رێنمایی تەندروستی
کانیولا دانان

لێکەوتە خراپەکان(کاریگەرییە لاوەکییەکان)ی کانیولا دانان چین؟

ئەگەرەکانی روودانی گانگرین و بڕینەوەی دەستی ئەو کچە کامانەن؟

کانیولا ئامێرێکی پزیشکییە، جۆری جیاواز و قەبارەی جیاوازی ھەیە، لە شوێنە جیاوازەکانی لەشدا زۆربەی کات دەکرێت بەناو خوێنھێنەرێکدا و لەڕێگایەوە چارەسەری پزیشکی دەدرێت بە نەخۆش یاخود بۆ چاودێریکردنی باری نەخۆش بەکاردێ. لە ھەندێ حالەتی دەگمەندا کە پزیشک دیاری دەکات و بۆ جۆری تایبەتی نەخۆشی و پرۆسەی تایبەتی پزیشکی کانیولا لەناو خوێنبەردا دادەدنرێت.
دوو جۆری سەرەکی لوولەی خوێن ھەیە؛ 

خوێنبەر: خوێن لە دلەوە دەبات بۆ ئەندامەکانی لەش، خوێنەکەی بە گوژمە و پڕ ئۆکسجینە و بەزۆری شوێنی ئەم جۆرانە لەقوڵی شانەکاندایە.

خوێنھەنەر: خوێن لە لەشەوە دەباتەوە بۆ دڵ، خوێنەکەی تەوژمی کەمە و کەم ئۆکسجینە و بەزۆری شوێنەکانیان ڕووکەشە.

لێکەوتە خراپەکان(کاریگەرییە لاوەکییەکان)ی کانیولا دانان:

یەکەم\
دەڵاندن(لێچۆڕان): چوونە دەرەوەی دەرمان یا ئەو شلەیەی کە بەکانیولاکەدا دەدرێت بە نەخۆسەکە بۆ دەرەوەی خوێن ھێنەرەکە. واتا دەرمانەکە لەبری ئەوەی بچێتە ناو خوێنھێنەرەکەوە بەشێکی یا ھەمووی دەجێتە ناو خانە و سانەکانی دەوروبەری خوێن ھێنەرەکە و لەوێدا کۆدەبێتەوە. ئەمەش چەند کاریگەرییەکی لاوەکی درووست دەکات کە بەپێی جۆری دەرمانەکە دەگۆرێت، ڕەنگە ئاوسان و ئازار و بڵق درووست بکات. بەشێوەیەکی گشتی گەر دەرمانەکە مەترسیدار نەبێت کێشەیەکی ئەوتۆ درووست ناکات و زوو شوێنەکەی چاک دەبێتەوە.
دووەم\
ھیماتۆما(شینبونەوە و کۆبونەوەی خوێن): کاتێک لێچوونێک لە خوێنھێنەرەکەدا درووست ببێت بەھۆی چەندجار کونکردن، دەبێتە ھۆی ئەوەی خوێن لە خوێنھێنەرەکەوە دزە بکات بۆ خانەوشانەکانی دەوروبەری و بیئاوسێنێت و شینی بکاتەوە. ئەم حالەتە ئەگەرچی ڕەنگە ئازار و شینبونەوە درووست بکات بەڵام زۆر مەترسیدار نییە و ماوەی ھەفتەیەک بۆ دوو ھەفتە چاک دەبێتەوە.
سێییەم\
درووستبوونی بڵقی ھەوا: ئەگەرچی حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە بەڵام ھەندێجار بەھۆی بەتاڵ نەکردنەوەی سرنج و سێتەکانی کە بە کانیولاوە دەبەسترێن لە ھەوا، ڕەنگە بڵقێکی ھەوا درووست ببێت و بەناو سووڕی خوێندا بڕوات و کارەساتی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە. بڕی پێویست بۆ درووستبوونی بڵقی ھەوا بریتییە لە یەکژ سیسی ھەوا بۆ ھەر کیلۆگرامێکی کێشی لەش، واتا بۆ کەسێکی ١٠ کیلۆگرام دەبێت ١٠ سیسی ھەوا بچێتە ناوی تا مەترسی گەورە درووست بکات. ئەم حالەتە زیاتر لە منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵ مەترسیدارە و بڕێکی کەم دەکرێ مەترسی درووست بکات.
چوارەم\
ڕەقبوون و ھەوکردنی دیواری خوێنھێنەرەکان: ھەندێ دەرمان راددەی ترشی و تفتییەکەیان لەوپەڕیدایە و دەبێتە ھۆی کارلێککردن لەگەڵ دیواری خوێنھەنەرەکە و ڕەقبوون و ھەوکردنی. ھەندێجار دەرزی کانیولاکە دەبێتە ھۆی وروژاندنی دیوارەکە و ھەوکردنی لە دەکەوێتەوە.
ئەم حالەتە زۆر باوە و بەزۆری لەپشتی دەستدا ڕوو دەدات و چارەسەرەکەی بەھۆی بەرزکردنەوەی دەست، گەرمکردنی شوێنەکە و پێدانی دەرمانی دژە ھەوکردنی نا ستیرۆیدی دەبێت.
پێنجەم\
تێکردنی دەرمان بۆ دەرەوەی خوێنھێنەرەکە: ھەندێجار سەری دەرزی کانیولاکە دەچەتە دەرەوەی خوێنھێنەرەکە و ڕاستەوخۆ دەرمانەکە دەکرێتە خانە و سانەکانی دەوروپشتی، جا ئەگەر دەرمانەکە ترشی و تفتییەکەی لەڕاددەبەدەر بێت و زۆر بەرز یا زۆر نزمبێت ھەوکردن و وروژاندن درووست دەکات. ھەندێجاریش دەیئاوسێنێت و ڕەنگە ببەتە ھۆی پەستان خستنە سەر خوێنبەرەکان و خوێن بۆ خانەوشانەکانی خوار خۆی ناچێت و گەر چارەسەر نەکرێ دەبێتە ھۆی گانگرین. لێدانی دەرمانی پرۆکاین لە شوێنەکە چارەسەری ئەو حاڵەتە دەکات.
شەشەم\
کونکردنی خوێنبەر لەبری خوێنھێنەر: لەبەرئەوەی لەزۆرێک لەشوێنەکاندا خوێنھێنەر و خوێنبەرەکان لە یەکترییەوە نزیک دەبنەوە، گەر کەسێکی شارەزا کانیولا دانەنێت رەنگە کانیولاکە بکات بە خوێنبەرەکدا، ئەم حالەتە زۆر مەترسیدارە و باشترین رێگا ئەوەیە خۆپارێزی زۆری بەرامبەر بکرێت.
چونکە دانانی کانیولا لەناو خوێنبەر دەبێتە ھۆی تەسکبونەوەی خوێنبەرەکە و گیرانی و سەرەنجام خوێن بۆ خانەوشانەکانی دەوروپشتی ناچێ و گەر زوو چارەسەر نەکرێ دەبێتە ھۆی گانگرین و بڕینەوەی دەست سەرەنجامەکەیەتی.

