رێنمایی تەندروستی
پشکنینی تیژی بینایی(تیژی چاو) visual acuity

مەبەست چییە لە پشکنینی تیژی بینایی(تیژی چاو) (حدە البێر) (visual acuity)

ئەم پشکنینە بریتیە لە تاقیکردنەوەی توانای بینینی کەسەکە ئەویش لە ڕێگەی نیشاندانی چارتێکەوە کە نووسراو یان ھێمای لەسەر نیشاندەدرێت لە مەوداێکی دیاریکراو، بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی چاوەکان لە ڕووی  پیوانەی ڕوونی بینین و تیژی کەسەکەوە ھەڵبسەنگێندرێت و دیاریبکرێت، کە چاوی کەسەکە تا چ ڕادێک دەتوانێت شتاکان لەو مەودا دیاریکراوە بە تەواوی و ڕوونی ببینیت. ئەوە ئەم پشکنینە بەکاردێت بۆ  ئاماژەدان بە توانای بینینی کەسەکە بۆ شتەکان و شیوەکان.

تێبینی: ئەم پشکنینە تەنھا بۆ یەک فاکتەری بینینە نەوەک بۆ ھەموو جۆرەکانی بینین، چونکە چەند پشکنینی تریش ھەن بۆ توانای بینین وەک پشکنینی بینینی ڕەنگەکان و بینینی لاکان و قوڵی دەرکپێکردن.

تێبینی: ئەم پشکنینە ھیچ جۆرە ئامادەکردنێکی تایبەتی نییە، وە ھیچ جۆرە مەترسێکیشی نییە و پشکنینێکی سادەیە.

ئەو کەسانە کێن کە پێویستیان بەم پشکنینە ھەیە؟
• ھەموو کەسێک پێویستی بەم پشکنینە ھەیە بۆ دڵنیابوون لە تەواوی بینین، بەڵام ئەو کەسانەی کەوا ھەست دەکەن گۆڕانکاری لە بینینیان ڕوویداوە یان کێشەیان لە بینین ھەیە پێویستیان بەم پشکنینە دەبێت بۆ دیاریکردنی ھەر گۆڕانکارییەکان لەو حاڵەتەی کە تیدان.
• منداڵان پێویستە زوو ئەم پشکنینە ئەنجام بدەن ئەمیش بۆ دیاریکردنی ھەر کێشە و گرفتێک کە لە بینین ھەیانە. ئەم پشکنینە یارمەتیدەرێکی تەواو دەبێت بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکە لە قۆناغی زوودا.
تێبینی: پێش دەستکردن لەم پشکنینە نابێت بەھیچ جۆرێک قەترەی فراوان کردنی بیلبیلەی چاو بۆ نەخۆش دابنرێت، چونکە ئەم قەترەیە دەبێتە ھۆی لێلکردنی بینایی نەخۆش کە ئەمەش پێچەوانەی بنەمای سەرەکی ئەم پشکنینەیە.‌

مەبەست لەو ھێما و ژمارانە چین لەم پشکنینە؟
ئەم پشکنینە بریتیە لە توانایی بینین کە بەشێوێکی گشتی و بە ستانداری بەریتانی وھیندی بە ٦/٦ یان بە شێوەی ئەمریکی ٢٠/٢٠ دانراوە بۆ کەسێکی ئاسایی. واتا کەسێکی ئاسایی دەتوانێت شتەکان لە دووری شەش مەتر ببینێت بە ستانداری بریتانی یان بە شێوەی ئەمریکی واتا کەسێکی ئاسایی دەتوانێت شتەکان لە دووری بیست پێ ببینێت. مەبەست لەم دوو ژمارەیە ئەوەیە ژمارەی سەرەوە ئاماژەیە بۆ مەودای بینینی کەسەکە بۆ ھیمای سەر شاشەکە، وە ژمارەی خوارەوەش ئاماژەیە بۆ مەودای بینینی کەسێکی ئاسایی . ئەگەر بێتوو تۆ بینینت ٢٠/٢٠ یان ٦/٦ بێت ئەوا تۆ کەسێکی بینینەکەت ئاساییە، ھەر چەندە لەم ڕیژەیەش کەمرت ھەیە کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تۆ چاوت لە کەسێکی ئاسایی باشترە بۆ نموونە ٢٠/١٠ ئەمە باشترین بینینە لەو کەسانەی کە بینینیان ئاساییە. وە ئەگەر بێتوو تۆ بینینت ٢٠/٢٠ یان ٦/٦ نەبێت ئەوا پێویستە بینینت چاک بکەیتەوە ئەویش لە ڕیگەی چاویلکە یان دانانی عەدەسە یان لە ڕیگەی نەشتەرگەری دەبێت.

