
ھۆکارەکانی گرژبونی ماسولکە
ئا/ زانا آحمد قادر
ماسولکە ئەو ئەندامە گرنگەی جەستەیە کەتوانای وەستانو جوڵەمان پێدەبەخشێت، لەوەرزی سەرمادا گەرمی بەجەستەمان دەدات، ھەروەھا ئێسکو جومگەو جەستە بەگشتی لەزەبری دەرەکی دەپارێزێت.
بەوپێیەی دڵو ریخۆڵەو گەدەو ئەندامەکانی دیکەی جەستە بەگشتی، تەنانەت دەمارو بۆریەکانی خوێنیش تاڕادەیەکی زۆر لەچینو ریشاڵی ماسولکەیی پێکھاتون، پەیوەندیو کارلێککردنی بەردەوام ھەیە لەنێوان ماسولکەکانو تەواوی ئەندامەکانی دیکەی جەستەدا.
جەستەی مرۆڤێکی تەندروست ٦٥٦ ماسولکە لەخۆدەگرێت، تێکڕای ئەو ماسولکانەش لەڕوی چۆنایەتیەوە لەڕەگەزی نێرینەدا بەھێزترو قەوارە پڕترنو زیاتر توانای بەرجەستەبونیان ھەیە.
شایەنی باسە لەجەستەی نێرینەیەکی تەندروستدا ماسولکە رێژەی نزیکەی لەسەدا ٤٠ پێکدەھێنێت، لەکاتێکدا نزیکەی لەسەدا ٢٣ی جەستەی خانمان لەماسولکە پێکدێت.
بێگومان بەڕەچاوکردنی قەوارەو ئەرکە بێشومارەکانی ماسولکە، بونی ھەر جۆرێک لەنەخۆشیو کێشەیەک لەو ئەندامەدا کاریگەری گەورە بەگشتی لەسەر جەستەی مرۆڤ دروستدەکاتو لەتواناکانی کەمدەکاتەوە.
دیارە گرژبون لەکۆی کێشەکانی ماسولکەدا پشکی شێری بەردەکەوێتو زۆرجار سەرچاوەیەکە بۆ سنورداربونی جوڵەو دروستبونی ئازارو سڕبون لەجەستەدا.
ئەگەرچی بونی گرژی لەماسولکەدا سەرچاوەیەکە بۆ ئازارو ھەندێکجار ئاستەنگێک بۆ جوڵە، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە ھەمیشە ئاماژەیەک بێت بۆ بونی کێشەیەک لەخودی ماسولکەدا، ھەربۆیە بەردەوامبونی گرژیو ئازار لەماسولکەدا بۆ ماوەی زیاتر لەچەند ھەفتەیەک بەبێ بونی پێکانو زۆر ماندوکردنو ھۆکارێکی دیکەی ئاشکرا، پێویستە لەبری بەکارھێنانی دەرمانی ئازارشکێن بۆ کەمکردنەوە یان نەھێشتنی ئازار لەڕێی پەردەپۆشکردنی سەرچاوەی ئازارەکان لەمێشکدا بۆ ماوەیەکی کاتی، لەلایەن پزیشکو چارەسەرکاری پسپۆڕەوە بەدواداچونی بۆ بکرێت.
ھۆکارەکانی دروستبونی گرژیو ئازار لەماسولکەدا زۆر ھەمەجۆرو جیاوازن لەڕوی شێوازو ماوەی بەردەوامبونی ئازارو قەوارەی ئەو بەشانەی جەستە کە بەئازار دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک
ھۆکاری سەرەکی بونیان ھەیە، کەگرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
ھۆکارەکانی گرژبونی ماسولکە:
١. ماندوکردنی جەستە بۆ ماوەکی درێژخایەنو زیاتر لەتوانای ماسولکە.
٢. خەمۆکیو نائارامیو پەستانی دەرونی.
٣. بونی کێشەی وەک سوان، بەگیروەستان، لاوازیو ھەوکردن لەجومگەو بڕبڕەکاندا.
