
کۆنیشانەی ناچاری
Obsessive Compulsive Disorder (OCD)
ئا/ د. زاهیر سوران
بریتییە لە بارێکی بایۆلۆژی دەماری ، لەم بارەدا دووبارەبوونەوەی بیری ناخۆش مرۆ ناچاردەکات کارەکان ئەنجام بدات (کەس زۆر لە نەخۆش ناکات) .
یان
کۆمەڵێک بیرو فەنتازییە کە دەبێتە ھۆی گیروگرفتی دووبارەبونەوە و ئەنجامدانی بەناچاری کارەکان . زۆرجاران مرۆ زۆر بە راستی و بێ گاڵتەکردن یان بێھەست پێکردن و بێئەوەی بییەوێت پاش ئەوەی دێتە دەرەوە لە ماڵەوە لەو دیو دەرگاکەوە دەڵێت : ئەە ئاوەکەم نەگرتۆتەوە ، گڵۆپەکان یان گازەکەم نەکوژاندۆتەوە ...تاد . بۆ زێدەتردڵنیایی جارێکی دی دەرگای ماڵەوە دەکاتەوە و دێتەوە چوورەوەو کۆنترۆڵی ئەو شتانە دەکات کە خۆی مەبەستییەتی . لە بارە دەروونییە سەختەکاندا مرۆ چەندان جار کۆنترۆڵی دەرگاکان ، بەلوعەی دەستشۆرو گەرماو، ئەلەتریک ، تەباخی گاز ..تاد دەکات .ئەوەی شایانی باسە تەنیا لە ٢% ی دانیشتوان زێدەتر لاوان تووشی کۆنیشانانەی ناچاری دەبن ، لەم بارەدا نیشانەکان درێژخایەنن . ئەوەی راستی بێت زۆرجاران دەست شتن و خۆ شتن چەندان جار دووبارە و سێ بارەو دەبارەش دەبێتەوە . نەخۆش کەلوپەلی نێوماڵی بە رێکوپێکی دادەنێت و جلوبەرگ قەد دەکات یان ریزیان دەکات و نایەوێت کەس لێیان بکەوێت ، بیان جوڵێنێت و تێکیان بدات .
زۆرجاران نەخۆش تووشی ترس دەبێ (گەر نەخۆش دەستتەکانی چەند جارێک بە ئاووسابوون نەشۆرێت ئەوا دەترسێت تووشی نەخۆشی بە تایبەتی ئەیدز ببێت) . گەر نەخۆش ئەو کارانە ئەنجام نەدات ئەوا دەترسێت رووداوێکی دڵتەزێنی لێ بکەوێتەوە . لەو ھەلومەرجانەی سەرەوەدا نەخۆش زۆر بە ئاگایە کارەکە ئەنجام نەدات بەڵام بیرو بۆچوونی خراپ وای لێدەکەن ئەو کارانەی سەرەوە و ھی تریش ئەنجام بدات .دووبارەو سێ بارە ئەنجامدانی ئەو کارانەو کاری تریش دەبێتە ھۆش گیروگرفت لە رێگای مرۆدا لە بەرئەوەی مرۆ کاتێکی نادیار و وزەیەکی زۆری رۆژانەی لە دەست دەچێت . ئەمەش دەبێتە ھۆی تێکدانی کاری رۆژانە ، چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان یان پەیوەندییەکان .
ھەندێک جار نەخۆش خوو دەداتە کۆکردنەوە، وەک کۆکردنەوەی گۆڤار ، رۆژنامە ، تا دەگاتە کۆکردنەوە و فڕێ نەدانی خۆراک و خراپ بوون و بۆگەنکردنی . جاری وا ھەیە گەر یەکێک بۆ یەکەم جار سەردانی ئەو جۆرە نەخۆشانە بکات ، پاش چاخواردنەوە نەخۆش پیاڵەو کەوچک فڕێ دەدات وا دەزانێت میوانەکەی نەخۆشەو لەویشەوە ئەم تووشی نەخۆشییەکەی دەبێت . نەخۆش زۆر وردە ، لە ماڵەکەیدا ھەندێک کەلوپەلی بە رێکوپێکی داناوە ، ریزکردوە ، بە ژمارەھەڵچنراو ، زۆر پاکوخاوێن رای گرتوون ...تاد . نایەوێت و حەزناکات کەس دەستیان بۆ بەرێت یان تێکیان بدات . زۆرجاران نەخۆش حەز ناکات سەردانی کەس بکات بۆ ئەوەی کەس سەردانی نەکات نەبادا ماڵەکەی پیس بکەن و کەلوپەلەکانی تێک بدەن .
ھۆزانی
- ھۆکاری بایۆلۆژی .
