پیتی  د
ناتەواویی دڵ
ناتەواویی دڵ/ شکستی دڵ

ناتەواویی دڵ چی‌یە؟

مەبەست لە ناتەواویی دڵ، لاوازیی دڵ بۆ پۆمپاژ کردنی خوێنی پێویست بۆ ئەندامەکانە. ناتەواویی دڵ نەک نەخۆشیی، بەلکوو ئاکامی ئەو نەخۆشیی‌یانەیە کە دەبنە ھۆی شێوان‌و تێکچوونی پێکھاتەو کاری ئاسایی دڵ.

ھۆیەکانی ناتەواویی دڵ کامانەن؟
نەخۆشیی خوێنبەری کرونێریی دڵ،
سەکتەی دڵ،
بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن،
نائاسایی دەربیچەکانی دڵ،
نەخۆشیی ماسولکەی دڵ،
ھەوی ماسولکەی دڵ،
نەخۆشیی زگماکیی دڵ،
نەخۆشیی سەختی سیی‌یەکان،
نەخۆشیی قەند،
کەم خۆێنیی،
پڕکاریی لووی تیرۆئید،
و ....

میکانیزمی ناتەواویی دڵ چی‌یە؟
بە شوێن زۆربەی نەخۆشیی‌یەکانی درێژخایەنی دڵ، کاری پۆمپاژکردنی دڵ دەشێوێ‌و دڵ ناتوانێ خوێنی پێویست بۆ ئەندامەکان بنێرێ، بەم حاڵەتە ‌ناتەواویی دڵ دەکوترێ. لە ‌ناتەواویی دڵدا نیسبەتی خوێنی گەڕاوە بۆ دڵ زۆرترە ‌لە ‌خوێنی پۆمپاژکراوە. ئەمە دەبێتە ‌ھۆی پۆنگخواردنەوەی خوێنی نێو دڵ ، نگەیشتنی خوێنی پێویست بە ئەندامەکانی‌تری لەش، گەڕانەوەی خوێن لە لای چەپی دڵەوە بۆ خوێنھێنەری سیپەلک. پۆنگخواردنەوەی خوێن‌و بەرزبوونەوەی فشاری نێو خوێنھێنەری سیپەلک دەبێتە ھۆی چوونی بەشیک لە ‌شلەئاوی خوێن بۆ نێو سیی‌یەکان‌وماسینی ئەوان. ئەم حاڵەتانە ئاکامی ناتەواویی بەشی چەپی دڵە. تێکچوونی ھێزی پۆمپاژکردنی بەشی ڕاستی دڵ دەبێتە ھۆی پۆنگخواردنەوەی خوێنی دیوەکانی بەشی ڕاستی دڵ‌و گەڕانەوەی خوێن لە خوێنھێنەرەکاندا. پۆنگخواردنەوەی خوێن‌و چوونەسەرێی فشاری نێو خوێنھێنەرەکان دەبێتە ‌ھۆی چوونی بەشێک لە شلەئاوی خوێن بو نێو تان‌و پۆی ئەندامەکان‌و ماسینی ئەوان. ئەم حاڵەتە ئاکامی ناتەواویی بەشی ڕاستی دڵە. ناتەواویی دڵ نەخۆشیی‌یەکی درەیژخایەنەو ئەمە بەو ماناییە کە بەرە بەرە کاری دڵ لاوازترو خراپتر دەبێ. دڵ بۆ ئەوەی ‌بتوانێ خوێنی پێویست بۆ ئەندامەکان بنێر‌ێ تووشی گۆڕانکاریی وەک ھەراویی دیوەکانی دڵ‌و ئەستوور بوونی ماسولکەی دڵ دەبێ. ‌ئەم دوو حاڵەتە لەسەرەتادا دەبنە ھۆی گرژبوونی بە ھێزتری دڵ‌و ناردنی خوێنی پێویست بۆ ئەندامەکان، بەڵام لە ئاکامدا کاری دڵ لاوازترو بێ‌ھێزتر دەکەن.