٤. بونی خواریو ناڕێکی لەئێسکەکاندا دەبێتەھۆی تێکچونی ھاوسەنگی ھێزو درێژی لەنێوان ماسولکەکانداو دواجار گرژیو بەئازاربونیان.
٥. تێکچونی سوڕی خوێن بەھۆی کەمی جوڵەو نەکردنی وەرزشەوە، تەنانەت پەستانی دەرونی، جگەرەکێشان، زۆرخواردنەوەی ئەلکحول، کەمی ئاوخواردنەوە، کەمخەوی، بەدخۆراکی و...ھتد لەو ھۆکارانەن کە لەڕێی تێکدانی سوڕی خوێنەوە ماسولکە دوچاری گرژیو ئازار دەکەنەوە.
٦. ھەوکردنی جومگەو کەمبونەوەی توانای جوڵە، لاوازی، کورتبونەوە، گرژیو بەئازاربونی ماسولکەی لێدەکەوێتەوە.
٧. کەمی مەگنیسیۆم لەجەستەدا یەکێکە لەھۆکارە سەرەکیەکانی دروستبونی گرژی لەماسولکەدا.
گوڵەبەڕۆژە، کاکاو، گوێز، مۆز، کێوی، ئەنەناس، سپێناغو برۆکلی لەخۆراکە دەوڵەمەندەکانن بەمەگنیسیۆم.
٨. نەخۆشیەکانی وەک لاوازی گورچیلە، پەستانی خوێنی بەرز، شەکرە.
٩. لاواز کارکردنی غوددە زۆرجار شەوانە دەبێتەھۆی گرژی و ئازار لەماسولکەکانی پوزدا.
١٠. ھەندێکجار گرژبونی ماسولکە لەکاتی حەوانەوەدا، دەگەڕێتەوە بۆ کەمی کالیسیۆم لەجەستەدا.
١١. داخزانی دیسکی نێوان بڕبڕەکان (انزلاق) ھۆکارە بۆ گرژیو ئازار لەماسولکەکاندا، زۆرجار سڕبونو ئازار لەقاچو قۆڵەکاندا لەنیشانەکانی داخزانی بڕبڕەو دیسکەکانن.
١٢. بونی کێشە لەڕیخۆڵەو گەدەدا ھەندێکجار گرژی ماسولکەی لێدەکەوێتەوە.
١٣. کێش زۆری ھۆکارە بۆ دروستبونی پەستان لەسەر بڕبڕەی پشتو جومگەکان بەگشتیو بەوھۆیەوە
دروستبونی گرژیو ئازار لەماسولکەدا.
١٤. پێکان لەوەرزش و ژیانی رۆژانەدا.
خۆپاراستنو چارەسەر:
١. باشکردنی سوڕی خوێنو بەھێزکردنی ماسولکە لەڕێی وەرزشی رۆژانەی بەردەوامەوە لەگرژیو ئازار دەمانپارێزێت.
٢. خۆپاراستن لەکێش زۆری، نەخۆشیەکانی وەک شەکرە، پەستانی خوێنی بەرز...ھتد.
٣. بەکارھێنانی دەرمانی مەگنیسیۆم، ئەگەر گرژی لەکەمی ئەو مادەیەوە سەرچاوەی گرتبێت.
٤. وەرگرتنی چارەسەری فیزیایی، مەساج، گەرمی، کارەبایی...ھتد، دژی ئازاری بەھێز بۆ ماوەیەکی کورتی کاتی دەکرێت دەرمانی ئازارشکێنیش بەکاربھێنرێت.
٥ . پێدانی خۆراکی بەسود، پشودانی پێویستو خەوی پێویست ماسولکە لەگرژبون دەپارێزێت.
٦. بەدواداچونو وەرگرتنی چارەسەر لەکاتی بونی ھەرجۆرێک لەنەخۆشیە ھەناوییەکاندا، کەزۆر گرژی ماسولکەیان لێدەکەوێتەوە.