دەزگای ھەناسەکێشان
مرۆڤ لە کاتی خەو و ھۆشیاریی بیر لە ھەناسە ناکا، ئەم کارە بە شێویەکی ئاساییو خۆکار ئەنجام دەگرێ. مرۆڤ ڕۆژانە تا ٢٠ ھەزار جار نەفەس دەکێشێو تا ئەو کاتەی تەمەنی بە ٧٠ ساڵ دەگا بەلانی کەم نزیک بە ٦٠٠ میلیۆن جار نەفەسی کێشاوە. ئەم ڕەوتە تەنیا بە یارمەتی دەزگای ھەناسەکێشان وەدی دێ.
دەزگای ھەناسەکێشان لە چی پیکھاتووە؟
دەزگای ھەناسەکێشان بریتیییە لەو ئەندامانەی کە لە ڕەوتی ھەناسەکێشانو ئاڵوگۆڕی ئوکسیژێنو کەربۆن دیئۆکسید دا بەشداریی دەکەن. ئەم ئەندامانە بریتین لە ڕێگای ھەناسە (لوت، دەم، گەرو، بۆرییو بۆریچەکانی ھەناسە) و سیییەکان.
مەبەست لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕی ئوکسیژێنو کەربۆن دیئۆکسید چییە؟
ئەرکی سەرەکیی دەزگای ھەناسەکێشان ئاڵوگۆڕی گازەکانە. ئەم کارە تەنیا لە ڕەوتی ھەناسەکێشان وەدی دێ. ئوکسیژێن لە کاتی ھەڵمژێنی ھەوا، دوای تێپەربوون لە ڕێگای ھەناسەو کیسەکانی ھەوایی سیییەکان دەگاتێ ناو گەڕانی خوێنو ھاوکات لە کاتی نەفەسدانەوە، کەربون دیئوکسید ھەر لەم ڕێگایەوە بەرەو دەرەوەی لەش ڕەوانە دەکرێ.
کاری کیسەی ھەوا چییە؟
تانو پۆی سیییەکانی مرۆڤ پێکھاتوو لە نزیک بە ٥٠٠ میلیۆن کیسەی ھەوایییە Alveolus . دەوری نزیک بە ھەفتا لە سەدی ئەم کیسانە لە لایەن مویڕەگەکانەوە Capilairy, موولوولەکانی خوێن، شینەدەمار گرتراوە. ئوکسیژێنی ھەڵمژراو پاش گەیشتن بە ئالوویۆلەکان، دەڕێژێتە ناو مویڕەگەکانو دواتر ناو خوێنبەرەکان. ھاوکات کەربۆن دیئوکسید لە ڕێگای خوێنھێنەرەکانەوە دەڕژێتە ناو ئالوویۆلەکانو لە کاتی ھەناسەدانەوە ھەر لەم ڕێگایەوە ڕەوانەی دەرەوێ لەش دەکرێ.
بۆمرۆڤ پێویستی بە دەزگای ھەناسە ھەیە؟
تەواوی ئەندامەکانی مرۆڤ بۆ زیندومانەوەو بەجێھێنانی ئەرکی خۆیان پێویستیییان بە ئوکسیژێنو دەرکێشانی کەربۆن دیئوکسید وەک ماددەی ناپێویست لە لەش ھەیە. ئەم ئاڵوگۆڕە تەنیا بە یارمەتی دەزگای ھەناسە دەکرێ. لە نەبوونی ئوکسیژێندا، سیللولی ئەندامەکان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەمرن.
لە نووسینی د. کامەران ئەمین ئاوە