پیتی  ز
ھەوی کیسەی زیلک/زراو
ھەوی کیسەی زیلک/زراو

کیسەی زیلک چی‌یە؟

کیسەی زیلک تورەکەیەکە ‌بە درێژایی ١٢- ١٠ سانتی‌میترو پانایی ٢.٥ سانتی‌میتر کە لە ژێر جەرگدایە. تراوی زیلک دوای بەرھەم‌ھاتن لە جەرگدا، لە ڕێگای لولەیەک بە ناوی لولەی جەرگ ڕەوانەی کیسەی زراو دەکرێ تا دوای ئەنباربوونی، لە کاتی پێویستدا لە ڕێگای لولەی زراوبەرەوە ڕەوانەی دوازدەقامکە (بەشی سەرەتایی ڕیخۆڵە باریکە) کرێ‌و لە ڕەوتی ھارێنی چەوریی‌دا بەشداری بکا. 




ھۆیەکانی ھەوی کیسەی زیلک کامانەن؟ 

لەوەدەچێ بەسرانی ڕێگای زراوبەرو پۆنگاوی زراو لە کیسەی زیلکدا ‌ھۆی ھەوی ئەم ئەندامە بێ. بەردی کیسەی زراو، بەردی ڕێگای زراوبەر، تومۆری شپیلک و بوونی کرمی ئێسکاریس لەم ڕێگایەدا ھۆی بەسران‌و تەنگبوونی ڕێگای ڕۆیینی زراو بەرەو ڕیخۆڵەی باریکەیە.  

نیشانەکانی ھەوی کیسەی زیلک  کامانەن ؟ 
نیشانەکانی ھەوی کیسەی زیلک بریتین لە ئێش لە بەشی سەرەوەی ڕاستی زگ‌و تەشەنەکردنی بەرەو دەفەی شانی ڕاست بە تایبەتیی دوای پشوویەکی درێژدا، وەژان‌ھاتنەوەی گەدە واتە سک چەند کاتژمێر دوای نان‌خواردن؛ یاو، لەرز، زەردوویی، دڵتێکەڵاتن، ڕشانەوە، باکردنی زگ‌و جارو بار خوورینی لەش.

دوکتور بۆ دەسنیشان‌کردنی ئەم نەخۆشیی‌یە چی دەکا؟
بو دەسنیشانھکردنی ئەم نەخۆشیی‌یە دوکتور دوای تێروانینی لەش، خوێنی نەخۆش بۆ تاقیکردنەوە دەنێرێ. لەم تاقیکردنەوەدا لەوە دەچێ ڕادەی خڕۆکە سپیی‌یەکانی خۆێن‌و ئانزیمەکانی جەرگ زیاد بکەن. دوکتوری پسپۆڕ بە یارمەتی دەزگای سۆنۆگرافیی تەماشای کیسەی زیلک دەکا، ئەستووربوونی دیواری کیسەی زیلک نیشانەی ھەوی ئەم ئەندامەیە.

ئاڵۆزیی‌یەکان‌و مەترسیی ئەم نەخۆشیی‌یە کامانەن؟
ئەم نەخۆشیی‌یە دەتوانێ ببێتە ھۆی کوونبوونی کیسەی زیلک‌و پێکھاتنی ئابسە لە دەوری ئەم ئەندامە، ھەروەھا جەرگ‌و ناو زگدا، پێکھاتنی فیستوول لە نێوان کیسەی زیلک‌و ئەندامەکانی دەوروبەری وەک دوازدەقامکە، ھەرەوھا ھەوی چڵکیی کیسەی زیلک بە تایبەتیی لە ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی شەکریان ھەیە. ھەوی درێژخایەنی کیسەی زیلک ڕادەی مەترسیی شێرپەنجەی ئەم ئەندامە زیاد دەکا.

ئەم نەخۆشیی‌یە چۆن چارە دەکرێ؟
بۆ چارەکردنی ئەم نەخۆشیی‌یە لە دەرمان، ھەروەھا  نەشتەرگەریی کەڵک وەردەگیرێ.

سەرچاوە
کتێبی نەخۆشییەکانی ھەناو لە نووسینی د. کامەران ئەمین ئاوە

4194 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
13/02/2016
زیاتر...
1