ناتەواوییو تێکچوونی درێژخایەنی گورچیلە
مەبەست لە ناتەواویی درێژخایەنی گورچیلە تێکچوونی بەردەوامو لە کارکەوتنی گورچیلەیە.
ھۆیەکانی ناتەواویی درێژخایەنی گورچیلە کامانەن؟
نەخۆشی شەکرە،
بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن،
ھەوی درێژخایەنی گڕمۆلەکانی گورچیلە،
ھەوی درێژخایەنی گورچیلە و کاسۆلە،
تێکچوونی کاری گورچیلە بە ھۆی کیس کردنی گورچیلە.
نیشانەکانی ناتەواویی درێژخایەنی گورچیلە کامانەن؟
بێ حالییو ماندوویی،
بێئیشتیایی،
بێخەویی،
ماسینی لاقو دەوری چاو،
بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن،
ئێشی کەلەکە،
دڵتێکەڵاتنو ڕشانەوە،
خورینو ئاڵۆشی پێست،
پشووسواریی،
کەمخوێنیی،
بەرزبوونی مەترسیی خوێنرێژیی.
پلەکانی ئەم نەخۆشیییە کامانەن؟
پلەی یەکەم ـ ھاتنەخوارەوەی ڕادەی وەدەرنانی ''کراتێنین'' لە گورچیلە سەرەرای ئاساییبوونی ڕادەی کراتێنینی خوێن. چوونەسەرەوەی قەبارەی میز بە ھۆی ھاتنەخوارێی خەستیییەکەی.
پلەی دووھەم ـ چوونەسەرەوەی کراتێنینی خوێن (تا٦میلیگرەم لە دسیلیتردا) بە بێ ئاشکرابوونی نیشانەکانی ناتەواویی درێژخایەنی گورچیلە.
پلەی سێھەم ـ چوونەسەرەوەی کراتێنینی خوێن (پترلە ٦میلیگرەم لە دسیلیتردا) و ئاشکرابوونی نیشانەگەلێک وەکو ماندوویی، بێحالی، زێدەبوونی گوشاری خوێن و وەرەم.
پلەی چووار ـ چوونەسوەرەوەی کراتێنینی خوێن (تا ١٠میلیگرەم لە دسیلیتردا) و نیشانەکانی ئوورەی خوێن.
دوکتور بۆ دیارییکردنی ناتەواویی درێژخایەنی گورچیلە چی دەکا؟
دوکتور خوێنو میزی نەخۆش بۆ تاقیکردنەوە دەنێرەتە تاقیگە. لەم نەخۆشانەدا ڕادەی کراتێنین، ئوورە، پۆتاسیۆم، فۆسفات دەچێتە سەرێو بە پێی تەشەنەکردنی نەخۆشیییەکە، دەتوانێ ڕادەی ھێمۆگلوبین، پرۆتێینو ئالبۆمینی خۆێن کەمبێتەوە، ھەروەھا لە میزدا ڕادەی وەدەرنانی پرۆتێین، ئالبۆمین، خڕۆکەی سوورو سپی بچێتە سەرێ. بۆ ئاگاداری زۆرتر لە تێکچوونی قەوارەو کاری گورچیلە، دەکرێ لە سۆنۆگرافیی و کامپیۆتری تۆمۆگرافیی کەڵک وەرگیرێ.
ناتەواویی درێژخایەنی گورچیلە چۆن دەرمان دەکرێ؟

پاڵاوتنی خوێن بە یارمەتیی دەزگای دیالیز
مەبەستی سەرەکیی دەرمان، کۆنتڕۆڵی ھۆیەکانی پێکھێنەر وەکو چوونەسەرەوەی گوشاری خوێن، شەکرە، چەوریی، کەمخوێنیی، ھەروەھا میزانکردنەوەی ئاو، ئەلێکتڕۆلیتو پرۆتێئینە. لە کاتی پەرەگرتوویی ناتەواویی درێژخایەنی گورچیلە لە دەزگای دیالیز بۆ پاڵاوتنی خوێن کەڵکوەردەگیرێ.
ئا/ د. کامەران ئەمین ئاوە