
میران زوھدی – دەروونناس و دەروونناسی کۆمەڵایەتی – سوید
Epilepsi
کە بە کوردی پێیدەڵێین پەرکەم، یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان کە توشی ڕەگەدەماری مێشک دەبێت. ئەم نەخۆشییە تەنھا لە مرۆڤدا باو نیە بەڵکو لە ناو ئەو ئاژەڵانەشدا ھەن کە کۆرپەیان لە ڕێگەی منداڵدانەوە دەبێت و شیردەرن نەک ئەو ئاژەڵانەوی کە ھێلکەدادەنێنو لەسەر وشکانی دەژین، لەھەمان کاتدا لەناو باڵندەشدا ھەر باوە.
ھەزاران ساڵە ئەم نەخۆشییە خەڵکانی توشی ترسو سەرسوڕمان کردووە. بەپێی سەرچاوەکان کە لەر ئەم نەخۆشیە لەسەر بەر کە نوسراوەتەوە لە میزۆپۆتامیا، میسر، یۆنان و چینەوە نزیکەی ٣٧٠٠ ساڵە ئەم نەخۆشییە ناسراوە نەک وەک پەرکەم بەڵکو لە زەمانەدا خەڵکان وایان زانیوە کە ئەو کەسە شەیتان یان جنۆکە چۆتە ناو لەشییەوە بۆیە ئەم حاڵەتەی لێ بەسەردێت ساتێک کە فێی لێدێت. لە ھەندێ کلتوری تریشدا بە کردارێکی پۆسێتیڤ لە قەڵەم دراوە، گوایە کەسی توشبوو لە خوداو فریشتەکانەوە نزیکە. ئەم بۆچوونە ئێستاش لە زۆر شوێنی کلتورە جیاوازەکاندا ھەر ماوە. تەنانەت لە زۆر شوێنی کوردستانی خۆماندا کەسانی توشبوو دەبرێن بۆ لای مەلا سەر شەخس بۆ دوعا کردن.
فەیلەسوفی یۆنانی ھیپوکراتێس Hippocrates و ھاوڕێکانی یەکەم کەسبوون کە لە ٤٠٠ ساڵی پێش زاین ئەم بۆچونەیان بەدرۆخستەوە کە خەڵکان ھەیان بوو، بەڵکو پێیان وابوو کە نەخۆشییەکە دەگەڕیتەوە بۆ گۆڕانکاری کە لە مێشکدا ڕوودەدات. زانستی مۆدێرنی ئەمرۆکە کە ھەیە دەربارەی ئەم نەخۆشییە لە ساڵانی ١٨٠٠ وە سەرچاوەی گرتووە ئەویش نێڤرولۆگی بەریتانی بەناوی جاکسۆن .Hughlings Jackson (١٩١١-١٨٣٥) جاکسۆن سەلماندی کە ئەم نەخۆشییە دەگەرێتەوە بۆ گۆڕانکارییەکی زۆر خێرای تەزووە کارەباییەکانی مێشک.
ئەم گۆڕڕان کارییە کە لەناو خانەی ڕەگە دەمارەکاندا ڕوودەدات ساتێک سگنالە ئەلیکترۆنیەکان لە خانە نێورۆیەکەوە دەڕوات بۆ ئەوی تر. ئەمەش دەبیتە ھۆی ڕەقبوونی ماسولکەو جومگەکانی لەش لە دەستانی ھەموو یان زۆرینەی بەئاگابوون لەخۆ، واتە کەسیک کە شاڵاوی پەرکەمەکەی بۆ دێت یان ئاگای لە خۆی نامێنێتو بێھۆش دەبێت یان کەمێک ئاگای لە جیھانی دەرەوە دەمێنی و ھەر لەم ساتەشدا زاکیرەشی لەم شاڵاوە ڕزگاری نابێت و کەسی توش بوو یان ھیچی نایەتەوە یاد یان کەمێک لە ڕووداوەکەی دێتەوە یاد. مەبەستمان لە شاڵاو ئەو ساتەیە کە نەخۆشیەکە خۆی پیشان دەدات، واتە ئەو ساتەی کە تەزووە کارەبەییەکان بەرزو نزم دەبن.
