ژمارەکانی تاقیگە
پشکنینی گـشـتـی مـیـز . . . ( G.U.E )

پشکنینی گـشـتـی مـیـز . . . ( G.U.E )

مەبەست لە شیکاری میز پشکنینی ئاوێتە جیاوازەکانییەتی، میز دەردراوی گورچیلەیە بۆ دەرەوەی لەش، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ھەر نیشانەیەکی نەخۆشییە پەیوەست بێت بە گورچیلەو میزەڕۆوە، گورچیلە دەکەوێتە پاڵاوتنی خوێ‌و کانزا‌و شلەو ماددەی دیکەی ناو خوێن‌و لەگەڵ میزدا دەری دەداتە دەرەوەی لەش، میز چەندین جۆر ماددەی تێدایەو لەش پێویستی پێیان نییە، خۆراکی ڕۆژانەو چالاکیی بەدەن‌و خواردنەوەو وەزیفەی گورچیلە کاردەکاتە سەری. شیکاری ئاسایی میز لە چەند مەسەلەیەک دەکۆڵێتەوە، گرنگە بۆ دەستنیشان کردنی نەخۆشییەکانی ھەوکردنی میزەڕۆو بەردی گورچیلەو لەکارکەوتنی گورچیلە.

پـشـکـنـیـنـی مـیـز و پـێـکـھـاتـەکـانـی :-
١- ڕەنـگـی مـیـز ( Colour ) :- چەندین ھۆکار ھەن دەبنە مایەی گۆڕینی ڕەنگی میز، بە تایبەتی بڕی شلەمەنی ناو لەش، گەر بڕی شلەی ناو لەش زۆر بوو، ئەوا ڕەنگی میز زەردێکی کاڵ دەبێت، بەپێچەوانەوە لەکاتی وشکبوونەوەو کەمی شلەمەنی ڕەنگی میز تۆخ دەبێت، لە وەرزی زستاندا مرۆڤ لەبەر ئەوەی ئارەق ناکاتەوەو زوو زوو دەچێتەسەر ئاو، ئەوا ڕەنگی میز زەردی کاڵە، بە پێچەوانەی وەرزی تاوسان کە مرۆڤ زۆر ئارەق دەکاتەوە، کەمتر دەچێتە سەر ئاو لەبەر ئەوە ڕەنگی میز زەردی تێرە، زۆر دەرمان‌و نەخۆشی لەوانەیە ببنەمایەی گۆڕینی ڕەنگی میز، گەر میز خوێناوی بوو(Hematuria) ئەوا ڕەنگی میز سوری تێر یا قاوەیی دەبێت.

٢-ڕوونـی مـیـز ( Appearence ) :- بە شێوەیەکی سروشتی میز ڕوونە، گەر بەکتریاو خوێن‌و سپێرم لە میزدا ھەبوون، ئەوا لێڵ دەبێت.
بۆن: میز بە زۆری بۆنی تیژە، ھێندێ نەخۆشی دەبنە مایەی ھەرچی زیاتر بۆگەنی‌و تیژبوونی بۆنەکەی، لەوانە نەخۆشی بۆماوەیی زیندەچالاکیی (میتابۆلیزم) لە مندالاندا کە لەوانەیە میز بۆگەن بکاتک وەک بۆنی مشک، ماسی بۆگەنیوو، ھەوکردنی میزەڕۆیش میز بۆگەن دەکات،
نەخۆشی شەکرەیش وا لە میز دەکات بۆنی میوەی لێ بێت.

٣-کـێـشـی جـۆری ( Specific Gravity ) :بڕی ماددەی ڕەق کە لە میزدا ھەیە، بەڵگەی توانی گورچیلەیە لە خەستکردنەوەی شلەمەنی بۆ ناو میز، گەر کێشی جۆری بەرزبووەوە مانای زۆربوونی ماددەی ڕەقی ناو میزە، بەڵگەی کەمی شلەی ناو لەشە، بەڵام بە دابەزینی کێشی جۆری مانای زۆری شلەمەنی ناو لەشە.

٤- پـلـەی تـرشـێـتـی ( pH ) :- زانینی ڕادەی ترشێتی‌و تفتێتی میزە، پلەی ترشێتی ھاوسەنگ نە ترش‌و نە تفت حەوتە، میز ترشە گەر گەر لە ٧ کەمتر بێت، تفتە گەر لە ٧ زیاتر بێت، بە شێوەیەکی ئاسایی میز ترشە، پلەی ترشێتی میز ٦-٦.٥ ە، چەند ھۆکاری وەک خۆراک‌و ، کاردەکەنە سەر پلەی ترشێتی، ھێندێ جۆری بەرد لەوانەیە لە پلەی ترشێتی زۆر نزم یا زۆر بەرزدا دروست ببن، چارەسەریش ھەر خواردنی خۆراکێکە پلەی ترشێتی ڕابگرێت.

٥- پـڕۆتـیـن ( Protien ) :- بوونی پڕۆتین لە میزدا ئاسایی نییەو بەڵگەی چەندین حاڵەتی وەک ھەوکردنی میزەڕۆو تاو نەخۆشی شەکرەو ھەوکردنی گورچیلەو لەکارکەوتنی توند یا درێژخایەنی گورچیلەیە.

