رێنمایی تەندروستی
کێن ئەوانەی دەبێت دەرمانی ئەسپرین بەکاربھێنن

کێن ئەوانەی دەبێت دەرمانی ئەسپرین بەکاربھێنن
ئەسپرین یەکێکە لە کۆنترین ئەو دەرمانانەی مرۆڤ بۆ چارەسەری گەلێک نەخۆشی بەکاریھێناوە . ئەسپرین لە گەلای داری شەنگەبی درووست دەکرێت، ئەو دارە پتر لە چوار ھەزار سال پێش ئێستا لە لایەن سۆمەریەکان بۆ چارەسەری ئێش و ئازاری لەش بەکارھێنراوە. چوار سەد سال پێش زایین دکتۆرەکانی یۆنان باسی گەلای داری شەنگەبیان کردووە و بۆ کەمکردنەوەی ژانی لەدایکبوون بەکاریانهێناوە .لە سەرەتای سەدەی نۆزدەھەم پرۆفیسۆرێکێ ئەلمانی توانی ئەسپرین لە گەلای داری ویلۆ بەرھەم بھێنێت و ناوینا سالیسیلین. لە سالی ١٨٩٩ بۆ یەکەمجار کۆمپانیای بایەر ئەسپرینی وەک دەرمان درووستکردو بەشێوەیەکی فراوان بۆ تا و سەرئێشەو ئازاری لەش بەكاردەهێنرا وە ھەروەھا بۆ رۆماتیزم و کۆمەلێک نەخۆشی تر سوودی لێوەردەگیرا. لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیستەم (جۆن ڤێن)، کە پرۆفیسۆرێکی دەرمانزانی بەریتانی بوو بۆ یەکەمجار میکانیزمی کارکردنی ئەسپیرینی روونکردەوە ، بە ھۆی ئەوکارە خەلاتی نۆبلی بەدەستھێنا. لە سالی ١٩٧٤ بۆ یەکەمجار لێکۆلینەوەکان دەریانخست، کە ئەسپرین رێژەی مردن لەو کەسانەی تووشی جەلتەی دل دەبن کەمدەكاتەوە. لە کۆتاییەکانی سەدەی رابردوو لێکۆلینەوەکان دەریانخست کە ئەسپرین سوودی ھەیە بۆ تووشبوانی جەلتەی مێشک .لە کاتی ئێستادا ئەسپرین بۆ چارەسەری کۆمەلێک نەخۆشی بەکاردەھێنرێت و یەکێکە لەو دەرمانانەی زۆرترین توێژینەوەی زانستی لەسەرکراوەو لە لایەن خەلکانێکی زۆر بەکاردەھێنرێت .
1-سوودەکانی ئەسپرین لە هەندێك حالەتدا بە تەواوی یەکلابۆتەوە ، وەك چارەسەری نەخۆشیەکانی دل ، بۆیە ھەموو ئەو کەسانەی تووشی جەلتەی دل دەبن ، یان کێشەی تەسکبوونەی خوێنبەرەکانی دل دەبن، دەبێت ئەسپرین بەکاربھێنن ، بەھەمان شێوە ئەو نەخۆشانەی قەستەرەیان بۆ کراوەو شەبەکەیان بۆ دانرەوە یاخود بە رێگای نەشتەرگەری خوێنبەرەکانی دلیان گۆراوە دەبێت ئەسپرین بەكاربهێنن ، هاوكات ئەسپرین رۆڵێكی گرنگی هەیە لە چارەسەركردنی ئەو كەسانەی بەھۆی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکانی مێشک و خوێن مەیین تووشی جەلتەی مێشک دەبن، ئەوانەی بەهۆی خوێنبەربوونەوە تووشی جەڵتەی جەلتەی مێشک دەبن، كە رێژەیان كەمە نابێت ئەسپرین بەكاربهێنن. ئەسپرین بۆ جەلتەی دڵ و مێشک چارەسەریەكی درێژخایەنەوەو دەبێت بە بەردەوامی بەكاربهێنرێت.
2-رۆلی ئەسپرین بۆ خۆپاراستن لە جەلتەی دل و مێشک، بۆ ئەو کەسانەی تووشی جەلتەی دل و مێشک نەبووینە جێگای مشتومرێکی زۆرە لە لایەن پسپۆڕەكانەوە . لە بیست سالی رابردوودا چەندین لێکۆلینەوە دەربارەی كاریگەری ئەسپرین بۆ خۆپاراستن لە جەلتەی دڵ و مێشک ئەنجام دراوە . یەکێک لەو سەرئەنجامە نەرێنیانەی لە بەكارهێنانی ئەسپرین دەكەوێتەوە، ھەوکردن و برینداربوونی (قورحە) گەدەو دوازدەگرێیە. ھەندێکجار دەبێتە ھۆی خوێن بەربوونیش ،لەو حالەتەدا ئەگەر چارەسەری خێرا بۆ نەخۆش نەکرێت بۆی ھەیە ژیانی نەخۆشەکە بخاتە مەترسیەوە، ھەر بۆیە نابێت بە بێ راوێژی پزیشكی تایبەتمەند ئەسپرین بەکاربھێنرێت. لێکۆلینەوەكانی ئەم دواییە تا رادەیەک كاریگەری ئەسپرینیان بۆ خۆپاراستن لە جەلتەی دل و مێشک یەکلایکردۆتەوە . پێشنیاز دەکرێت کەسانی خوار تەمەن چل سال ئەسپرین بەکارنەھێنن، چونکە ئەگەری تووشبون بە جەلتە لەو تەمەنەدا زۆر کەمە. هاوكات ئەوانەی تەمەنیشیان لەسەرووی حەفتا ساڵیەوەیە بە هەمان شێوە باشترە ئەو دەرمانە بەكارنەھێنن، چونکە ئەگەری خوێن بەربوون لە گەدە و دوازدەگرێ لەو تەمەنە زیاترە و زیانەکانی ئەسپرین زیاترە بە بەراود لە سوودەکانی.