چارەسەری ئەم حالەتە پێویستی بە پسپۆڕی تایبەتی نەشتەرگەری لولەکانی خوێن ھەیە، بەس بەشێوەیەکەی گشتی کە دەرزیت کرد بە خوێنبەردا:

-دەرزییەکە دەر مەھێنەرەوە و لەشوێنی خۆی بیھێلەرەوە.
-١٠ سیسی لەسەدا یەکی پرۆکاین بکە ناو کانیولاکەوە.
-پێویستە نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە بھێڵرێتەوە و سیستمی دەماری سامپساوی بلۆک بکرێ.
-ھەندێجار (ھێپارینایزەیشن) پەدانی ھێپارین ڕەنگە پێویست بێت.
-ھەندێجار پەویست دەکات بەشێک لە خوێنبەرەکە ببڕدرێت و دوو سەرەکەی تر پێکەوە گرێ بدرێن.

نیشانەکانی بەر لە درووستبوونی گانگرین چین؟
گانگرین بەھۆی نەچوونی خوێن بۆ شانەکانەوە ڕوودەدات جا بەھۆی گیران یا ھەر ھۆکارێکی ترەوە بێت. بۆیە بەر لە درووستبوونی گانگرین چەند نیشانەیەک ھەیە:
-شوێنی گیرانی بۆرییە خوێنەکە سارد دەبێت.
-ھەڵدەبزڕکێ(ڕەنگی نامێنێت) و سپی دەبێ.
-شوێنەکانی پێوانی لێدانی دڵ لەخوار شوێنی گیرانەکەوە ھەستیان پێناکرێت.
-پڕبونەوەی ملولەکانی خوێن کاتی زیاتر دەخایەنێت، کاتێک پەستان بخەیە سەر سەری پەنجەکان و لای ببەیت دەبینیت سپی دەبێت و لە ماوەیەکی کەمدا(٢-٣ چرکە) ڕەنگی ئاسایی دەبێتەوە، لەکەسێکدا کە بۆرییەکانی گیرابێت گەڕانەوەی رەنگەکە زۆرتر دەخایەنێت.
-بەرەبەرە ڕەنگی شوێنەکە دەگۆڕێت بەرەو سوور و شین و ئازاری زۆری لێ پەیدا دەبێت.
دوای ھەموو ئەوانە کە نزیکەی چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت گانگرین ڕوودەدات.

ئامادەکردنی // دکتور محمد سید علی برزنجی
#زانستی_تاقیگەی_پزیشکی

1636 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/04/2017
زیاتر...