خودی Epilepsi پەرکەم، ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم شاڵاوە، کە خۆمان زۆر جار پێی دەڵیین فێ، وەختو ناوەختی دیاری نەکراوە و پەیوەست نیە بە ڕوو داوە دەرەکیەکانەوە، یاخود ژینگەی دەرەوە بەڵکو کەس نازانێت کەی ڕوو دەدات، لەوانەیە کەسی توشبوو لە ناو پاسدابێت، ئۆتۆمبیل لێبخوڕیت، لەسەر کاربێت و ھتد. دواترئەم نیشانەیە دەبێت زیاتر لە یەک جار ڕووبدات تا کەسی توشبوو دیاگنۆسی پەرکەمی وەربگرێتو دەرمانی چارەسەری بدرێتێ، چونکە لەسەدا ٦٠ تا ٧٠ ی ئەوانەی کە یەک جار فێی پەرکەمیان لێھاتووە ئیتر دووبارە نابێتەوەو لەبەر ئەوە پێویست بە دەرمان ناکات. ئەوەی کە دوو جار ئەم ڕوداوەی لێ ڕوودابێت ئەوا شانسیان لەسەدا ٢٥ دەبێت بۆ وەرگرتنی دیاگنۆسی (دیاریکردنی نەخۆشی) پەرکەمو دەبێت دەرمان وەرگرن. زۆر جار ئەوانەی کە نیشانەی پەرکەمیان ھەیە بەبۆنەی کاری دەرەکیەوە وەک خوێن پژانی ، بەرزبوونی پلەی گەرمی لەش واتە تا، بەتایبەت لەمنداڵدا، بریندار بوونی کاسەی سەر و زیاد بەکارھێنانی ئەلکھول. ئەم ھۆیانە زۆر ژار دەبنە ھۆی دروست بوونی نیشانەکانی پەرکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی کە دروست بوونی فێیەکە بەھۆی کاریگەری دەرەکییەوەیە ناتوانرێت کەسی توشبوو بە نەخۆشی پەرکەم لەقەڵەم بدرێت ھەرچەندە چەند جارێکیش حاڵەتی فێی لێبێت. لەم کاتەدا لەباتی ئەوەی کە دەرمان بۆپەرکەم بدرێت بەنەخۆش، چارەسەرکردن ئاڕاستەی کاریگەرەدەرەکییەکە دەکرێت کە بۆتە ھۆی پەرکەمەکە، بۆ نموونە ئەوانەی کە الکھول زۆر دەخۆن و نیشانەی پەرکەم لێی ڕوداون ھەوڵ دەدرێت کە یارمەتی بدرین تا ئەلکھول نەخۆنەوە، ئەوەی تای بەرزە دەرمانی بدەنێ تا تاکەی دابزێنێ و ھەتد.
-
جۆرەکانی پەرکەم و نیشانەکان
١. Grand mal ئەم جۆرە کەسی توش بوو کاتێک کە شاڵاوی فێی لێدێت یەکەم جار بە بورانەوەیەکی لەناکاو دەستپێ دەکات و دەکەوێت بە عەرزدا و دواتر ماسولکەکانی ڕەق دەبن و زیاتر لەسەر پشت دەکەون. ئەم جۆرە پەرکەمە کاریگەری دەکاتە سەر بیری کەسی توش بوو و ئەمەش دەبیتە ھۆی ئەوەی کە کەسی توش بوو ھیچی بیر نامێنێ کاتێک کە دێتەوە ھۆش خۆی. ئەم جۆرە بەوە دەناسرێتەوە کە کەسی توش بوو لا ھەردولایەوە لای شانیەوە ھەڵدەبەزێتەوە وەک ئەوەی کارەبای لێبدەی. لەماوەی ١-٢ خولەک کۆتای دێتو ھەموو ماسولکەکانی لەشی خاودەبنەوە و کەسی توشبوو بە نەرموشلی و وەک بڵێی ھیلاک بێت پاڵدەکەوێت. لەبەرئەوەی کە تەنانەت ماسولکەکانی بۆری میزو ڕیخۆڵەکانیش لەکاتی شاڵاوەکەدا گرژ دەبن ودوایی خاو دەبنەوە، کە زۆر جار دەبێتە ھۆی ئەوەی کە کاسی توسبوو دیتەوە باری ئاسایی خۆی میز یان پیسایی بە خۆیدا دەکات. ھەروەھا لەکاتی شاڵاوەکەدا لەبەر گرژبونی ماسولکەکانی بۆری ھەوا دەتوانریت دەنگێکی وەک خیزە یان قیژە ببیسترێت، لەوکاتەدا بۆری ھەوا گرژ دەبیتو ھاواکەی ناو بۆریەکە دەکاتە دەرەوە و دەبێتە ھۆی ئەو دەنگە و دەموچاوی کەسی توشبوو زەردھەڵدەگەرێت لەبەر نەبونی ئۆکسجین لەلەشیدا، بەڵام لەسەرەتای شاڵاوەکەوە دەموچاوی سوردەبیتەوە وەک چۆن کەسێک شتێکی قورس ھەڵدەگرێت.