3- ئەو کەسانەی کە کێشەی برینی گەدەو دوازدەگرێیان ھەیە ، یان ئەو کەسانەی کە نەخۆشی تریان ھەیە بۆ نموومە نەخۆشی سیستی گورچیلە ، یان ئەو کەسانەی ھەندێک دەرمانی تر بەکاردەھێنن وەک بروفین و ڤۆلتارین و دەرمانی دژە خوێن مەیین وەک وارفارین و ریڤارۆکسۆبان و ئەپیکسەبان، ئەگەری خوێن بەربوون بە ھۆی ئەسپرین لە خەڵكانی تر زۆر زیاترە.
4- ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە نێوان چل بۆ حەفتا سالە دەکرێت بۆ خۆپاراستن لە تووشبون بە جەلتەی دل و مێشک دەكرێت لەژێر چاودێری دکتۆر ئەسپرین بەكاربێنن . بۆ ئەو گروپە ھەندێک ھاوکێشە ھەیە دکتۆرەكان دەتوانن سوودی لێوەربگرن، بۆ ئەوەی بڕیاری بەکارھێنانی ئەسپرین بدەن یاخود نا . کۆمەلێک نەخۆشی ھەیە ئەگەری تووشبون بە جەلتە زیاد دەکات، وەك نەخۆشی شەکرە ، بەرزەفشاری خوێن ، بەرزی چەوری خوێن و جگەرەکێشان ، ئەو کەسانە دەبێت بە راوێژکردن لەگەل دکتۆرەکانیان بریار بدرێت لە پێویستی بەکارھێنانی ئەسپرین و سوودو زیانەکانی ئەو دەرمانەیان بۆ روونبکرێتەوە.
5-بڕی ئەو ئەسپرینەی بۆ ئەو كەسانەی جەلتە لیی داون ، زۆر کەمترە لەو بڕەی بۆ ئازارشکاندن یان تاولەرز بەکاردەھێنرێت . بە شێوەیەکی گشتی ٧٥ ملگم ، ٨٠ ملگم یان ١٠٠ ملگم بەکاردەھێنرێت ، بە گوێرەی لێکۆلینەوەکان جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان ئەو جورعانە نابینرێت. لە وولاتی بەریتانیا ئێمە ٧٥ ملگم بەکاردەھێنین.
بە کورتی ئەو نەخۆشانەی تووشی جەلتەی دل و مێشک دەبن دەبێت بەدرێژایی ژیانیان ئەسپرین بەکاربھێنن و لە ئەگەری تووشبوون بە ھەر کێشەیەکی وەك برینداربوون و خوێن بەربوونی گەدە ، دەبێت دکتۆری پسپۆڕ بڕیار لەسەر بەردەوام بوون یاخود هەر بژاردەیەكی تربدات. دەبێت ئەوە بزانین بەکارھێنانی ئەسپرین بە شێوەیەکی رەمەکی بۆی ھەیە کێشەی گەورە بۆ نەخۆشە پەیدابکات، لێکۆلینەوەکان وادەردەخەن ئەسپرین بۆ ھەندیک کەس زیانەکانی لە سوودەكانی زیاترە .
لە ئەگەری تووشبوون بە سینگ ئێشانێکی زۆر و ئەگەری جەلتەی دل بەکارھێنانی بری ٣٠٠ ملگم ئەسپرین تاکوو نەخۆش دەگەیەنترێتە نەخۆشانە بۆی ھەیە کەسەکە لە مردن رزگار بکات ، ھەربۆیە لە زۆربەی وولاتانی جیھان کارمەندانی ئەمبولانس ئەو بڕە لە ئەسپرین دەدەن بەو نەخۆشانەی کە تووشی سینگ ئێشانی کتوپڕ دەبن .سینگ ئێشانی کتوپڕ یەکێکە لەو حالەتانەی کە نەخۆش دەبێت بەخێرایی بچێت بۆ نەخۆشخانەو لە لایەن دکتۆری پسپۆڕەوە ھەلسەنگاندنی بۆ بکرێ.
دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
لەندەن

479 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/05/2021
زیاتر...