
د. زاھیر سوران
پسپۆڕی نەخۆشییە درمەکان و گشتییەکان.
بەرپرسی سەنتەری پزیشکی نوێ ، سلێمانی
گریان و فرمێسک
گریان:
بریتییە لەو ھەست و سۆزە ناسکەی پاش رووداوێک (خۆش یان ناخۆش) لای مرۆڤ دروست دەبێت ، زۆربەی زۆری جارەکان فرمێسک و ھەنسک ھەڵکێشانی لە گەڵدایە .
یان :
بریتییە لە وەڵامی مرۆڤانەی ئازارو ھەستەکان ، ھاوکات ناوەندێکە بۆ چاککردن (رەوینەوە) و ھاوسەنگکردنی ناوەوەی مرۆڤ . گریان بریتییە لە پێچەوانەی پێکەنین .
ماوەی گریان نزیکەی ٦ خولەکە و باشترین کات لە نێوان کاژێری ٦ تا ١٠ شەودایە .
ھەرچەندە مرۆڤ تاکە گیانلەبەرێکە کە دەگری بەڵام گیانلەبەری تریش ھەیە دەگرین وەلێ کاتێک ئازاریان پێدەگات یان ئازاریان دەبێت ، بەڵام لە نێو ھەموو گیانلەبەرەکاندا مرۆڤ بەتایبەتی دەگری فرمێسک و ھەنسک ھەڵکێشانەوە کە دەتوانێت کەسانی دی بخەنە گریان .
ئەوەی ئاشکرایە بەشی پێشەوەی مێشک ئەمری گریان دەربکات ، دەبێژن لەوانەیە ئەنزیمی (Acetyllkolin, vasopressin, oxytocin & Serotonin) ڕۆڵیان ھەبێت بە لە ھاوسەنگی گریاندا ، ھۆرمۆنی دی وەک ئۆکسیتۆسین (oxytocin) ڕۆڵیان ھەیە لە دەردانی دەنگی گریاندا . منداڵ لە کاتی لەدایکبووندا و پاش بڕینی ناوکی دەست بە گریان دەکات ، گەر نەگری دەبێت بکێشرێت بە سمتیدا بۆ ئەوەی بگری و یەکەم ھەناسە بدات ، دەنا دەخنکێت .
نابێت ئەو ڕاستییەشمان لە بیر بچێت کە منداڵ لە کاتی ناوک برێنەوە دەست بە گریان دەکات ئەویش بە ھۆی کاریگەری دوورکەوتنەوە لە دایکی . گریانی منداڵ دەبێتە ھۆی ھەژاندنی بەشێکی مێشکی دایک لەبەرئەوەیە زریکە و قیژەی منداڵ دەبێتە ھۆی ئەوەی خێرا بەرز بکرێتەوە و دایک بینێت بە سنگی خۆیەوە و ماچ بکرێت بۆ ئەوەی ھێوربکرێتەوە .
ھەندێک کەس لەبەرئەوەی دڵی ناسکە زۆر جار لە خۆیەوە بە ئاسانی و زوو دەگری پێیان دەڵێن گرینۆک . ئەوەی شایانی باسە مرۆڤ لە تەمەنی منداڵیدا فرە دەگری وەک لە تەمەنێکی گەورە تردا . ھەمووان دەزانین کە بەردەوام فەنکشنەکانی گریان و فرمێسک لە ژێر توێژینەوەدان . د . دارڤین دەڵێت : گریان ھەنگاوێکی سورە لە لایەن منداڵەوە بۆ ئەوەی سەرنج بەلای خۆیدا راکێشێت وەک ھۆشداری دان بەکاری دەھێنێت .
باشترین تیۆری دەڵێت کە : گریان بێ توانایی مرۆڤ دەردەخات ، واتە ئەو کاتەی مرۆڤ بێ دەستەڵات بوو لە بێ دەستەڵاتی خۆیدا دەگری .
بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بۆ بەرزی رێژەی ھۆرمۆنی پرۆلاکتین دەکەن کە لە ئافرەتدا ڕۆڵی لە میکانیسمی فەنکشنی گریانیشدا ھەیە ، لەبەر فەنکشنی ئەم ھۆرمۆنەیە ئافرەت لە پیاو زێدەتر دەگری . لە کاتی دووگیانیدا ھۆرمۆنەکە فرە بەرز دەبێتەوە ئەوەش رێژەی گریان زێد دەکات . نابێت ماددەی پۆتاسیۆم لەبیر بکەین کە رۆڵی فەنکشنی دەمار و کۆنترۆڵی ماسولکەکان و پەستانی خوێنی ھەیە .