نیشانەکانی ناتەواویی دڵ کامانەن؟
پشووسواریی لە کاتی چالاکیی، پشوودانھو یا خەوتندا،
کۆخەی بەردەوام یا سیخەی سنگ،
ماسینی لاقەکان، مەچەکی پێ‌و زگ،
ماندوویی بەردەوام بەتایبەتیی لەکاتی پیاسەو ھەر چەشنە کاری فیزیکیی‌دا،
بێ‌ئیشتیایی،
دڵ تێکەلاتن،
سەڕەگێژەو شێواویی بەھۆی گۆڕینی ڕێژەی سودیۆمی خوێن،
چوونەسەرێی ڕادەی لێدانی دڵ،
سینگ ئێشە.

ناتەواویی دڵ چۆن دەسنیشان‌دەکرێ؟
ناتەواویی دڵ بە پێی نیشانەکان، تاقیکردنەوەی خوێن (چوونەسەرێی ھۆرمۆنی ناتریئووریتیک پێپتاید لە چەشنی " ب" لە خوێنداو ...)، وێنەگرتنی سینگ بە یارمەتیی تیشکی ئیکس ( ماسینی سیی‌یەکان، گەورەبوونی نائاسایی دڵ و ...)، ئێکۆکاردیۆگرافیی وکاردیو ـ کامپیۆتر تۆمۆگرافیی‌و شکڵ دروسکردنی مێغناتیسیی بە دەنگیی  بە ھێز بۆ ھەڵسەنگاندنیی کارو گۆڕانکاریەکانی پێکھاتەی دڵ) و کرۆنێرئانژیۆگرافیی بە تایبەتیی ئەو کاتەی کە گومان لە سیندرۆمی کتوپڕی کرۆنێریی دەکرێ یا جارێ ھۆیەکانی بە دروستی دەسنیشان‌نەکراون، دیاریی دەکرێ.

تێبینی/
B-Type natriuretic  peptide /BNP
 ھۆرمۆنێکە کە لە کاتی ناتەواویی دڵدا، لە سکۆڵەکانی دڵەوە دەڕژێتە ناو سیستێمی گەڕانی خوێن. 
 
ناتەواویی دڵ چۆن چارەسەر دەکرێ؟
ئامانجی سەرەکیی کەم‌کردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشیی‌و ھێنانەخوارێی ڕێژەی مردنی نەخۆشە. کارتێکریی دەواکان بریتین لە ‌ژیانەوە، پاڕاستنی کاری ئاسایی دڵ‌و کەم‌کردنەوەی ماسینی سیی‌یەکان. بەم مەبەستە ‌ئەم دەوایانە بە ‌پێی ھۆ، پلەو ڕادە، نیشانەو شێوانی کاری تایبەتیی دڵ لە ژێر چاودێریی دوکتور بە کار دەبردرێن:
دەوا بۆ گوشادکردنەوەی ڕەگەەکان، باشترکردنی ڕۆیشتنی خوێن‌و ھینانەخوارەوەی فشاری خوێن، وەکو ھیدراڵازین و کاپتۆپریل، 
دەوا بۆ کەم‌کردنەوەی ماسینی سیی‌یەکان‌و لاقەکان وەکو فوراسێمید ،
دەوا بۆ بەرزکردنەوەی ھێزی گرژبوونەوەی دڵ‌و ناردنی خوێن بۆ ئەندامەکان وەکو دیگۆکسین،
جاروبار بۆ کەم‌کردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشیی‌و باشترکردنی ڕەوتی خوێن لە ‌نەشتەرگەریی "بای‌پەسی" خوێنبەری کڕۆنێریی  یان ئانژیۆپڵاستیی کەڵک وەردەگیرێ. ئەو کاتەی کە ‌دڵ بە ‌شێوەیەکی بەرچاو کارایی پۆمپاژکردنی خوێن لە ‌دەست بدا، گۆڕین‌و چاندنی دڵ دەتوانێ تەنیا ڕێگای پاراستنی ژیانی نەخۆش بێ.

د. کامەران ئەمین ئاوە
4809 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/02/2016
زیاتر...
123