٢. Petit mal (Absencer) ئەم جۆرە پەرکەمە لە پڕێکدا دەست پێدەکات و دەبێتە ھۆی پچڕانی ئەو چالاکیەی کە کەسی توش بوو لەو ساتەدا خەریکێتی. بۆنمونە لە پڕێکدا دەست پێدەکات کە کەسی تووش بوو خەریکی ڕێکردنە، یان خەرکی قسە کردنە، یان نان خواردنە و ھتد. کاتێک کە ئەم شاڵاوە دێت کەسی توشبوو ڕێک ڕادەوەدتێت و تەماشای بەردەمی خۆی دەکات بەبێ جوڵە وەک ئەوەی بڵێی پلاکی گلۆپێک بکۆژێنیتەوە یاکسەر گلۆپەکە دەکوژێتەوە. لەم ساتەدا کەسی توشبوو وەڵام ناداتەوە کەتێک کە قسەی لەگەڵ دەکەیت و چاوەکانی کراونەتەوەو چاو ناتروکێنێ. ھەروەک چۆن لەناکاو ئەم کەسە ڕادەوەستێت لە چالاکیەکەی کە خەریکیەتی ھارواش لە پڕ لە بەینی چەند چرکەیەک تا نیو خولەک دێتەوە باری ئاسایی خۆی، ھەر وەک گڵۆپەکە دابگیرسینیتەوە. ھەندێ جار ھەندێ نیشانەی تریان لێدەردەکەوێت وەک ڕەق بونی ماسولکەکان، بەڵام ئەوانەی کە ئەم جۆرە پەرکەمەیان ھەیە تاڕادەیەک کەمتر توشی ئەم کرژ بوونی ماسولکەیە دەبن. گەر کەسی توشبوو دەرمانی چارەسەر بەکار نەھێنی ئەوا ئەگەری ھەیە لە ڕۆژێکدا دەیان جار توشی ئەم کوژاندنەوەیەو داگیرساندنەوەیە ببێتەوە. Petit mal زیاتر توشی منداڵ و گەنجەکان دەبێت.
٣. Myoklona ئەم جۆرە زیاتر لەو کەسانەدا بەدی دەکرێت کە جۆرێک لە جۆرەکانی پەرکەمیان ھەبووە لە تەمەنی ھەرزەکارییەوە. ئەم جۆرە شاڵاوە بە ھەڵبەزینەوەی قۆڵو شان دەستپێدەکات و بە جۆری Absencer(٢) یان Grand mal(١) کۆتای دێت.
-
ھۆکاری توش بوون:
ھەرچەندە کە زۆر تەکنیکی لێکۆڵینەوەی نەخۆشیەکان بە گشتی لەم ڕۆکەدا پێشکەوتووە، بەڵام ھۆی توشبوونی نەخۆشی پەرکەم تا ئێستا لەسەدا ٥٠ ناسراوە و لەسەدا ٥٠ کەی تری دەگەڕیننەوە بۆ جیناتەکان، واتە ویراسی. ئەو لەسەدا ٥٠ ی کە بە مێتودی زانستی سەلمێنراون بریتین لەمانەی خوارەوە:
١. Stroke خوێن پژانی مێشک: ئەە کەسانەی کە پەرکەمیان ھەیە لەسەدا ١٥ تا ٢٠ یان خوێن پژانی مێشکیان ھەبووە ولەھەفتەی یەکەمی خوێنپژانەکەوە پەرکەمیش لێیان دەدات دوای باش بوونیان لە خوێن پژان ئەم پەرکەمە نامێنێ. ئەوانەی کە تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ بەرەو سەرەوەیە لەسەدا ٣ تا ٤ یان دوای ئەوەی کە لەھەفتەی یەکمی خوێن پژانەکەوە توشی پەرکەم دەبن، ئەم نەخۆشیە کۆتایی پێنایەت ھەرچەندە کارایی خوێن پژانەکەش کۆتایی پێھاتبێ.
٢. برینداربوونی مێشک لەزووەوە: لەسەدا ١٠ ی ئەوانەی کە پەرکەمیان ھەیە برینداری مێشکیان ھەیە کە لە منداڵییەوە بەھۆی پرۆسەی لە دایک بوونەوە یان لە کاتی منداڵی ساواییدا دروست بووە، کە تەنانەت ھەندێکیان کار دەکاتە سەر توانی عەقڵیو تێگەیشتنیشیان.
٣. ھەبوونی پەڵە لەسەر مێشک: لەسەدا ٥ تا ١٠ ی ئەوانەی پەرکەمیان ھەیە، پەڵەیان ھەیە لەسەر مێشکیان کە جۆری شێرپەنجە نیە بەڵکو دەتوانرێت لە ڕێگەی نەشتەر گەرییەوە ئەو پەڵەیە ببڕدرێتو نەخۆشی پەرکەمەکە چارەسەر بکرێت.