ئەوەی شایانی باسە Dr. William Frey لە نەخۆشخانەی سانت پاولۆی Minnesota کە ماوەی ١٥ ساڵان توێژینەوەی لە مەڕ سوودەکانی گریان کردووە دەبێژێت :
پاش گریان لە ٨٥% ژنان و لە ٧٣% پیاوان کەمتر خەفەتباربوون ، پیاوان ٧ جاران کەمتر وەک لە ژنان دەگرین . گریان پەستانی خوێن دادەبەزێنێت ، نائارامی کەم دەکاتەوە ، ماددەی مەنگان (Mangan) دادەبەزێنێت ، کانزایەکە (دەبێتە ھۆی کاری نێگەتیف لە سەر مرۆڤ) ، بە رێژەی ٣٠ جاران خەستییەکەی لە فرمێسکدا بەرزترە وەک لە خوێندا .
سوودەکانی گریان :
ھەردوو چاوەکان پاکدەکاتەوە ، لە ٩٠ % مرۆڤەکان پاش گریان ھەست بە باشی دەکەن ، تەنیا لە ١٠% یان نەبێت .
لە گەڵ فرمێسکدا ھەرچی ماددەی کیمیایی ژەھراوی ھەیە دەکرێتە دەرەوەی لەش (لە ئەنجامی خەفەتەوە) و دەرەنجام نائارامی چارەسەرنەکراو خراپ دەبێت .
ماسولکەکانی ڕووخساری مرۆڤ گرژدەبن و خاودەبنەوە تا پشوودەدەن .
خراپییەکانی گریان :
کاتێک کە منداڵ ژیر نابێتەوە دایک و باوک زۆر ناڕەحەت و ھەندێکجار توڕە دەکات .
چەند توێژینەوەیەک ئاماژە دەکەن کە گریان ئازار کەم دەکاتەوە .
لە ٢٠% ی دووبارە بوونەوەی گریان نزیکەی ٣٠ خولەک دەخایەنێت ، کە مرۆڤ ماندوودەکات و لەوانەیە ببورێتەوە .
فرمێسک :
بریتییە لەو دڵۆپە شلانەی لە گلاندە خانە فرمێسک رژێنەرەکانەوە دروست دەبن ، کاری سەرەکییان بریتییە لە تەڕکردنی نێوچاو بۆ ئەوەی لە ھیشکبوونەوە بیان پارێزێت . فرمێسک ڕشتن سەرنجی کەسانی دەوروبەر رادەکێشێت ، دەردانی فرمێسک وەڵامی ھەستی مرۆڤە و لەوانەشە ئەوانی دەوروبەری یان بەرانبەری پێ ھەڵبخەڵەتێنرێت .
ھەندێک جار ئەو نەخۆشانەی کە حەساسیەت یان ھەڵامەتیان ھەیە قەترە ئاوی فرمێسک ئاسا لە چاوەکانییانەوە دێتە دەرەوە . بەڵام مەرج نییە یەکێک دەبێت بگری ئەوسا فرمێسک لە چاوەکانیانەوە بێتە دەرەوە (ئەوانە لە ناوەوە دڵتەنگ و زوویرن و فرمێسک نایەتە نێو چاوەکانیانەوە) . ئەوەی ڕاستی بێت تویژەران دەبێژن لەوانەیە لەبەرئەوەی ئافرەتان بەسۆزترن لە پیاو ئەوان زێدەتر دەگرین کە ھەمیشە سووکناییەکی دەروونییان پێ دەبەخشێت .
فرمێسک نائارامی دەڕەوێنێتەوە و مرۆڤ بە ورەتر، بەھێز و لەش ساختر دەبێت .
فرمێسک پێکھاتووە لە : پرۆتین ، ماگنیسیۆم ، پۆتاسیۆم ، ھۆرمۆنی پرۆلاکتین ، بڕێکی سەرەکی پیکھاتەی فرمێسک بریتییە لە ماگنیسیۆم گەر بە رێژەیەک کەم ببێتە ئەوا دەبێتە ھۆی مەینی خوێن و دابەزاندنی کۆلێسترۆڵ ...تاد .
گڵاندەکانی فرمێسک ٣ جۆر فرمێسک دەردەکەن :
# فرمێسکی بەردەوام ، بە بەردەوامی نێو چاوەکان تەڕن ، ئاو ، چەوری و دژە ھەوکردنەکانیان تێدایە .
# فرمێسکی بەرتەک ، ھەمان پێکھاتەی سەرەوەیان ھەیە بەڵام بەرتەکی تەنی بێگانەن کە دەچنە نێو چاوەوە (ھەندێک جار سوور دەبنەوە) .
# فرمێسکی سۆز ، چەوری ، ماگنیسۆم و پرۆلاکتینی زێدتری تێدایە.
٩.٩.٢٠١٥
سەرچاوەکان:
١.www.decopera.ro.
٢. www. lovediancik.blogspot.com.
٣. www.sv.wikipedia.org/wiki/Gråt
٤.www.sanatatea.ro ,Plansul are efecte benefice asupra organismului uman
٥.www.drmomma.org.
١.٩.٢٠١٥