٦- گـلـوکـۆز ( Glucose ) :- شەکری ناو خوێن بە گلوکۆز ناو دەبرێت، بە شێوەیەکی سروشتی بڕێکی زۆرکەمی لێ دەڕژێتە ناو میز یا ھەرگیز ناڕژێتە ناو میز، گەر مرۆڤ دووچاری نەخۆشی شەکرە بوو، ئەوا بڕێک شەکرە دەڕژێتە ناو میز، نەخۆشی دیکەی گورچیلە لەوانەیە ببێتە مایەی ڕژاندنی شەکر بۆ ناو میز.

٧- نـایـتـریـت ( Nitrite ) :- کاتێک میزەڕۆ ھەو دەکات، بەکتریاو میکرۆب دەکەونە شیکردنەوەی نایترەیت(Nitrate)ی ناو میز بۆ نایترایتی دەگۆڕن، کە ھەردووکیان دوو ئاوێتەی نایترۆجین، نابێ لە میزدا ھەبن، بوونی نایترایت بەڵگەی ھەوکردنی میزەڕۆیە.

٨- بـیـلـیـرۆبـیـن (Bilirubin) :- یەکێک لە پێکھاتەکانی ھیمۆگلۆبینی خوێنە لە ناو لەشدا، لە ئەنجامی شی بوونەوەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن پەیدا دەبێتک دەڕژێتە ناو پیسایی‌و بە شێوەیەکی سروشتی نابێت لە میزدا ھەبێت، بوونیشی لە پیسایدا لەوانەیەی بەڵگەیەکی نەخۆشییەکانی جگەر بێت.

٩- خـڕۆکـەی سـپـی خـوێـن (WBC , Puss Cell): خڕۆکەی سپی خوێن نابێ لە ناو خوێندا ھەبێت، بوونیشی لەوانەیە بەڵگەی ھەوکردنی میزەڕۆ ، یا ھەوکردنی گورچیلە بێت.

١٠- کـیـتـۆن (Ketones Body) :- تەنەکانی کیتۆن بەرھەمی شیبوونەی چەوری ناو لەشە، لەوانەیە بڕێکی کەمی لە میزدا ھەبێت، زۆربوونیشی لەوانەیە ترشی کیتۆنی شەکرە (Diabetic Ketoacidosis) بارێکی ترسناکی بەرزبوونەوەی توندی شەکرەی خوێنە، بوونی کیتۆن لە میزدا بەڵگەی برسێتی زۆر یا ڕشانەوەی توندو بەردەوامە.

١١- خـڕۆکـەی سـوری خـوێـن ( RBC, Red Blood Cell ) :- بە شێوەیەکی سروشتی لە میزدا نییە، ھەبوونیشی بەڵگەی ئەم نەخۆشییانەیە:
ھەوکردنی میزەڕۆ. نەخۆشی گورچیلە. ھەوکردنی گورچیلە. لووی گورچیلەو میزەڕۆ. ماندوێتی زۆر. ھێندێ جۆری دەرمان. ھەروەھا چەندین ھۆکاری دیکە کەم بڵاون.

شیکاری میز بە مایکرۆسکۆب:
شیکاری میز بە مایکرۆسکۆب تەواوکەری شیکاری دیکەی میزە، نموونەیەکی میز وەردەگیرێ دەخرێتە ژێر مایکرۆسکۆبەوەو بە lenss ١٠ دەیدۆزینەوەوە بە lenss ٤٠ ئەنجامەکەی دەخوێنینەوە و بەدووی ئەمانەدا دەگەڕێین:-
١- خـانـەکـانـی خـوێـن :- سپی‌و سوور، ھەبوونیان بەڵگەی ئەو نەخۆشیاننەن پێشتر ئاماژەیان پێ کراوە.
٢- کـاسـت: (Cast) :- ھێندێ نەخۆشی گورچیلە دەبێتە مایەی کەڵەکە بوونی ھێندێ ماددە لە ناو میزداو شێوەیەکی لوولەکی وەردەگرێ، لەوانەیە ئەم لوولانە خرۆکەی سپی، سوری خوێن یا چەوری یا پڕۆتین بێت، کاست بەڵگەی چەندین نەخۆشییەو یاریدەی دەستنیشان کردنی دەدات، بە پێی جۆرو شێوەیان.
٣- کـریـسـتـاڵ (Crystal) :- میزی کەسێکی لەشساخ کەمیَ لە کریستاڵی تێدایە، بەڵام گەر بڕەکەی زۆر بوو ئەمە بەڵگەی ھێندێ نەخۆشییە بە تایبەتی بەردی گورچیلە، ھەروەھا بەڵگەی ھێندێ نەخۆشیی میتابۆلیزمە (Metabolic Disease).
٤-میکرۆب ( Microbe ) :- ھەبوونی میکرۆب بە گشت شێوەکانییەوە بەکتریاو کەڕوو و مشەخۆر بەڵگەی ھەوکردنی جۆگەی میزەڕۆو گورچیلەن.

#زانستی_تاقیگەی_پزیشکی

799 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/04/2017
زیاتر...