٤. برینداری لە کاسەی سەردا: لەسەدا ٣ تا ٦ ی ئەوانەی کە پەرکەمیان ھەیە برینداری کاسەی سەریان بەھۆی ڕوداووە جۆربەجۆرکەنی ژیانەوە وەک ڕوداوی ئۆتۆمبیل و ھتد، بریندا بووە. ئەم جۆرە گێژ دەبنو لە ھۆش خۆیان دەچن بۆ ماوەی ٣٠ خولەک.
٥. دروست بوونی ئلتیھاب Infection لە مێشکدا: لەسەدا ١ تا ٣ ئەوانەی کە پەرکەمیان ھەیە ئلتیھابی مێشکیان ھەیە. ئەم ھۆیە زیاتر لە وڵاتانی وەک ئەمریکای لاتین و ئەفریقا بەدی کراوە.
٦. لە دەستدانی بیر (زاکرە) Dementia: ئەو کەسانەی کە توشی لەدەستدانی بیر دەبن لەسەدا ١٨ یان توشی پەرکەم دەبن.
-
Diagnosis دەست نیشانکردنی پەرکەم
وەک وتمان کاتێک دەتوانین بڵێن کە کەسێک توشی نەخۆشی پەرکەم بووە کە زیاد لە یەک جار جۆرێک لەجۆرەکانی پەرکەمی لێھاتبێ لەکاتو ساتی دیاری نەکراودا بەبێ ھیچ ھۆیەکی دەرەکی. زۆر گرنگە کە بزانرێت لە چ بارودۆخێکدا شاڵاوی پەرکەمەکە ڕویداوە، چونکە زۆر جار بورانەوە بەھۆی زۆر نزمبونەوەی لیدانی دڵ، ناڕێکی لێدانی دڵ، حرسی دڵەڕاوکێ یان ژانەسەری بەھیزەوە ڕوودەدات.
لەبەر ئەوەی کە کەسی توشبوو زۆر بە دەگمەن لەکاتی سەردانی پزیشکدا شاڵاوی پەرکەمی بۆ دێت، ھیچ یان زۆر بە کەمی دێتەوە یادی کە چی ڕوویداوە، زۆر گران دەبێت بۆ پزیشک تا دەستنیسانی نەخۆشیەکە بکات. لەبەر ئەمە لەسەر قسەی شایەت حاڵی ڕووداوەکان کە زیاتر کەسوکاری نەخۆشەکەیە، یان ئەوانەی کە لەگەڵی کاردەکەن یان کاتی ڕووداوەکەیان بینیووە دەتوانرێت شکی نەخۆشی پەرکەم لە کەسی توشبوو بکرێت. پاشان بەھۆی ئامیری تەکنیکی تازەوە کە بە EEG elektroencefalografi ناو دەبرێت، دەستنیشانی نەخۆشییەکە دەکرێت. ئەم ئامێرە کە چەند وایەرێکی زۆری پێوەیە و بە کاسەی سەرەوە دەلکێنرێ، زەبزەبە کارەباییەکانی مێشک دەپێو لەڕێگەیەوە دەتوانرێت بزانریت کە گۆڕانکاری لەکوێی مێشکدا ڕوویداوە.
-
چارەسەر:
دەرمانی چارەسەر کە بەکاردەھێنرێت بۆ لابردنی یان نەھێشتنو لاوازکردنەوەی شاڵاوی فێکەیە نەک نەھیشتنی پەرکەم. ئەم جۆرە دەرمانە لە گروپی Antiepileptic ە و لە ساڵانی ١٩١٢ ەوە ئەم گروپەھەن یەکێک لەوانە کە لە زۆربەی شوێنی دنیا بەکاردەھێنرێت بۆ پەرکەم دەرمانی Fenobarbital ە. ئەمرۆکە ئەمرۆکە دەیان دەرمانی جۆراو جۆر ھەن کە دەبێت لە دوای دەستنیشان کردنی وردی نەخۆشیەکە و نیشانەکانی، ھەڵبژێرێت بە پێی جۆرو نیشانەی شاڵاوی پەلامارەکە، چونکە ھەریەکەیان بە جۆرێک کار دەکات. لە پاش ئەوەی کە دەرکەوت سەرەڕای بەکار ھێنانی دەرمانیش نەخۆشەکە ھەر فێی ھەیەو دەرمانەکە کارایی تەواو ناکات، دەتوانرێت لە زۆر شوێنی دنیا ئەم نەشتەرگەرییە لەدوای دەستنیشانکردنی تەواوی شوێنی چالاکیەکە لەمێشکدا ئەنجام بدرێت لەڕێگەی بڕینی ئەو شوێنەی کە چالاکی پەرکەمەکەی تێدا ڕوودەدات.
-
[email protected]
http://miranzuhdy.blogspot.com/
تێبینی/
بەسوپاسەوە وەرگیراوە لە مەڵپەڕی derunnasy