شیکردنەوەی چەند نموونێک:
٢٠/٤٠ مانای وایە ئەگەر کەسێکی ئاسایی شتیک لە دوور ٤٠ پێوە ببینێت تۆ دەتوانیت لە دوور ٢٠ پێوە بیبینێت.
٢٠/٦٠ مانای وایە ئەگەر کەسێکی ئاسایی شتێک لە دوور ٦٠ پێوە ببینێت، ئەوا تۆ دەتوانیت لە دووری ٢٠ پێوە ببینیت.
٢٠/١٠٠ مانای وایە ئەگەر کەسێکی ئاسایی شتێک لە دووری ١٠٠ پێوە ببینێت، ئەوا تۆ دەتوانیت لە دووری ٢٠ پێوە ببینیت.
٢٠/٢٠٠ مانای وایە ئەگەر کەسێکی ئاسایی شتێک لە دووری ٢٠٠ پێوە ببینێت، ئەوا تۆ دەتوانیت لە دووری ٢٠ پێوە ببینیت.

تێبینی: ھەر چەندێک ژمارەکەی خوارەوە گەورەتر بێت ئەوا ئاستی بینینی کەسەکە خراپترە، چونکی چەند ژمارەکە گەورەتر بێت ئەوەندە وێنەکە لە تاقیکردنەوەکە گەورەتر دەکریت و دێتە پیشەوە. ئەمەش ئەوە دەگەێنێت ھەر چەندێک ھێما و ژمارەکان گەورەتر بێت ئەوەندە بینیت خراپە. وە ھەر چەندێک ژمارەکان بچووکتر بێت ئەوەندە بینینی کەسەکە باشترە، چونکە مانای وایە ھەر چەندێک وێنەکە دوورتر دەکرێت ئەوا تۆ دەتوانیت بە ڕوونی بیبینی.

تێبینی: ئەگەر کەسێک توانای بینینی ٢٠/٢٠  بوو مانای ئەوا نییە، کە ئەو کەسە بینینی تەواوە و ھیچ کەێشێکی نییە. بەڵکو ٢٠/٢٠ تەنھا ئەوە نیشاندەدات کە کەسەکە لە ڕووی سافی و تیژیەوە کێشەی نییە، وە ھەندێک خاڵی تری بینین ھەن کە گرنگن وەک
• بینین لە ڕوو لاکان( ھەندێک کەس ھەن کێشەیان لە بینینی شتەکان نییە لە بەردەمیان، بەڵام کێشەیان لە بینین ھەیە کاتیک سەیری شتەکانی لای ڕاست و چەپ یان سەرە و خوارەوە دەکەن).
• توانایی تەرکیز خستنە سەر شتەکان( ھەندێک کەس ھەن کێشەیان لە بینین نییە بەڵام ناتوانن تەرکیز بخەنە سەر شتەکان و ئەو کات شتەکانیان لە پێش چاویان ڵیڵ دەبێت و لێیان تێکدەچێت).
• قوڵایی بینین( ھەندێک کەس ھەن ناتوانن ترک بە تەواوی شتەکان بکەن ھەر چەندە دەتوانن شتەکان لێک جیابکەنەوە بەلام ناتوانن درک بە خاڵە جیاوازەکان بکەن).
• بینینی رەنگەکان( ھەندێک کەس ھەن لە بینینی شتەکان کێشەیان نییە، بەڵام ناتوانن ڕەنگەکان جیابکەنەوە).
• بینین لە کاتی جوڵە(ھەمەھەنگی چاو لە کاتی جوڵە)(واتا ھەندێک کەس ھەن کێشەیان نییە لە بینین، بەڵام لە کاتی و جوڵە و ڕۆیشتن ئەوکات شتەکانیان لێتیکدەچێت و ناتوانن بە ڕوونی بیان بینین).
• توانای بەردەوام بوون بۆ بینینی ھەموو شتەکان( ھەندێک کەس ھەن توانای بینینیان بە بەردەوامی وەک یەک نییە، واتا ھەندێک کات توانای بینینیان باشە و ھەندیک کات توانای بینینیان خڕاپ دەبێت، یان ناتوانن بۆ ماوێک سەیری شتەکان بکەن ئەوکات لێیات تێکدەچێت و بەرچاویان لێڵ دەبێت).