- ھۆکاری کۆمەڵایەتی .
- ھۆکاری نائارامی دەروونی .
- لەوانەیە ھۆکاری بۆماوە رۆڵی ھەبێت .
- پرۆسێسی بەرگریخۆیی (ئاوتۆئیمون) پاش سۆ بە سترێپتۆکۆکەس تێبینی کراوە کە بەکتریای ناوبراو دەبێتە ھۆی پێکانی لیمفەگرێ بنچینەییەکان و پاشتر نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەردەکەوێت (١) . پاش چارەسەرکردنی سۆکە نەخۆش ھیچ نیشانەیەکی دەروونی تیادا نەماوە و چاک بۆتەوە . ھەندێکجار ئەم نیشانانە لە تەمەنی منداڵیدا دەردەکەون ، ھۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھۆکاری :
- نائارامی دەروونی .
- پرۆسێسی بەرگری خۆیی .
نیشانەکان
- نەخۆش لە بازنەیەکدا گیردەخوات و ناتوانێت لێی بێتە دەرەوە وئەمەش دەبێتە ھۆی دڵەڕاوکی ، ترس و نائارامی بۆ نەخۆش ، زۆرجار بە نارەحەتی خۆی لێ رزگاردەکات .
- زۆرجاران نەخۆش چەندان جار دەستی دەشۆرێت بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشی خراپ یان پیس نەبێت .
- چەندان جار کۆنتڕۆڵکردنی ئاو ، ئەلەکتریک و کەلوپەلی ناوماڵ .
- زۆرجار نەخۆش ئەوەندە دەستەکانی شتووە پێستی دەستی سوور بۆتەوە یان لەوانەیە تووشی بیرۆ بووبێت .
- زۆرجار ئەم نەخۆشانە لە کاتی خۆیان دوادەکەون و ھەرگیز لە کاتی خۆیاندا ئامادە نابن .
- زۆرجاران نەخۆش شەرم زۆر دەکات باسی ھەلسوکەوتەکان و ژیانی خۆی بکات و ئەمەش نیشانەکان خراپ دەکات .
دەستنیشانکردن
گفتوگۆ لە گەڵ نەخۆشدا دەبێتە ھۆی ئەوەی کە پزیشک نیشانەکانی بۆ دەربکەوێت یان بیان ناسێتەوە .
پاشتر دەروونزان و پزیشکی دەروونی باشتر دەستنیشانی نەخۆشەکە دەکەن .
چارەسەرکردن
- ھاریکاریکردن ، راھێنان ، وانە وتنەوە بە نەخۆش زۆر بەسوود بووە .
- دەرمان ، باشتر وایە نەخۆش لە پزیشکی دەروونییەوە دەرمان و رێنمایی وەربگرێت .
ئامۆژگاری
- ھەوڵبدە لەسەرخۆبەو ئەو کارانە ئەنجام مەدە ، خۆتیان لێ بدزەرەوە .
- بە خوێندنەوە مرۆ دەتوانێت خۆی لەسەر نەخۆشییەکەی رۆشنبیربکات .
- ھەوڵبدە نائارامی کەم بکەرەوە یان خۆت نائارام مەکە، لەبەرئەوەی نائارامی ھۆکارێکە بۆ خراپبوونی رێڕۆی نەخۆشییەکە . زۆر پێویستە خزمان و ھاوەڵەکان ھاریکاری نەخۆش بکەن تا ئەو کارانە کەمبکاتەوە تا وازیان لێ دەھێنێت . لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە گەر نەخۆش رێکەوتننامەکانی نێوان خۆی و پزیشک یان چارەسەرکەرانی ئەنجام بدات ئەوا لە ٤ نەخۆش ٣ یان چاک دەبێتەوە .
سەرچاوەکان
1.Kaplan & Sandock. Comprehensive textbook of Psychatry, 8 th. Vol 1& 2 USA.2005.
2. Murphy ML, Pichichero ME. Prospective identification and treatment of children with pediatric autoimmune neuropsychiatric disorder associated with group A streptococcal infection (PANDAS). Arch Pediatr Adolesc Med 2002;156 (4):36-61.
3. Diagnostic and statistical manual of mental disorders. 4 th ed. American Psychiatric Association, diagnostic, kriterier enligt DSM-IV . Washington DC, APA Svensk översättning .Sverige.1995.
4. Praktisk medicin, three doctors förlag. Tvångsyndrom. Sverige.2004; 418-420.
5. Regionalt vård program, Ångestsjukdomar, Stockholms läns landstingen. Sverige.2003.
6. Gail Steketep,Ph.D. Clinical Obsessive-Compulsive Disorder. Best Practices for Therapy .USA.1999.