن؟
ئەم نەخۆشیییە ساڵانی ساڵ دەتوانێ ھیچ نیشانەیەکی نەبێ (بێجگە لەو کەسانەی کە ھەوی چڵکیی نێوپۆشی دڵ ھۆی نەخۆشیییانە). بە پێی پەرەسەندنیی نەخۆشییو شێوانی کاری دڵ نیشانەکانی خوارەوە دەبیندرێ:
پشووسوایی لە کاتی چالاکییو وەرزشدا،
بوورانەوە،
دڵ ئێشە،
نیشانەکانی ناتەواویی دڵ.
گەڕاندنەوەی ئائورتیی چۆن دەسنیشان دەکرێ؟
دیارییکردنی ئەم نەخۆشیییە بە پێی نیشانەکان، دۆزراوەکانی فیزیکیی وەکو بیستنی دەنگی نائاسایی دڵ، گەورەبوونی سکۆڵەی چەپو دەرپەڕیویی بەشی بەرەوژووری ئائۆرت لە وێنەی ڕکەیسینگدا بە یارمەتیی تیشکی ئیکس، نەواری دڵ، ھەڵسەنگاندنی ڕادەی پاناییو کاری دەربیجەی ئائۆرت بە یارمەتیی ئێکۆکاردیۆگرافیییە.
گەڕاندنەوەی ئائورتیی چۆن چارەسەر دەکرێ؟
بەپێی نیشانەو ڕادەی شێوانی کاری دڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشیییە لە دەوا یان نەشتەرگەرییو چاندنی دەربیجەی ئائورت کەڵکوەردەگیرێ.
تەنگیی دەربیجەی میترال
تەنگیی دەربیجەی میترال ھۆی پێشگیریی لە ڕژانی خوێنی داڵانی دڵ بۆ نێو سکۆڵەیە. ئەندازەی ئاسایی ئەم دەربیجەیە ٤ تا ٦سانتی میتری چوارگۆشەیە. تەنگیی ئەم دەربیجەیە دەبێتە ھۆی نەگەیشتنی خوێنی پێویست بۆ نێو سکۆڵەی چەپ، بەرزبوونی فشاری نێو داڵانی چەپ، پۆنگخوارنەوەی سیپەلکیی و ھێنانە خوارەوەی ڕادەی ناردنی خوێنی دڵ بۆ ئەندامەکان.
ھۆیەکانی تەنگیی دەربیجەی میترال کامانەن؟
ڕوماتیسمیی دڵ ھۆی سەرەکیی تەنگیی دەربیجەی میترالە،.
ئاڵۆزیییەکانی تەواوکاریی زگماکیی دڵ. منداڵگەلێک بە تەنگیی زگماکیی دەربیجەی میترال لە دایک دەبنو دەبێ نەشتەرگەریی بکرێن.
نیشانەکانی تەنگیی دەربیجەی میترال کامانەن؟
پشووسواریی،
ھێرشی شەوانەی نەفەس بڕکێ،
ماسینی کتوپڕی سیییەکان،
خوێن ڕشانەوە. لەوەدەچێ ئاکامی بەرزبوونەوەی فشاری نێو سیییەکان بێ.
تەنگیی دەربیجەی میترال چۆن دیاریی دەکرێ؟
دەسنیشان کردنی ئەم نەخۆشیییە بە پێی نیشانەکان، دۆزراوەکانی فیزیکیی وەکو بیستنی دەنگی نائاسایی دڵ، گەورەبوونی دڵ، ھەراویی داڵانی چەپو نیشانەکانی پۆنگخواردنەوەی تراو لە سیییەکان لە وێنەی ڕکەی سینگ بە یارمەتیی تیشکی ئیکسدا، نەواری دڵ، ھەڵسەنگاندنی ڕادەی تەنگییو کاری دەربیجەی میترال بە یارمەتیی ئێکۆکاردیۆگرافیییە.
تەنگیی دەربیجەی میترال چۆن چارەسەر دەکرێ؟
بەپێی ڕادەی تەنگیی دەربیجەی میترالھو سەرھەڵدانی نیشانەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشیییە لە دەوا یان نەشتەرگەرییو گۆڕینی دەربیجەی میترال کەڵکوەردەگیرێ.
گەڕاندنەوەی میترالیی،
بەسرانی ناتەواوی دەربیجەی میترال لە کاتی گرژبوونەوەی سکۆڵەدا دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی خوێنی نێو سکۆڵە بۆ داڵانی دڵ. ئەم کارە دەبێتە ھۆی ھاتنەخوارەوەی ڕادەی رۆیینی خوێن بۆ ئەندامەکان، بەرزبوونەوەی فشاری نێو داڵانو سیییەکانو لە ئاکامدا شێوانی کاری سکۆڵەی دڵ. ئەم حاڵەتە ھەروەھا وەک ناتەواویی دەربیجەی میترال پێناسە دەکرێ.
ھۆیەکانی گەڕاندنەوەی میترالیی کامانەن؟
ھەوی چڵکیی نێوپۆشی دڵ،
ڕوماتیسمیی دڵ،
شێوانی کاری مەمە ماسولکەی دڵ وەک ئاکامی نەخۆشیی کرونێریی دڵ،
ھەراویی سکۆڵەی چەپ،
کاردیۆمیۆپاتیی ھایپێرترۆفیک.
تێبینی/
Hypertrophic
Cardiomyopathy, ئەستور
بوونی ماسولکەی دڵ و دیواری نێوان دوو
سکۆلەی ڕاست و چەپ
نیشانەکانی گەڕاندنەوەی میترالیی کامانەن؟
ماندوویی و بی حاڵیی،
نەفەس بڕکێ،
ڕشانەوەی خوێن بەھۆی بەرزبوونەوەی فشاری سیییەکان،
ھێرشی شەوانەی پشووسواریی.
گەڕاندنەوەی میترالیی چۆن دەسنیشان دەکرێ؟
دیارییکردنی ئەم نەخۆشیییە بە پێی نیشانەکان، دۆزراوەکانی فیزیکیی وەکو بیستنی دەنگی نائاسایی دڵ، گەورەبوونی دالانوسکۆڵەی چەپ لە وێنەی ڕکەی سینگ بە یارمەتیی تیشکی ئیکس، نەواری دڵ، ھەڵسەنگاندنی ڕادەی پاناییو کاری دەربیجەی میترالو گەورەبوونی داڵانو سکۆڵەی دڵ بە یارمەتیی ئێکۆکاردیۆگرافیییە.
گەڕاندنەوەی میترالیی چۆن چارەسەر دەکرێ؟
بە پێی ڕادەی نیشانەکانو شێوانی کاری دڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشیییە لە دەوا یان نەشتەرگەرییو گۆڕینی دەربیجەی میترال کەڵکوەردەگیرێ.
ئا/ د. کامەران ئەمین ئاوە