ڤیتامینەکان
ڤیتامین-D

ناوی زانستی:

Cholecalciferol

پێویستە بۆ:

یارمەتی دەدات لە دابین کردنی کالسویۆم و فۆسفات بۆ لەش

کەمی ڤیتامین دی:

لە منداڵ دا توشی ئێسکە نەرمەی دەکات، لە گەورەدا توشی نەربوونەوەی ئێسکامن دەکات.

چەندمان پێویستە؟

گەورە: ٧.٥مکگم/ڕۆژانە

بەتەمەنەکان (+٦٠ساڵ) ١٠مکگم/ڕۆژانە

دووگیان: ١٠مکگم/ڕۆژانە

دایکانی شیردەر: ١٠مکگم/ڕۆژانە

ئەگەر زۆرترت خوارد لەڕادەی خۆی

ھێڵنج دان ، نیشتنی/کۆبوونەوەی کالسیۆم لە گورچیلە دا وە لە سییەکان دا


گرنگی ڤیتامین D بۆ جەستە :
زانا ئەحمد قادر

ڤیتامین D ئەو ڤیتامینەیە، کەجیاواز لەڤیتامینەکانی دیکەو لەجۆرێک لەپێکھاتەی کۆلیسترۆڵ لەلایەن خودی جەستەوە لەپێستدا دروستدەکرێت.
‌جەستە بۆ گۆڕینی ئەو جۆرە لەکۆلیسترۆڵ بۆ پێکھاتەیەکی سەرەتایی لەڤیتامین D٣ لەپێستدا پێویستی ‌بەبەریەککەوتن لەگەڵ تیشکی خۆر ھەیە، ھەربۆیە چونە بەر تیشکی خۆر چەندین رۆژ لەھەفتەیەکدا بۆ ماوەی لایەنی کەم ١٥-٢٠ خولەک لەڕۆژێکدا بۆ ھەموان بەگشتی‌و کەسانی بەتەمەن‌و منداڵان بەتایبەتی بۆ پتەوبونی ئێسکەکان زۆر پێویستە.
‌وەک ئاشکرایە کالیسیۆم ئەو مادە گرنگەیە کە لەڕیخۆڵەدا لەخۆراک گلدەدرێتەوەو پاشان بەھاوکاری ڤیتامین D لەئێسکدا بەمەبەستی پتەوکردنی کۆدەکرێتەوە.
‌پسپۆڕانی ئەو بوارە پێیانوایە بەگشتی کەسانێکی زۆر دوچاری کەمی ڤیتامین D دەبن، بەتایبەتی ئەو کەسانەی بەپێی پێویست خۆیان نادەنەبەر تیشکی خۆر، ھەروەھا لەو وڵات‌و ناوچانەی خۆریان کەمتر لێھەڵدێت.

‌گرنگی چونەبەر تیشکی خۆر لەوەدایە، کەھۆکارە بۆ دابینکردنی ٨٠% لەپێداویستی جەستە بەو ڤیتامینە، ئەو رێژەی ٢٠%ی کە بەھەمان شێوە بۆ جەستە پێویستە لەڕێی بەکارھێنانی خۆراکی دەڵەمەند بەڤیتامین D دابیندەکرێت.
‌پسپۆڕان ھاوڕان لەسەر بڕی ٢٠ - ٢٥ میکرۆگرام لەو ڤیتامینە وەک پێداویستی رۆژانەی کەسێکی تەمەن پێگەیشتوو، منداڵێکی ساوا پێویستی بە ١٠ میکرۆگرام ھەیەو لەگەڵ زیادبونی تەمەنیدا پێداویستیەکە بۆ ١٥% بەرزدەبێتەوە.