پشکنینی visual acuity دەکرێتە چەند قۆناغ؟
یەکەم: snellen
ئەم جۆرەیان بریتیە لە نیشاندانی ھێماو نووسین لەسەر شاشەی تاقیکردنەوە،ئەمیش بەم شێوازە دەبێت واتا نیشاندانی ھیما و نوسین بە شێوەی قەبارە و ڕێکخستنی جیاواز. 

دووەم: random E
ئەم جۆرەیان بریتیە لە نیشاندانی E بە شێوەی جیا لەسەر شاشەی تاقیکردنەوە، ئەمیش بەم شێوازە جارێک رووی بۆ سەرەوە، جارێک رووی بۆ خوارەوە ، جارێک ڕووی بۆ لای ڕاست، جارێک ڕووی بۆ لای چەپ بەپێ دووری و نزیکی ھەر جارێکیان تاقیدەکرێتەوە.

تێبینی: شێوەی یەکەم و دووەم ھەمان مەبەستیان ھەیە واتا ھەندێک شوێن شێوازی یەکەم بەکاردەھێنن، وە ھەندێک شوینیش شێوازی دووەم بەکاردەھێنن. ھیچ جیاوازیک نییە لە ڕووی شێوازی یەکەم و دووەم چونکە یەکە مەبەستیان ھەیە. بۆیە ئەگەر ھاتوو کەسەکە نەیتوانی لە شێوازی یەکەم یان دووەم شتەکان ببینیت واتا کێشەی لە بینین ھەبوو، بە ڕادێکی وا کە نەتوانێت ئەو شتانە ببینیت، ئەوا ئەوکات دەچینە سەر قۆناغی تر

سێیەم: ژماردنی پەنجەکانی دەست (Count finger)(CF)
ئەگەر کەسەکە نەیتوانی ھیما و نووسینەکانی سەر شاشەی تاقیکردنەوە ببینێت، ئەوا دێینە سەر ئەم قۆناغە. ئەمیش بریتیە لە ژماردنی پەنجەکانی دەست، واتا پەنجەکانی دەستی نیشاندەدەین بزانین دەتوانیت بیانبینیت و یزانیت چەندە. بۆ نموونە: جاریک بە پەنجەی دەست ھێمای ژمارەی سێی نیشاندەدەین، یان ژمارە دوو ئەگەر بینی و زانی ژمارە دوو یان سێیە، ئەوە لەسەر وەرەقەی فەحسەکەی دەنووسڕێت count finger. واتا دەتوانێت ژماردنی پەنجەکان ببینێت.

چوارەم: جوڵاندنی دەست (Hand motion)(HM)
ئەمەیان بریتیە لە جوڵاندنی دەست، ئەگەر کەسەکە نەیتوانی ھیما و نووسینەکانی سەر شاشەی تاقیکردنەوە ببینێت، وە نەشی توانی ژماردنی پەنجەکانی دەستیش ببینیت، ئەوا دەچینە سەر ئەم ڕیگایە. ئەمیش بریتیە لە جوڵانی دەست، ئەگەر کەسەکە توانی جوڵانی دەست ببینیت، ئەوا لەسەر وەرەقەی فەحسەکەی دەنووسڕێت Hand motion واتا کەسەکە دەتوانیت تەنھا ھەست بە جوڵانی دەستەکان بکات و ھیچی تر ناتوانێت ببینێت.

