ھەوی گەدە
ھۆیەکانی ھەوی گەدە کامانەن؟
ھۆیەکانی ھەوی کتوپڕی گەدە بریتین لە: خواردنەوەی لە ڕادەبەدەری ئەلکۆڵ، مەسرەفی دەرمانگەلێک وەک ئاسپرینو دیکڵۆفێناک، سترێس بە شووین زەبروێکەوتن، سووتانو شۆک، ھەروەھا باکتریییەک بە ناوی ھلیکۆباکترپیڵۆری.
بەشێک لە ھۆکارەکانی ھەوی درێژخایەنی گەدە بریتین لە: ھلیکۆباکترپیلۆری، پێکھاتنی دژەلەش٢ دژ بە بەشێک لە سیللولەکانی گەدە کە دەبێتە ھۆی کەمخوێنیی (بە ھۆی نەبوونی ویتامین ب ١٢) و گەڕانەوەی نائاسایی زیلک بۆ ناو گەدە.
نیشانەکانی ھەوی گەدە کامانەن؟
لە ھەوی کتوپڕی گەدە نیشانەگەلێک وەک: دڵتێکەڵاتن، ڕشانەوە، بێئیشتیایی، ھەست بە گوشارو قورسایی لە بەشی سەرەوەی زگ دەبیندرێ.
ھەوی درێژخایەنی گەدە زۆر جار نیشانەیکی تایبەتیی نییە، بەڵام جارو بار نەخۆش ھەست بە ئێش لە بەشی سەرەوەی زگ، دڵتێکەڵاتن، باکردنی زگ یان قورساییو پڕبوونی گەدە، ھەروەھا دڵەکزە دەکا.
دوکتور بۆ دەسنیشانکردنی ئەم نەخۆشیییە چی دەکا؟
بۆ دەسنیشانکردنی ئەم نەخۆشیییە بە یارمەتی دەزگایەک بە ناوی ئیندۆسکۆپ تەماشای گەرو، گەدەو دوازدەقامکە دەکرێو لەوەدەچێ بۆ ئاگاداری لە ھەبوون یا نەبوونی ھلیکۆباکتر نموونە بەرداریشی لێ بکرێ. ئەمڕۆ بە یارمەتی ئاقیکردنی خوێن یان ھەناسە دەکرێ ئەم باکتریییە دەسنیشان بکرێ.
ئەم نەخۆشیییە چۆن چارە دەکرەێ؟
بۆ چارە کردنی ئەم نەخۆشیییە لە دەرمان، ھەروەھا ڕژیمی خواردن کەڵک وەردەگیرێ.
تێبینی
ئانتیبادی (دژەتەن) Antibody ماددەیەکی تایبەتمەندی پرۆتێینیییە کە بە شوێن بزواندنی ماددەیەکی دەرەکی(ئانتیژێن) پێکدێو ڕۆڵی بەرگریی بۆ لەش ھەیە. بەڵام لە نەخۆشیی خۆپارێزیی ئەم ماددەیە بە پێچەوانە، دژ بە سیللولەکانی ئاسایی لەش پێکدێو ڕۆلێکی نەرێنیی دەگێڕێ.
سەرچاوە
کتێبی نەخۆشییەکانی ھەناو لە نووسینی د. کامەران ئەمین ئاوە