‌رێژەی میکرۆگرام ڤیتامین D لەھەر ١٠٠ گرامێک خۆراکدا:
• ماسی لاکسی کێوی (Salmon) ١٦ میکرۆگرام،
• ماسی تونا ٣،٥ ، ھێلکەی مریشک ٢،٩، گۆشتی گوێرەکە ٣،٨، قارچک ١،٩، ماست ٣،٥، جگەری گا ١،٧

‌نیشانەو کاریگەریەکانی کەمی ڤیتامین D:
ھەستکردن بەبێھێزی‌و ھەمیشە ماندویی، لاوازی‌و گرژی ماسولکەو بەئازاربونی بەگشتی‌و زۆرجار گرژبونی ماسولکەکانی پوز لەکاتی خەوتندا، لەرزینی ماسولکەکان بەتایبەتی لەڕاندا، لاوازی نینۆک‌و ئێسک‌و ددان، سەرئێشەو گێژبون لەکاتی کەمێک خۆماندوکردندا، ئازاری جومگەکان بەگشتی‌و ئەژنۆکان بەتایبەتی لەتەمەنی ھەرزەکاریدا، دابەزینی بەرگری سروشتی‌و زۆرکات ھەوکردن، قژ روتانەوە، تێکچونی ریتمی خەو، ‌بەرزبونەوەی پەستانی خوێن‌و رێژەی شەکر لەخوێندا، توشبون بەھەستیاری (حساسیە) بەتایبەتی لەتەمەنی منداڵی‌و لاویدا، نائارامی، بەرزبونەوەی ئەگەری توشبون بەخەمۆکی‌و شیزۆفرنیا، پسپۆڕان جەختدەکەنەوە تەنانەت لەسەر زیادبونی ئەگەری توشبون بەنەخۆشیەکانی شێرپەنجەو ھەناسەتوندی‌و ھەوکردنی سیەکان، ھەوکردنی ریخۆڵە (Crohn)، نەزۆکی لەپیاواندا بەھۆی کەمی ڤیتامین D، ...ھتد.

‌گرنگی ڤیتامین D بۆ جەستە:
‌پتەوکردنی ئێسک‌و نینۆک‌و ددان، راگرتنی ئاستی کالیسیۆم لەئێسکدا، بەگەڕخستن‌و بەھێزکردنی ماسولکەو پاراستنی لەگرژی‌و پوکانەوە، بەرزکردنەوەی بەرگری سروشتی، باشکردنی رەوشی تەندروستی توشبوان بەنەخۆشی شەکرەو پەستانی خوێن‌و ھەناسەتوندی (رەبو)، کەمکردنەوەی ئەگەری توشبون بەشێرپەنجە.

‌گرفتەکانی کەمی ڤیتامین D لەتەمەنی منداڵیدا:
مرۆڤ لەتەمەنی ساوایی‌و منداڵیدا زۆرترین زیان بەر ئێسکەکانی دەکەوێت، ئەگەر کەمی لەڕێژەی ڤیتامین Dدا ھەبێت، کەوێڕای لەڕێی پشکنینی خوێنەوە، لەڕێی دەرکەوتنی ئەم چەند نیشانانەشەوە دەبینرێت:
نائارامی و زوو توڕەبون، ئارەقکردنەوەی سەر لەشەودا، نەرمبونەوەی کەللەی سەر، لاوازبونی ماسولکەو گرژبونی، درەنگ دەرکەوتنی ددانەکان، خواربونی قاچ‌و بڕبڕەی پشت.

‌ئەو کەسانەی پێداویستیان بەڤیتامین D لەگەڵ Calcium زیاترە:
• ‌خانمان لەدوای ٤٥ ساڵیەوە، پیاوان لەدوای ٦٠ ساڵیەوە، توشبوان بەئێسکەنەرمە (Osteoporose, Rachitis)، 
• ‌توشبوان بەنەخۆشی Crohn و MSو شەکرە، ئەو کەسانەی بە بەردەوامی دەرمانەکانی (Cortison, Antiepileptika) بەکاردەھێنن.

3143 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
23/05/2015
زیاتر...