پێنجەم: نیشاندانی ڕووناکی (Light perception)(LP)
ئەم ڕێگایەش بریتیە لە نیشاندانی ڕووناکی، ئەگەر کەسەکە تەنھا ھەستی بە بینینی رووناکی کرد، ئەوا لەسەر وەرەقەی فەحسەکەی دەنووسڕێت Light perception ، واتا تەنھا دەتوانیت ھەست بە بینینی ڕووناکی بکات و ناتوانێت ھیچ شتیک ببینێت.

شەشەم: نەبینینی ڕووناکیش No light perception)(NLP))
ئەمەشیان بریتیە لە نەبینینی ھیچ شتیک، واتا کەسەکە ناتوانێت ھیچ شتیک ببینیت نە ھێما و نووسینەکان نە ژماردنی پەنجەکانی دەست نە جوڵانی دەست نە ھەستکردن بە بینینی ڕووناکی، یانی دەبێت ھەموو ئەو شێوازانەی سەرەوەی لەگەل تاقیبکرێتەوە، ئینجا ئەگەر ھەموو ئەو شێوازانەی سەرەوەی نەبینی ئەوکات لەسەر وەرەقەی فەحسەکەی دەنوسڕێت NO light perception، واتا ناتوانیت ھیچ ببینیت تەنانەت ڕووناکیش.

تێبینی: ئەگەر کەسەکە نەیتوانی ھێما و نووسنەکانی سەر شاشەیی تاقیکردنەوە ببینێت، ئەوا دەچینە سرە ئەم شێوازانە بە ڕێزبەندی واتا یەکەم لە count finger  دەست پێدەکەین ئەگەر توانی ئەو ببینێت ئەوا لەسەر وەرەقەی فەحسەکەی دەنووسڕێت CF . ئەگەر نەیتوانی count finger ببینێت، ئەوا دەچینە سەر hand motion ئەگەر توانی ئەو ببینێت ئەوا لەسەر وەڕەقەی فەحسەکەی دەنووسڕێت HM. وە ئەگەر نەیتوانی hand motion ببینێت، ئەوا دەچینە سەر light perception ئەگەر توانی ھەست بە ڕووناکی بکات ئەوا لەسەر وەرەقەی فەحسەکە دەنوسرێت LP . بەڵام ئەگەر نەیتوانی ھەست بە ڕووناکیش بکات، ئەوا لەسەر وەڕەقەی فەحسەکەی دەنووسڕێت NLP واتا ھیچ شتێک نابینێ، نە ھێما و نووسینەکانی سەر شاشەی تاقیکردنەوە نە ژماردنی پەنجە نە جوڵەی دەست نە ھەستکردن بە ڕووناکی.

ئەو ھۆکارانەی کە کار دەکاتە سەر ئەنجامی ئەم پشکنینە چیین:
• ترس و شەرم کار لەوانەیە کاربکاتە سەر ئەنجامی ئەم پشکنینە، بۆیە پێویستە ئەو کارمەندەی کە پشکنین بۆ نەخۆش دەکات دڵنیا بێت لە نەترسان و شەرمی کەسەکە ، بە تایبەت بۆ منداڵ و کەسانی ھەرزەکار.
• مانبوونی زۆر وا دەکات کەسەکە تەرکیزی لاواز بێتوو، دواتریش لەوانەیە کار بکاتە سەر ئەنجامی ئەم پشکنینە.
• ڕووناکی لەوانەیە کاربکاتە سەر ئەنجامی ئەم پشکنینە، بۆیە ئەو شوینەی کە ئەم پشکنینە لێ ئەنجام دەدرێت پێویستە لە کاتی پشکنینەکە گڵۆپەکانی کز بکات یان بیان کوژێنێتەوە. چونکە لەوانەیە ڕووناکی گلۆپەکان و ڕووناکی شاشەکە ببێتە ھۆی کاڵ دەرکەوتنی ھێماکانی سەر شاشەکە.
• دانانی قەترەی فراوانکردنی بیلبیلەی چاو پێش ئەم پشکنینە, چونکە ئەم قەترانە دەبێتە ھۆی کرانەوەی بیلبیلەی چاوی کەسەکە و بەرچاوی کەسەکە ڵێڵ دەکات. ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە بۆ سەر بینینی کەسەکە.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ئاوارە عبداللە

2587 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
02/06/2021
زیاتر...